هۆکارەکانی بەدەوڵەتنەبوونی کورد!

سیروان کاوسی
2013-10-10

 

ئەم وتارە پێشەکیی پڕۆژەی کتێبی تازەمە بەناوی ''هۆکارەکانی بەدەوڵەتنەبوونی کورد'' ، هەر جارەو بەشێکی بڵاودەکەمەوە، تا لەدەرفەتێکدا کۆیبکەمەوە و لەچاپی بدەم. هیوادارم شیاوی خوێندن بێت!

مێژووی دێرینی گەلان بەگشتی تەژییە لەتێکهەڵپرژان و سەرکەوتن و هەڵەنگوتن و نووچدان و سەرهاتیی دڵتەزێن، هزر و رامان ومێتۆلۆژیا و کۆمەڵەچیرۆکی جۆراوجۆر کە دەماودەم هاتوون و لەدرێژایی زەماندا مێژوو، شارستانێتی، ئاین و کولتوور و داونەرێتی گەلانی ئەوڕۆیان لەسەر بنیادنراوە. مێژووی دوور و نێزیکی کورد بەهۆی ژێردەستی و نەبوونی کیانی سەربەخۆی کوردی و، پێڕەوکردنی سیاسەتی پاکتاوی رەگەزیی هەر لەسەدەکانی کۆن و ناوەڕاستی زاینەوە کە بندەستی سێ ئیمپراتۆریی ئیسلامیی عەرەبی و ئێرانی و تورکی بوو، دواتریش لەسەدساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی سیستەماتیک لەلایەن رژێمەکانی داگیرکەرییەوە بەرەوڕووی جێنۆسایدی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و رەگەزی و تالانکاری و تووناکردنی ئاسەواری بووەتەوە و هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ ئەوەی مێژووی راستینەی ونکرێ و بشێوێندری.

ئەگەرچی زۆرینەی کورد رەچەلەکی خۆمان دەبەینەوە سەر ئیمپراتۆریی مادەکان و، شانازیی بەرابردووی خۆمانەوە دەکەین، بەڵام کەم نین ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەی کورد و بیانی کە دەڵێن: چ پێوەندییەکی رەگەزیی لەنێوان کورد و مادەکاندا نەبووە و نییە و، باوەڕیانوایە بنەچە و رەگەزی کورد لەو هۆز و گەلانە پێکهاتووە کە پێش هاتنی ئاریاییەکان لە باکووری قەفقازیاوە بەرەو هێندستان و پەلاتی ئێران، لەزنجیرەچیاکانی زاگروس و ئەو ناوچەیە ژیاوە کە لەیۆنانی کۆن بە ''میسۆپۆتامیا (1)'' نێوی هاتووە.

مێژوونووسانی کورد و بیانی، هەروەها نووسەرانی سەر بە داگیرکەرانی کوردستان، سەبارەت بە رەچەڵەک و پەیدابوونی کورد بۆچوونی جیاواز و دوور لەیەکیان هەیە، لەنێویاندا ئەوانەی وا بەشێوازێکی زانستی لەمێژووی کەونارانی کوردیان کۆڵیوەتەوە، دەڵێن: رەگەزی ئێستای کورد تێکەڵاوێکە لەو هۆز و گەلەخەڵکانەی وەک: گۆتی، لۆلۆ، کاشی، ئیلامی، ئایری، هەتیتی، سۆمەری، خۆری، میتانی، یۆنانی، بابلی و ... هتد، کە پێش هاتنی هۆزی ''ماد'' لەو ناوچەیە ژیاون، یان بەهۆی شەڕوشۆر و داگیرکارییەوە ئاوێتەی یەکبوونە و، دوای شۆڕبوونەوەی ئارییەکانیش بۆ هەرێمەکە، لەگەڵ رەگەزی ئاری تێکەڵبوونە و، پاش هەزاران ساڵ، ئەم گەلەی لێخولقاوە کە ئەوڕۆکە پێیدەگوترێت: ''نەتەوەی کورد''. لەلایەنی باوەڕی ئاینیشەوە چەند هەزارساڵێک بەرلەئەمڕۆ و، پێش هاتنی ئاینی ئیسلام، میسۆپۆتامیا و زنجیرەچیای زاگرۆس ناوەندی چەندین ئاینی وەک میترایزم و زەردەشتی و بوودیزم و مووسایی و عیسایی و مانیزم (2*) و مەزدانیزم (3*) بووە، دوای هاتنی ئیسلامیش چەندین ئاینی خۆجێی وەک یاری و ئێزدی و ئارەویی سەریانهەڵداوە لەڕووی مێژوی شارستانییەوە، کوردستان بەیەکێ لەکۆنترین ناوچەکانی خاوەن شارستانێتی جیهان هەژمار دەکرێت(4*).

