هەواڵی گیانبەختکردنی ئارمیتا گراوەند لە لایەن ئاژانسی فەرمیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پشتڕاست کرایەوە!

ناوەندی هەواڵ و ڕاگەیاندنی یەکسانی
28-10-2023

ئەمڕۆ شەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی (٢٨/١٠/٢٠٢٣)، هەواڵی مردنی ئارمیتا گراواند، کچە خوێندکاری کرماشانی لە لایەن ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" کە ئاژانسی فەرمیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە، ڕاگەیەندرا. ئەم هەواڵە هەتا ئێستا لەلایەن سەرچاوە هەواڵییەکانی ترەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئارمیتا گراوەند، کچە کوردێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی کرماشان بوو کە لە تاران دەیخوێند. بەرەبەیانی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی لەکاتی چوون بۆ قوتابخانە، لە وێستگەیەکی میترۆ لە تاران، بە بیانووی لەبەرچاونەگرتنی یاسای زۆرەملێی حیجابی ئیسلامی کەوتە بەر هێرشی کەسانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامی و دوای بێهۆشبوونی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نیزامیی ڕێژیم بە ناوی "فەجری تاران". دوای ئەمە ئارمیتا چۆ دۆخی کۆما و هیچ کات وەهۆش نەهاتەوە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوایین هەواڵەکان باسیان لە مردنی مێشکی ئارمیتا دەکرد، بەڵام مەرگی ئارمیتا پشتڕاست نەکرابۆوە.

شایانی باسە کە لەم ماوەیەدا بنەماڵەی ئارمیتا و بەتایبەت دایک و باوکی لە ژێر فشار و هەڕەشەی ئیتلاعات و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا بوونە بۆ ئەوەی نەهێڵن ئەو ناڕەزایەتییە بەریینەی لە دوای کوشتنی ژینا ڕوویدا، دووبارە بێتەوە.

نەمان بۆ کۆماری سێداری ئیسلامیی ئێران

ناوەندی هەواڵ و ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٨/١٠/٢٠٢٣

٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ی کوردی