شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هەل و دیارییەکی کەموێنەیە بۆ ئەردۆغان و پووتیین!

ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
11-10-2023

هێرشی چاوەڕواننەکراوی ڕێکخراوی تیرۆریستیی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل باشتریین دیاریی بوو بۆ ڤێلادیمێر پووتیین سەرۆکی ڕووسیا. لەبەر ئەوەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل نەتەنیا سەرنجەکانی لەسەر شەڕی ئۆکراین و ڕووسییە لابرد یا لانیکەم زۆر کەمی کردەوە، بەڵکو کاریگەریی نەرێنیشی لەسەر پشتیوانییکردنی ئۆکرانیا ئەبێت لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە. ئەمەش زیانێکی گەورەی بۆ ئۆکراین دەبێت بەتایبەت ئەگەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس درێژخایەن بێت.

هەر لەم بارەوە زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین وێڕای پشتیوانی لە ئیسرائیل و نیگەرانیی خۆی لەم بابەتەوە، هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل بە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین چوواند، بەم جیاوازییەوە کە "ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی هێرشی کردۆتە سەر ئیسرائیل، بەڵام دەوڵەتێکی تیرۆریستیی هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراین". لە هەمانکاتدا نیگەرانی خۆی لە لاچوونی سەرنجەکان لەسەر شەڕی ئۆکراین و داگیرکاریی ڕووسەکان دەربڕی.

گومان لەوەدا نییە کە هاوکاریی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بووە کە ئۆکراینای لە بەرامبەر هێرشی ڕووسیادا پاراستووە. هەر بۆیەش ڕووسیا بەدوای هەلێکدا گەڕاوە کە سەرکەوتووانە خۆی لەم قەیرانە دەرباز بکات. شەڕی حەماس و ئیسرائیل یەکێک لە باشتریین هەلەکان بووە یا دەکرێ بڵیین دیارییەکی بێوێنە بووە بۆ پووتیین کە چەکوچۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەجێی ئۆکراین، ڕەوانەی ئیسرائیل بکات.

هەڕەشەی نوێی پووتیین کشانەوەیە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان

دوابەدوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، وێلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕووسییە تۆنی دەنگی بەرزتر کردۆتەوە بۆ وەگەڕخستنەوەی تاقیکارییەکانی چەکی ئەتۆمی. پووتیین لە دوایین لێدوانیدا داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد تا بڕیاری کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان بدات. ئەم داوایە دوای ئەوە دێت کە پووتین لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە ڕەنگە ڕووسیا دەست بە تاقیکردنەوەکانی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە ڕووسیا ئەم تاقییکردنەوانەی ڕاگرتوون و پەیماننامەیەکیشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم بابەتەوە واژۆ کردووە. هاوکات بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی گاردییەنی بەریتانی، پووتین ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ڕووسیا، هیچ ‌هێرشکارێک شانسی مانەوەی نییە.

ئەوەیکە ئەم هەڵوێستانەی پووتیین تەنیا هەڕەشەی بەرگریین یا ڕاستیین، ئەبێ لە داهاتوودا بیبینین بەڵام ئەم ئاراستە نوێیە لە سیاسەتی چەکی ئەتۆمی ڕووسیادا بۆتە هۆی زیادبوونی نیگەرانیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی. بە وتەی ڕۆژنامەی گاردییەن سەرکردەکانی ڕووسیا وادەی دە ڕۆژیان بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان دیاری کردووە بۆ ئەوەی بڕیار بدات لە کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوەکان بەتایبەت لەو پەیماننامەی کە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی قەدەغە دەکات . ئاشکرایە ئەگەر ڕووسیا تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام بدات، هانی وڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا و چینیش ئەدات بۆ ئەوەی هەمان کار بکەن. بۆیە بە ئەگەری زۆر ئەم هەڵوێستەی ڕووسیا پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی لە نێوان زلهێزەکاندا زۆر زیاتر دەکات لە پێشوو و جیهان بەرەو نائەمنییەکی نوێ دەبات.

لە بابەت ڕۆژئاوای کوردستانەوە و دیاریی حەماس بۆ ئەردۆغان!