لەپێوەندیی لەگەڵ زمانی کوردیدا، کۆنترین شێوەی وشەی کورد لەنێو نووسراوەی کۆنی ''بزماری'' تاکو ئەوڕۆ دۆزرابێتەوە لەشێوازی نووسینی ''مات کورداکی'' داهاتووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی سێی پێشزاین. وشەی ''مات'' بەمانای هەوارگەیە و، ''کی'' نیشانەیەکی کۆنی سۆمەرییە و مانای ''زەوی'' بووە.

یەکێ لەو هۆزانەی پێش هاتنی ئارییەکان، لەکوردستان و لەرۆژاوای ئێستای کوردستان توانیویانە بۆ ماوەی هەزارساڵێک حکوومەتێکی بەهێز دامەزرێنن و، هۆزەکانی دەوروبەریش بخەنەژێر ڕکێفیانەوە، هۆزی هۆری (خۆری) بوون، زمانەکەشیان زمانی زاگرۆسی بووە و، لەڕەوتی خۆیدا نێوی ''ئۆرارتوو'' یلێنراوە. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە خۆرییەکان بەزمانی خۆری و ''ئەکەدی'' بۆیان بەجێهێشتووین، دەردەکەوێ شوێنی نیشتەجێبوونیان هەر ئەم کوردستانەی ئێستابووە (5*).

هەر لە سەدەکانی پێش زاینەوە لەلایەن ئاشورییەکانەوە نێوی کورد بە ''KURHI'' هاتووە، دواتریش نێزیک بە سێ سەدە پێشزاین لەلایەن مێژوونووس و فەرماندەکانی یۆنانی کۆنەوە وەک ''گزەنفۆن'' فەرماندەی دەهەزار سوارەی یۆنانی، مێژوونووسانی وەک ''هێرۆدۆت'' و ''پۆلیپ'' و ''بەتلەمیۆس'' وە, نێوی ''مارد'' و ''کورت''، ''کورتچەکە'' (KURCHEKE) و ''کوردیک'' (KURDIKH) و ''کۆردووک'' (KURDUKH) هێنراوە کە لە کوردستانی ئێستا و ئازەربایجان (ئاترۆپاتاکان) ژیاون.

لەگەڵ پەرەسەندنی قۆناخی کۆیلایەتی و شەڕوشۆر و پەلاماردانی هۆز و گەلان بۆ داگیرکردنی زەویوزاری بەپیتوبەرەکەت و نیشتگە و حەشیمەتی یەکتر، شار و کۆشکوتەلار و پێگەی سەربازی و چینی دەستڕۆیشتوو و، پلەنزم و پیشەوەر و جۆتکار پەیدابوون، لەمەوە قۆناخی فیۆدالیزم سەریهەڵدا بەڵام کۆیلەکردنی مرۆڤەکان وەک رابردوو مایەوە و لەکاتی داگیرکردنی وڵاتاندا خەڵکەکەی دەبوونە کۆیلە و لەسازکردنی کۆشکوتەلار و قەڵاوە هەتاکو خزمەتکردنی ئاژەڵ و باخداری و پەرەپێدانی کشتوکاڵی و بەردەستیکردنی چینەکانی گەلی باڵادەست بەکاردەهێنران.

شانبەشانی ئەم گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەلایەتییانە، لەنێو هۆز و گەلانی جۆراوجۆردا، بەپێی تێگەیشتنی ئەوکاتیان سەبارەت بە سروشت و رووداوەسروشتییەکان و ئاسمان و دەوروبەری خۆیان و، بەپێی هەلومەرجی ژیان و رامان و بیرکردنەوەیان، ئاینی جۆراوجۆری وەک میترایزم و زەردەشتی و بوودیزم و مووسایی و عیسایی پەیدابوون. پێشەنگ و پێڕەوانی نێزیکی ئەم ئاینانە هانی خەڵکیان دەدا باوەڕیان پێ بهێنن و، پشتگیریی لە رێبازەکەیان بکەن، لەمەوە چینی ئاینی سەریهەڵدا. بەرەبەرە ئەم ئاینە تازانە لەنێو هۆز و گەلانی خۆیاندا بوون بە ئاینی فەرمیی. پێشەوای ئاینی و پاشا و دەسەلاتدارانیش بەمەبەستی پەرەپێدانی ئاینەکەیان، هاوکات بەنیازی داگیرکردنی وڵاتانی رەنگینوزەنگین، خەڵک وپێڕەوانی خۆیان خستەڕێ و، لەشکرکێشیی ئەو جارەیان بەناوی ئاینەوە بۆ سەر یەکتری دەستیپێکرد. ئەم دیاردەیە بەتایبەتیی لەسەردەمی پەیدابوونی ئاینی عیسایی و دواتر لەکاتی پەیدابوونی ئاینی ئیسلام، پەرەی سەند و داگیرکردنی وڵاتانی دی، بەنێوی فەرمانی خودێ و شەڕی رەوا وپیرۆز لەدژی ''کافران'' و نەیاران لەقەڵەم درا.

