پاراستنی تەواوییەتی ئەرزیی داگیرکەران لە شەرمەوە بۆ شانازیی!

ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
30-09-2023

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گەلی کورد لە هەر چوار بەشی داگیرکراوی کوردستان بەتایبەت لە باکوور و ڕۆژهەڵات لەژێر فشارێکی کەموێنەی مێژووی خۆیاندا بوونە. ئەم فشارانە لە باکوور بەتایبەت دوای تێکچوونی پرۆژەی ئاشتیی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی ئەردۆغان بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک تەنانەت لە دووکان و بازاڕیشدا نەوێرن بە ئاشکرا بە زمانی کوردیی قسە بکەن، تا بگا بە ئیدارە و شوێنە فەرمییەکان. لە ڕۆژهەڵات خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کەوتوونەتە ژێر فشاری ئابووری و سیاسەتە چەوتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام بەخۆشییەوە خەڵک زۆر وشیارترن لە ڕابردوو و زیاتر لە پێویستیی کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێگەیشتوون و ئەمەش لە دروشم و ئامانجەکانی شۆڕشی ژینادا بەرچاو و حاشا هەڵنەگر بوو. باسی ڕۆژئاوای کوردستان و باشوور زۆر ناکەم کە چەندە خاکیان لەدەست داوە و چەندەش لە هەموو بووارێکەوە لە پاشەکشەدان بەتایبەت باشوور کە هەموو مانگێک دەبێ پووەنێکی تازە بدەن بە بەغدا تەنیا بۆ ئەوەی مووچەی کارمەندانیان بۆ بنێرن. پووەنێک کە لەم دواییەدا بۆ ئەم بابەتە دایان بریتی بوو لە پاشاکشەکردن بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و سەپاندنی ویستی کۆماری ئیسلامی لەم ناوەدا. ئەمانە زۆربەی خەڵک لێی ئاگادارن بەڵام ئەوەی بۆ من گرینگە لەم کورتەباسەدا، باسی پاراستنی تەواوییەتی ئەرزیی داگیرکەرانە کە ماوەیەکە لە لایەن حیزبە بەناو سەرەکییەکانی کوردستانەوە لە شەرمەوە بۆتە شانازیی و تەنانەت وەک ئامانجیش باسی لێوە دەکەن!

بەڵێ بەڕاستی جێی داخە کە پاراستنی تەواوییەتی ئەرزیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بۆتە ئامانجی سەرەکیی حیزب و لایەنە بەناو سەرەکییەکانی کوردستان. ئەوڕۆ لە هیچ بەرپرسێکی حیزبە بەناو سەرەکییەکانی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوە و باس لەگەڵ داگیرکەران یا ئۆپۆزیسیۆنی داگیرکەر یا لە مێدیایەکی فارسی، تورکی یا عەرەبی نایبیسین کە کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە و دەبێ ڕزگار بکرێت. بەپێچەوانەوە پاراستنی چوارچێوەی وڵاتانی داگیرکەر بۆتە ئامانج و ئەرکی ئەم حیزبانە و با ئاشکرا بەرگریی لێ دەکەن!

