هێرشی هۆڤانەی تورکیەی داگیرکەر بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکەین!

یەکسانی
08-10-2023

ماوەی چەند ڕۆژێکە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە بە بیانووی چالاکیی چەکدارانەی دوو گەریلای پەکەکە لە ئانکارا، بە فڕۆکە و چەکی قورس و بێوەستان ڕۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەکانی باشووری کوردستان بۆردومان دەکات!

سوپای داگیرکەری تورک لەم ماوەیەدا بە تۆپهاوێژ و فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەردەوام شار و گوندەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانیان بۆردوومان دەکەن و جگە لە کوشتنی دەیان هاووڵاتیی سیڤیل و بریندارکردنی سەدان کەس، ژێرخانی ئابووریی و سەرچاوەکانی ژیانی خەڵکیشیان لە ڕۆژئاوا کردووەتە ئامانج.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هێرشە نامرۆڤانەیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و لایەنگرانی ئاشتیی و مافی مرۆڤ دەکات لە هەنبەر ئەم تاوانکارییانەی ڕژێمی فاشیستیی تورکیە بێدەنگ نەبن و بۆ ڕاگرتنی هەرچی زووتری ئەم هێرشە کۆکوژییە خوێناوییانە لە هیچ هەوڵێک درێغی نەکەن.

ئەمڕۆکە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی لە ڕۆژاوا پێویستییان بە فریاکەوتن و هاوکاریی مرۆیی دەستبەجێ هەیە، چونکە لە ئەنجامی بۆردومانی شار و گوندەکان ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی سیڤیل گیانیان لەدەست داوە و خەڵکێکی زۆریش بریندارن و وێرانکرانی نەخۆشخانە و سیلۆ و سەرچاوەکانی ئاو و وێستگەکانی کارەبا دۆخێکی زۆر تراژیدیکی هێناوەتە ئاراوە.

نا بۆ فاشیزم و داگیرکاریی!

نا بۆ شەڕ!

سەرکەوێت بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

07/10/2023