دوای ئەوەی پێغەمبەری ئیسلام - محەممەد بەچەند شێوازێک، لەماوەی بیستوچەند ساڵێک ئاینی ئیسلامی لەعەرەبستاندا بلاوکردەوە، ئەوجا جێنشینەکانی، بۆ بەهێزترکردنی رێبازەکەی دەستیانکرد بەلەشکرکێشی بۆ سەر گەلانی ناموسڵمان. لەسەردەمی ''عومەری فارۆق'' (عمر ابن خطاب) کە پاش خەڵیفە ئەبووبەکر لەساڵی 634 بۆ 644 ی زاینی بوو بەخەڵیفەی دووەم، هێرشی موسڵمانان بۆ سەر ئیمپراتۆری ساسانی و کوردستان و میسر و سووریا دەستیپێکرد. دوای تێکشکانی ئیمپراتۆریی ساسانی و داگیرکردنی وڵاتانی میسر و ئێران و وڵاتی سووریا، بەربەرەکانێی گەلی کورد لەزۆربەی ناوچە و هەرێمەکانی کوردستان دژ بە سوپای عەرەب ساڵانێکی زۆر درێژەیکێشا. شەڕ و پێکدادانی کوردانی زەردەشتی بەسەرۆکایەتیی ''فەڕۆخپاشا'' لە بنگرد و دۆڵی مەرگە و چیاکانی ''ئاسۆس''، لەدژی سوپای ئیسلام بەفەرماندەیەتیی ''سعد ابن ابی وقاص'' لەساڵی 635 بۆ 640 ی زاینیی، لەگەڵ زنجیرەیەک جەنگی گەورەوگران بەسەرۆکایەتیی پاشا ''مێردانیکور'' (6*) لەپشتدەر، بەخوێناویترین جەنگەکانی ئەو سەردەمە دەژمێردرێن و، سوپای ئیسلام بەدانی هەزاران کوژراو کە بەشێکی گۆڕستانەکەیان لە سەرووی گوندی ''مەرگە'' لەنێزیک شاری ''دووکان'' بەجێماوە، توانی ناوچەی پشتدەر و دوکان داگیربکا و، دەست بکات بە قەڵاچۆکردنی دانیشتوانەکەی. لەم بارەوە ئیمام واقدی کە به‌یه‌که‌م مێژوونوسی موسڵمان ناسراوه‌، باسی جەنگی پشتدەری بەم شێوەیە تۆمارکردووە:

دوای گرتنی قه‌ڵاکه‌ی میردانیکورد ته‌واوی ناوچه‌که‌ که‌وته‌ ژێر ده‌ستی سوپای موسڵمانانەوە. ئه‌میر خالید نامه‌یه‌کی نوسی بۆ خه‌لیفه‌ عمری کوڕی خه‌تاب ئه‌مه‌ش ده‌قی نامه‌که‌یه‌:

 ''بەناوی خودای بەخشندە و مێهرەبان. له‌ خالیدی کوڕی وه‌لیده‌وه‌ بۆ جێنشینی پێغه‌مبه‌ر عومەری کوڕی خه‌تاب ڕه‌حمه‌تی خوا ببارێنیت به‌سه‌رتانا. من سوپاسبێژی خودایه‌ک ده‌که‌م که‌ جگه‌ له‌و هیچ که‌س شایه‌نی نییه.‌ هه‌روه‌ها ڕه‌حمه‌تی خوا بڕژێت به‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر و هه‌موو موسڵمانان له‌ مه‌ککه‌و مه‌دینه‌ له‌مهاجرو ئەنسار. سوپاس بۆ خودا ناوچه‌ی مەرگه‌ و پشتده‌رو دووگۆمانمان گرت، میره‌کورده‌کانمان کوشت و‌ له‌شکره‌کانیشیانمان ته‌فروتوونا کرد.‌ خه‌لکی ناوچه‌که‌شمان گوێڕایه‌ڵ کرد که‌ نه‌وێرن به‌ره‌نگارمان ببنه‌وه‌ به‌مه‌رجه‌کانمان ڕازیبوون. ئێستا ئاڵای ئیسلام له‌م وڵاته‌دا ده‌شه‌کێته‌وه. ‌په‌رستگەزه‌رده‌شتییه‌کانمان هه‌موو وێرانکرد‌، له‌ جێگه‌یدا مزگه‌وتمان بۆ دروستکردن''.