دوابەدوای چالاکیی چەکدارانەی دوو گەریلای گیانفیدای پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەم هەلە بۆ ئەردۆغانی فاشیست ڕەخسا کە ڕقی خۆی بە کورد بە گشتیی و بەتایبەتیش بە ڕۆژئاوای کوردستان بڕێژێت و بە بیانووی سەرکوتی تیرۆریزم و ئەوەیکە گۆیا ئەم گەریلایانە لە باکووری سوورییەوە هاتوون، ئەم بەشەی کوردستان خەڵتانی خوێن بکات. تیرۆریستبوون و فاشیستبوونی ئەردۆغان لە کەس شاراوە نیە. بەڵام ئەوەی سەرکردەکانی پەکەکە نەیانتوانیوە لەم دۆخەی کورد تێیدایە تێبگەن و ئەردۆغانیشیان نەناسیوە کە بۆ هەلێک دەگەڕێت تا لە جینۆسایدی کوردان بەردەوام بێت، جێی داخە. گومان لەوەدا نییە کە ئەردۆغان بە هەموو چەکێکی قەدەخەکراو و بە هەموو شێوازێکی نامرۆڤانە هێرشی کردۆتە سەر کورد و بەردەوامیش تۆڵە لە کورد دەکاتەوە، بەڵام ئایا دەکرێ کورد بە دانی نرخێکی زۆر زیاتر و لەسەر حیسابی خۆی، هەمان شێواز بەکار بێنێت؟ ئەویش لەم دۆخە هەستیارەی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین کە ئەردۆغان باش دەزانێت وڵاتانی ڕۆژئاوایی چەندە پێویستییان پێیەتی، هەر بۆیەش سڵ لە هیچ جینایەتێک ناکاتەوە لە دەژی کورد و دونیای ڕۆژئاواش لە ئاست ئەم جینایەتانەی بێدەنگ دەبێت.

سەرەڕای ئەوەش خۆزگەم دەخواست ئەم چالاکییەی ئەم دوو گەریلا قارەمانە لە ئانکارا ئەنجامی باشی هەبووایە و لانیکەم ئەردۆغانی بە ئامانج گرتبا کە دوای چالاکییەکە چۆتە پارلمان، ئەوکات هەرچی بووبا هەر دەستخۆشییم لێ دەکردن. بەڵام پێم وایە ئەم کاتە و ئەم پلانەی دایاننا، بوو بە دیارییەک بۆ ئەردۆغان و وەک چۆن پووتیین هەمان دیاریی لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل وەرگرت. بێگومان ئەمەش بەراوردی حەماس و پەکەکە نیە. ئاشکرایە بە هەموو ڕەخنەیەک کە لە پەکەکەم هەیە، پێڵاوەکانیان بە سەری ئەردۆغان و هیچ تیرۆریستێکی حەماس ناگۆڕمەوە. تەنیا ڕەخنە و پرسیارێکە کە ئایا ئەم چالاکییە و پلانەی گەریلاکانی پەکەکە لە ئانکارا پلانێکی گونجاو و لە کاتێکی باشدا بوو؟ ئایا شێوەی کارەکە واتە خۆتەقاندنەوە بۆ خەباتی کورد گونجاوە و نابێتە بیانوو و دیاریی بۆ ئەردۆغانی تیرۆریست تا هەرچی زیاتر و خراپتر لە دژمان بجۆڵێتەوە و کەسیش لەم دونیا نادادپەروەرە مەتەقی نەیەت؟

 لەم ناوەدا هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەلێکی زێڕینی تر بوو بۆ دەوڵەتی فاشیستیی تورکیا تا لە نەبوونی سەرنجەکان لەسەر جینایەتەکانی خۆی لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، زیاتر لە پێشوو بەتایبەت ڕۆژئاوای کوردستان بە ئامانج بگرێت و لە هەمانکاتدا لەبەردەم مێدیاکان لافی ئاشتیخوازبوونی خۆی لێدات و داوای چارەسەریی کێشەی فەلەستین و ئیسڕائیل بکات .

بە کورتی پێم وایە کە لەناکاویی شەڕەکان و زوو پەرەسەندن و گەورەبوونی ڕووداوەکان ئاماژە بە گۆڕانکاریی گەورە دەکەن لە چەند ساڵی داهاتوودا. بۆیە هیواخوازم ئێمەی کورد بە گشتی خوێندنەوە و پلانی باشمان هەبێت بۆ ئەم دۆخەی لە دونیا و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە و خۆ بۆ ئەم گۆڕانکارییانە ئامادە بکەین کە بەڕێوەن، نەوەک وەک "گوللـە و دەرمانی بایزاغای، شەق لە کەنداڵی" هەر ڕێی هاڵێنین و بڵێین "یا دەیگرێ یان نایگرێ."

با بزانیین ئایا ئێمەی کوردیش دوای ئەم مێژووە خوێناوییە، ئەزموونێکمان وەرگرتووە و ئەوەندە باش بۆ ڕووداوەکان دەچیین کە پێشهاتەکان وەک هەلێک بۆ ڕزگاریی خۆمان بەکار بێنیین و هەڵەکانی داگیرکەران و ناحەزانی کورد بکەین بە هەل و دیاریی بۆ ڕزگاریی کوردستان؟

ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
٢٠٢٣/١٠/١٠