پرسیار ئەوەیە: ئەی کوردستان چی؟ ئایا کوردستان پێویستیی بە ڕزگاریی و تەنانەت پاراستنی چوارچێوەی ئەرزیی نەماوە و نییە؟ چۆنە ئەم وڵاتە داگیرکەرانەی کوردستان دوای ئەم هەموو جینایەتەیان لە ئاست کورد و نەتەو بندەستەکان، هەموویان چوارچێوە و پاراستنی ئەرزییان پیرۆز بووە و هی کوردستانیش بۆتە مایەی شەرمەزاریی؟ چۆن ئەبێ هەر کات فشارێک لە لایەن داگیرکەرێکەوە بۆ لایەنێک یا چەند لایەنێکی کوردی هات، باسی مافی سەربەخۆیی کوردستان و تەنانەت دیارییکردنی چارەنووس و هەموو ئامانجە پیرۆزەکانی ڕابردوو و ئەوڕۆش لەیاد بکرێن و دروشمی پاراستنی ئەرزیی وڵاتانی داگیرکەر، ئەو دروشمەی پان ئێرانیست و پان عەرەبیست و پان تورکەکان گەورەترین و قێزەونترین جینایەتیان لە دژی کورد و نەتەوەکانی تر و لەپێناو پاراستنیدا کردووە، ببێتە ئامانجی پیرۆزی ئەم حیزبە بەناو کوردییانە؟ ئەی ئێوە ئەم هەموو ڕۆڵەی کوردەتان بۆ بە کوشت دا و ئەمڕۆش خۆی پێ هەڵدەکێشن و بە شەهیدی خۆتان ناویان ئەبەن؟ بۆ پاراستنی تەواوییەتی ئەرزی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان؟ ئایا ئەم خەڵکەی گیانیان بەخت کرد بۆ ئەمە بوو؟ بابەتەکە ڕوونە و پێویستیی بە درێژ کردنەوە نییە. ئامانجەکە دەسەڵات و ئیمکانات گرتنەدەست و خۆفەڕزکردن بەسەر خەڵک و ناوچەیەکدا و عەشیرەتگەریی مۆدێرن بە ناوی کوردایەتیی بە خەڵک فرۆشتنەوە و دروشمی قەبە و بێکەڵک! ئاشکرایە لەوە زیاتر هیچ ئیستراتیژییەکی ڕزگاریی و کوردستانییتان نییە!

گەلی خاک و نیشتمان داگیرکراوی کورد!

گەلۆ پاراستنی تەواوییەتی ئەرزیی کوردستان لە سایەی ئەم حیزبانەدا کە هەموو ڕۆژێک لە مێدیای خۆیان و لە بەشێک لە مێدیای ئۆپۆزیسیۆنی دژە کوردی داگیرکەرانیش سوێندی پاراستنی ئەرزیی چوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان دەخۆن، چی بەسەر دێت؟ بۆچی پێوەندیی ئەم حیزبانە لەگەڵ حیزب و لایەن و تەنانەت دەوڵەتانی سەر وە نەتەوەکانی داگیرکەری تورک و فارس و عەرەب زۆر باشتر و پتەوترە تا لەگەڵ لایەن و خەڵکی دڵسۆز و سەربەخۆخوازی کورد لە کوردستان و تەنانەت پەراوێزیشیان ئەخەن؟ بۆچی پەدەکە و پەکەکە و حەدەکە و یەنەکە و پەیەدە و پەژەکە و کۆمەڵەی موهتەدی لە هەموو شوێنێک بە ئاشکرا و بە شانازییەوە پشتگیریی تەواوییەتی ئەرزیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دەکەن و لە جێی شەرم بە شانازییەوە ئەڵێن کە جیاخواز نیین و بەرگریی لە یەکپارچەیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان ئەکەن و پاراستنی کوردستان و یەکپارچیی و تەنانەت چوار پارچەییەکەشی وەلا دەنێن؟ گەلۆ ئەم حیزبانە بەکاری چی نەتەوەی خاک وڵات و زمان و کولتوور داگیرکراوی کورد دێن ئەگەر ئامانجیان ڕزگاریی کوردستان نەبێت لە ژێر پۆستاڵی داگیرکەران و بە کردەوەش هەنگاوی بۆ نەنێن؟

پێویستە ئامانج و دروشمی ئێمە هەتا مردن  و هەتا ڕزگاریی کوردستانیش هەر ئەوانە بن:

باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات، یەک وڵات و یەک خەبات!

بەڵێ بۆ کوردستانێکی ئازاد، دادپەروەر، یەکسان و سەربەخۆ!

ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی

٢٠٢٣/٠٩/٣٠