لاشەیەکی زۆر لەعەرەب و کورد لەگۆڕەپانەکانی جەنگا کەوتبوون، خالید کوڕی وەلید فەرمانی بە کوردەکان دا گۆڕ بۆ عەرەبەکوژراوەکان هەڵکەنن، ئەوجا لاشەی کوردەکوژراوەکانیان لەگۆڕی بەکۆمەڵدا چاڵکردن و بەنیشانەی ''کافربوونیان'' یەکی حەوت بەردیان گرتە گۆڕەکەیان.

ئیمام واقدی لەدرێژەی نووسینەکەیدا دەڵێ: ''پاش تووناکردنی هێزوتوانای کوردانی پشتدەر و قەڵاچۆکردنی دانیشتوانی گوندی ''بێژوێ'' ی سەر بەئالانی سەردەشت لەلایەن قەعقاعی کوری خەڵیفە عومەرەوە، ئەباعوبەید، خالیدی نارد بۆ ڕۆژهه‌ڵات (رۆژهەڵاتی کوردستان) و قەعقاعی کوڕی خەڵیفە عومەریشی نارد بۆ شاره‌زوور.

ڕۆژی نووسینی ئه‌م نامه‌یه‌ (یه‌کشه‌ممه‌ بوو١٢ى ذي القعيدي سال٢١هجری).

هەر لەو سەروبەندەدا و، لەناوچەیەکی دیکەی کوردستان - لە هەورامان و شارەزوور، سوپای ئیسلام دەستیکرد بە سووتاندنی پەرستگەکانی زەردەشتی ولەنێوبردنی جەنگاوەرانی کورد و بەدیلگرتنی هەزاران ژنومنداڵ و، تالانکردنی سامانی دانیشتوانەکەی، ئەمەش 1378 ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن زانایەکی ئەو سەردەمەی ناوچەی هەورامان بە هۆنراوە نووسراوە کە دەڵێ:

هورمزان رمان، ئاتران کوژان

 وێشان شاردەوە گەورە گەورەکان

 زۆرکاری عەرەب کردنە خاپوور

 گنا ئی پالە هەتا شارەزوور

 شەن و کەنیکا وەدیل بشێنا

 مەرد ئازا تلی وەڕوی هوێنا

 رەوشتی زەردەشت مانۆوە بێ کەس

 بزیکا نیگا هورمز وەهیچ کەس.

بەهەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووەکەی ''ئیمام واقدی''، ئەوەمان بۆ ئاشکرادەبێ، هۆز و عەشیرەتەکوردەکان تەنیا ئەوکات بەرەنگاری سوپای عەرەب بوونەتەوە کە هێرشکراوەتە سەرخۆیان، هەوڵیاننەداوە هەموو پێکەوە شەڕی سوپای عەرەب بکەن. ئەمەش هۆیەک بووە سەرکردەکانی سوپای عەرەب، بۆ ترساندنی هۆزەکانی دیکە، هۆزێکیان بنبڕکردووە و، بەهاسانی توانیویانە یەک بەیەکیان بخەنە ژێررکێفی خۆیانەوە و ناچاریانکەن واز لەئاینی زەردەشتی بهێنن و، ئاینی ئیسلامیان بەسەردا بسەپێنن. زۆرێک لەهۆزەکوردەکان دوای ئەوەی بەچارەنووسی ئەو هۆزانەیان زانیوە کە لەگەڵ لەشکری عەرەب بەشەڕهاتوون، بۆ پاراستنی خۆیان و ژنومنداڵ و سامانیان ناچاربوونە ببنە موسڵمان. هێزی هێرشکاری عەرەبی موسڵمانیش کە بە ناوەرۆکی فەرمانی ''جیهاد'' و ''ئەنفال'' گۆشکرابوو، زۆر بێبەزییانە بەرەنگاری هەرجۆرە دژایەتیکردنێک دەبوونەوە و، ماڵوسامان و ژنومنداڵی وڵاتی داگیرکراو دەبوونە بەشێک لەسامانی دەسەڵاتدارێتی ئیسلامی و لەشکری موسڵمانان، بۆیە سوپای ئیسلام بێسڵەمینەوە و، لەپێناو دەستکەوتی دنیا و قیامەتیدا دەجەنگا... سەرەڕای ئەمەش، زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، ساڵانیکی زۆر گۆڕەپانی بەرخۆدان و شەڕی نێوان کوردان و سوپای ئیسلام بوو. دوای ئەوەش کە زۆرینەی کورد بوونە موسڵمان، سەرهەڵدان و راپەڕینی کوردان بەشێوازی جۆراوجۆر درێژەیکێشا، کە لەدرێژەی باسەکەماندا باسیان لێوەدەکەین.