با شانۆی هاتنی ئیبراهیمی ڕەئیسیی، سەرۆکی کۆماری مەرگ بۆ سنە و سەقز بایکۆت و شەرمەزار بکەین!

Yeksani
01-11-2023

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، دانیشتوانی شارەکانی سەقز و سنە!

ئیبراهیم ڕەئیسیی سەرۆکی کۆمیتەی مەرگی سەردەمی خاڵخاڵیی و سەرۆکی کۆماری مەرگ و سێدارە بڕیارە پێنجەشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی (٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٣) بگاتە شاری سنەی شۆڕش و ١٢ی خەزەڵوەریش پێی پیسی بنێتە سەر خاکی سەقزی پێشەنگی شۆڕشی ژینا و ژیان و ئازادی.

ئیسماعیل زارعی کوشا پارێزگاری گوێلەمستی پاریزگای کوردستان، تاوانکارێک کە لە ئاستی جیهانییدا لە لیستی بایکۆتکراوان دایە، ئەمڕۆ بێشەرمانە ڕایگەیاند کە لەسەر بانگهێشت ئەو، پێنجشەممە ئیبراهیم ڕەئیسیی و شاندێکی حکوومەتەکەی دەگەنە شاری سنە و کاتژمێر ٩ی سەر لە بەیانیی، ڕەئیسیی لە گۆڕەپانی ئازادیی سنە سەبارەت بە گەشەی ئابووری پاریزگای کوردستان وتار دەدات و داوای لە خەڵکی دەڤەرەکە کردووە، “بە پێشوازییان لە ڕەئیسیی، ئەمگناسیی و میواننەوازیی خۆیان بە هەمووان نیشان بدەن“. هەروەها پاسدار جەعفەری تەوان فەرمانداری هاوردەی شاری سەقز، کە لە بەرپرسیارێتیی شارەکانی بانە و بۆکان و دیواندەرە و مەریوانیش پێشینەیەکی دوورودرێژی پڕ لە تاوانکاریی هەیە، ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینی ١٢ی خەزەڵوەر، فڕۆکەخانەی شاری سەقز بە بەشداریی سەرکۆماری ڕژیمی ئیسلامیی دەکرێتەوە.

بانگەوازەکانی ئیسماعیل زارعی بەکرێگیراو و جەعفەر تەوانی هاوردە بە بەربڵاویی لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامییدا بڵاو کراونەتەوە تا بەڵکو بە خەیاڵی خۆیان بتوانن ژمارەیەک لە خەڵکی ئەم دوو شارەی کوردستان بۆ پێشوازیی لە ڕەئیسیی چنگبەخوێن کۆ بکەنەوە.

ئیسماعلی زارعی کوشا و جەعفەر تەوانیەکان پێویستە بزانن، کە خەڵکی شارەکانی سەقز و سنە و هەموو کوردستان کۆماری ئیسلامیی بە دوژمن و داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانن و پێشوازییکردن لە داگیرکەریش بە خەیانەتێکی نیشتمانیی. بانگهێشتکردنی  ئیبراهیم ڕەئیسیی، سەرکۆماری ڕێژیمێکی داگیرکەر و بکوژی سەدان ژینا و ئارمیتامان ناپاکییەکی گەورە و نەبەخشراوە. خەڵکی شارەکانی سنە و سەقز و هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان باش دەزانن، کە بەڵێنیی گەشەپێدانی ئابووریی پاریزگای کوردستان نەک هەر درۆیەکی گەورەیە، بەڵکو ئەرخەیانن لەوەی کە ئەم ڕێژیمە لە کوردستان سەرچاوەی هەژاریی و بێکاریی و سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەرییە و تەنانەت لە چل و چوار ساڵی رابردوودا بە بەرنامە و وشیارانەش کوردستانی دەوڵەمەندی لە هەژاریی ئابوورییدا ڕاگرتووە.

سەبارەت بە فڕۆکەخانەی سەقزیش خەڵکی ئەم شارە باش دەزانن، کە بەرنامەڕێژیی دامەزراندنی ئەو فڕۆکەخانەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژیمی پێشوو و کۆماری ئیسلامیی بە بیانووی جۆراوجۆر لەم چل و چوار ساڵەدا بەردەوام ڕێگریی کردووە لە کرانەوەی فڕۆکەخانەکە.

ئیسماعلی زارعی کوشا، پارێزگاری بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامیی پێویستە ئەمە باش بزانێت، کە خەڵکی کوردستان نەک داگیرکەر بە میوان نازانن، بەڵکو پێشوازیی و ئەمەگناسیی بۆ داگیرکەرانیش بە نیشتمانفرۆشییەکی حاشاهەڵنەگر دەزانن. خەڵکی شارەکانی سنە و سەقزی قارەمان شەڕی ٢٤ی ڕۆژەی سنە، کوشتارەکانی خاڵخاڵیی لە سەقز و شارەکانی تری کوردستان و لەم دواییانەشدا کوشتنی ژینا و ئارمیتاکانمان و کوشتنی سەدان کەس لە شۆڕشگێرانی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادیی و بەرگوللـەدانی هەر ڕۆژەی کۆڵبەرانی کوردستان و داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتیان لەبیر ناچێتەوە. جاش پاریزگار پێویستە باش بزانێت، کە لە سبەی ڕۆژی لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامییدا و لە داگا دێموکراتیکەکانی شۆڕشدا، بەر لە سەرانی ڕژیمی داگیرکەر، بەکرێگیراوانی خۆجێی دەدرێنە دادگا و بە سزای تاوانەکانیان دەگەن.

دانیشتوانی ئازیزی شارەکانی سنە و سەقزی پێشەنگی شۆڕش!

چاوەڕوانیی لە ئێوەی تێکۆشەر ئەوەیە، کە بە بایکۆتکردنی نمایشی هاتنی سەرکۆماری ڕژیمی ئیسلامیی و وەڤدی دەوڵەتەکەیان پەیامێکی نوێ بدەن بە گوێی داگیرکەران و بەکرێگیراوە خۆجێییەکاندا و پێیان بڵێنەوە کە شۆڕشی کوردستان، شۆڕشی ژن و ژیان و ئازادیی تا لەگۆڕنانی کۆماری مەرگ و تا چەسپاندنی مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان هەر بەردەوام دەبێت.

بەو هیوایە بە بایکۆتێکی یەکپارچە و یەکگرتووانەی شانۆکە، سەرانی ڕژیمی داگیرکەر بە سەرشۆڕیی ڕەوانەی تاران بکەنەوە و بەکرێگیراوانی خۆجییی ڕێژیمیش لەوەی کە هەن زیاتر و زیاتر ڕیسوا بکەن.

بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی داگیرکەر!

سەرکەوێت بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان!

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ )