کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامیی ئێران سەرەنجام هەواڵی کوشتنی ئارمیتای کوردستانی ڕاگەیاند!

ناوەندی ڕامیاریی یەکسانی
29-10-2023

دوێنێ سەقز، ئەمڕۆ کرماشان:
کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامیی ئێران سەرەنجام هەواڵی کوشتنی ئارمیتای کوردستانی ڕاگەیاند!

خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

سەرەنجام ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ هەتاوی، کۆماری ئیسلامیی، لەڕێگەی ئاژانسی دەنگوباسی “ئیرنا“وە هەواڵی کوشتنی ئارمیتا گەڕاوەند، کچە خوێندکاری کوردی ١٦ ساڵەی دانیشتووی تارانی ڕاگەیاند، کە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ ) لە ڕێی قوتابخانە و بە بیانووی بێحیجابیەوە دەکەوێتە بەر پەلاماری هۆڤانەی حیجابوانانی مێترۆی تاران و لە کۆمادا و بە ڕەچاوکردنی توندترین ڕێوشوێنە پۆلیسییەکان دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی “فەجر“ی سەر بە هێزە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی.

کۆماری جەنایەتکاری ئیسلامیی بۆ پێشگیریی لە بڵێسەسەندنەوەی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی و لە ترسی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک، ئەمجارەش وەک هەمیشە هەوڵی دا ڕاستیی ڕووداوەکان پەردەپۆش بکات و پەنای بردە بەر سەناریۆیەک، کە گوایە ئارمیتای ١٦ ساڵەی وەرزشکاری تەکواندۆ بەهۆی نەخۆشیی پەستانی خوێنەوە بێهۆش بووە و بۆ “چارەسەر“ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

كاربەدەستانی دەسەڵاتی ئاپارتایدی ڕەگەزیی ئێران لە ماوەی ٢٨ ڕۆژی ڕابردوودا نەک ڕێگەیان نەدا خانەوادەی ئارمیتا ڕۆڵەکەیان ببینن، بەڵکو لەوپەڕی بێڕەوشتییدا، خاتوو شەهین ئەحمەدیی دایکی ئارمیتایان دەسبەسەر کرد و تەنانەت ڕێگەیان بە پزیشک و پەرستارانی نەخۆشخانەکەش نەدا تەلەفۆن و کامێرا لەگەڵ خۆیان ببەنە شوێنێک کە ئارمیاتای لێ ڕاگیرابوو و تەنانەت دوو ڕۆژنامەنووسیشیان دەسبەسەر کرد، کە هەوڵیان دابوو ڕاپۆرتێک لەسەر چونیەتیی ڕووداوەکە بڵاو بکەنەوە. یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە مریەم لوتفی بوو، کە لە پەیامنێرانی ڕۆژنامەی “شەرق“ی سەر بە کۆماری ئیسلامییە.

کۆماری ئیسلامیی و دامودەزگای مێدیایی ئەم ڕێژیمە هیچ کات و لە هیچ ئاستێکدا لە کوردستان جێی متمانەی خەڵک نەبووە. کەس نیە لە کوردستان نەزانێت، کە کۆماری ئیسلامیی بە سەناریۆسازیی و بە موهەندیسیکردنی هەواڵی گیانبەختکردنی ژنان و چالاکانی شۆڕش هەوڵ دەدات تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە و بەر بە کڵپەسەندنی شۆڕشی ژینا و ئارمیتاکان بگرێت.

کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان هیچ کات بە هیچ شێوەیەک جێی متمانەی خەڵک نەبووە و گومانێک نیە، کە بکوژی ئارمیتای ئازیز خۆدی کۆماری ئیسلامییە. وتەی دوو شایەتحاڵەکەی ناو مێترۆی تارانیش ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە، کە ئارمیتای جوانەمەرگ بە دەستی حیجابوانانی کۆماری کوشتار و ترۆر گیانی لەدەست داوە. بێگومان ئارمیتا دەکرێ دەمێک بێت گیانی لەدەست دابێت، بەڵام ڕاگەیاندنی هەواڵی گیانبەختکردنی بۆیە دواخرا، چونکە ئەمڕۆکە سەرنجی مێدیا و بیروڕای جیهان و ناوچەکە بە تەواوەتیی لەسەر شەڕی غەزەیە.

وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامیی و کوشتنی ئارمیتای کوردستان، هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی هێژای ئارمیتای نەمر و خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی دەر دەبڕین. داواش لە خوێندکاران و مامۆستایانی هەموو ئاستەکانی خوێندن دەکەین، کە بە وەڕێخستنی ناڕەزایەتیی جۆراوجۆری وەک خۆپیشاندان و مانگرتن هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی ئارمیتا دەرببڕن و بەم جۆرە شۆڕشی ژینا و ئارمیتاکان چەند هەنگاوێکی تر لە سەرکەوتن نزیک بکەنەوە. داواش لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بیروڕای گشتیی و بەرەی هومانیزم و یەکسانییخوازیی جیهان دەکەین بە فشارخستنە سەر ڕێژیمی ئاپارتایدی ئیسلامیی ئێران، سنوورێک بۆ تاوانکارییەکان ڕێژیمێک دا بنێن، کە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانییشدا یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی چوار دەیەی ڕابردووی ترۆر و کوشتار و شەڕ.

بڕووخێت ڕێژیمی ئاپارتایدی ئیسلامیی ئێران!
سەرکەوێت بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان!
بژی هاوپشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران لە شۆڕشی ژینادا!

ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢
(٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ )