کۆمەڵکوژیی غەزە و ڕۆژئاوای کوردستان: دێموکراسی درۆیینەی ڕۆژئاوا، بانێک و دوو هەوا!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
07-11-2023

دوای هێرشی داعشیانەی ٧ی ئۆکتۆبری گرووپی تیرۆریستیی حەماس و هاوبیرەکانیان لە غەزە بە پشتگیریی و پیلانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی باشووری ئیسرائیل و کۆمەڵکوژیی ١٤٠٠ کەس و ڕفاندنی ژمارەیەک لە خەڵکی سیڤیل و سەربازی ئیسرائیلیی، حکوومەتی دەستەڕاستیی و دینیی ئیسرائیل، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستە ئاسایشیی و سەربازییەی کە لەلایەن حەماسەوە بەسەریدا سەپابوو، شەڕێکی خوێناویی یەکپارچەی لە دژی حەماس ڕاگەیاند. حکوومەتی دەستەڕاستیی نەتانیاهۆ لە دەسپێکی ڕاگەیاندنی شەڕدا بە بیانووی حەماسەوە خەڵکی غەزەی بە جڕوجانەوەر لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند کە ئەو دەڤەرە دەبێ لەگەڵ خاک یەکسان بکرێت.

لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ و مەترسیی پەرەسەندنی ئاگری شەڕەکە بۆ وڵاتانی تر، سەرانی ئەمریکا و ئەورووپا پاڵپشتتیی خۆیان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل ڕاگەیاند. ئەمریکا دەستی کرد بە گواستنەوەی کەشتییە جەنگییەکانی بۆ ناوچەکە. لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا بێ پسانەوە سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکە و درۆن و هاژەک بۆردومانی غەزە دەکات و بە ئاشکرا و لەبەر چاوی کامێرای مێدیاکان نەخۆشخانە و ئامبولانس و قوتابخانە و هەرچی ژێرخانی ئەو دەڤەرەیە ئاگرباران دەکات و تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە خەڵکی غەزە کە زۆریینەیان سیڤیل و ڕێژەیەکی زۆریشیان منداڵن، شەڵاڵی خوێن کراون و ئاو و برق و سووتەمەنیی و ئەنتەرنێتی دەڤەرەکە، کە لەدەستی ئیسرائیل دایە، بڕاوە و خەڵکەکە بە گشتیی کەوتوونەتە ناو دۆزەخی ئیسرائیل و حەماسەوە.

ئاشکرایە ئەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی وەک هەڵگیرسێنەری ئەم شەڕە کردیان، جینایەتێکی پاساوهەڵنەگر بوو. بەڵام ئەوەی ئێستا ئیسرائیلیش بە بیانووی هێرشی ئەم گرووپە تیرۆریستییانەوە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاساکانی جەنگ دەرهەق بە خەڵکی غەزە و خەڵکی فەلەستین دەیکات جینۆسایدێکی ڕوون و ئاشکرایە کە بەپێی بەرنامەیەکی دەوڵەتیی نەژادپەرستانە بەڕێوە دەچێ. ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوەدایە خەڵکی غەزە بەرەو دەڤەری سینای میسر دەرپەڕێنێ و کارێکیان پێ بکات، کە ئەردۆغانی فاشیست لە عەفرین و سەرێکانی بە گەلی کوردی کردووە و دەوڵەتی ئازەربایجانیش لە قەرەباغ بە دانیشتوانی ئەرمەنیی ئەو دەڤەرە.

لەماوەی ئەم سێ حەوتوویەدا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە خەڵکی غەزە کە لە شوێنێکی بچووک و بەرتەسکدا دەژین بە بەرچاوی دنیای نادێموکراتی لیبێرال و کۆنەپارێزی سەرمایەدارییەوە و بەبیانووی بوونی ڕێکخراوێکی ئیخوانیی ـ داعشیی وەک حەماس و بە پاساوی هەوڵدان بۆ ئازادکردنی دوو سەد کەسێک لە ڕفێندراوە ئیسرائیلییەکان، دەستیان داوەتە جینۆسایدی دوو ملیۆن لە خەڵکی غەزە. ئەم تاوانە پاساوهەڵنەگرانە هەمووی بەبەرچاوی دەوڵەتانی دەڤەرەکە و بە بەرچاوی یەکێتیی ئەورووپای لایەنگری مافی مرۆڤ و بە بەرچاوی کۆیلەدارانی دێموکراسیی سەرمایەداریی و بە پاساوی ئەوەی ئیسرائیل مافی خۆیەتی پارێزگاریی لە خۆی بکات، ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆکە سەرەڕای هەراوهوریای دیپلۆماتیک و مێدیایی لە ئاستی جیهانییدا ئەوەی خەمی زلهێزەکان  نەبێت چارەسەری ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی پرسی فەلەستینە، کە ڕیشەیەکی نەتەوەیی و دینیی هەیە و بەردەوامیش وەک کارتی یارییە بەرژەوەندییەکان لەلایەن دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامیی و زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان بەکار هاتووە. ئەمڕۆکە وڵاتانی عەرەبیی و ئیسلامییش لە بەرژەوەندیی خۆیانیدا نابینن لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستیی و دینییانەوە وەک ڕابردوو خۆیان بە خاوەنی پرسی خەڵکی فەلەستین نیشان بدەن. ئەوان ئەمڕۆ بەرژەوەندیان شتێکی ترە و پێویستییان بەم کارتی یارییە نەماوە.

سەرەڕای ئەم گرفتانە خەڵکی فەلەستین وەک گەلێکی ژێردەستە بە بەراورد بە گەلی کوردی بەشبەشکراو، گرنگیی زیاتریان پێ دراوە. خەڵکی فەلەستین بواریان پێ دراوە، کە لەلایەن دەیان دەوڵەت و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاوڕیان لێ بدرێتەوە، پرسەکەیان بە مێدیایی بکرێت و دامودەزگا نێونەتەوەییەکان بڕیارنامەی جۆراوجۆریان لەسەر بدەن. بەڵام پرسی کوردستان بۆ دنیای دێموکراسیی درۆیینی سەرمایەداریی وەها گرنگییەکی نەبووە و نیە. زیاتر لە سەت ساڵە کوردستان خەڵک و خاک و سامان و فەهەنگ و زمانی پاکتاو و جینۆساید دەکرێت، بەڵام ئەوەی پێی دەڵێن دنیای دێموکراسی مێشێکی میوان نەبووە. ئەوەتا هاوکات لەگەڵ بۆردومانەکانی غەزە، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان شەو و ڕۆژە لەلایەن تورکیەی فاشیستی ئەندامی ناتۆوە کۆمەڵکوژ دەکرێن. ڕۆژ نیە دەوڵەتی فاشیستی تورکیە لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان خەڵک ترۆر نەکات، هێرشی هەوایی نەکات، بەڵام نە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەری کۆدەبێتەوە و نە یەکێتیی ئەورووپا ئاوڕی لێ دەداتەوە و نە ئەمریکای بەناو “هاوپەیمانی“ شەڕی دژی داعشیش مەتەقی دێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژئاوای وڵاتی ئێمە بەجێی هەموو دنیا شەڕی داعشی کردووە و لەم پێناوەدا قوربانییەکی زۆری داوە.

لەم ناوەدا ئەوانەی لە سێ هەفتەی ڕابردوودا ماسییان لە ئاوە لێڵەکەی غەزە و کوردستان گرتووە، کۆماری ترۆریستیی ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی فاشیستیی تورکیە و حکوومەتی دەستەڕاستیی و دینیی بنیامین ناتانیاهۆ و سەرانی حەماسی داعشیی و ڕووسیەن و ئەوەی ماڵیشی وێران بووە و بە هەزارانی لێ کوژراوە خەڵکی فەلەستین و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن. ئێمە پێمان وایە کە باشترین چارەسەر بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستیین، درووستبوونی دوو دەوڵەتی وەک یەکە کە ڕێز لە بوون و مافەکانی یەکتر بگرن و لە هاوسێیەتیی و هاوکاریی یەکتر بەهرەمەند بن. بێگومان هەر وەک چۆن ئیسرائیل مافی هەبوونی هەیە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، فەلەستینییەکانیش مافی خۆیانە کە ىڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هێرشی هۆڤانە و ترۆریستیی بزووتنەوەی حەماسی گوێلەمستی کۆماری سێدارە بۆ سەر خەڵکی سیڤیلی ئیسرائیل و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی سیڤیلی غەزە و فەلەستین لەلایەن حکوومەتی دەستە ڕاستیی ناتانیاهۆ وهێرشی خوێناویی ئەردۆغانی فاشیست بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکات و داوا لە خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازی هەموو وڵاتان دەکات لە ڕێگەی شەقامەوە و یەکگرتووانە خوازیاری وەستانی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرایل و تورکیە بن بۆسەر غەزە و کوردستان و پشتگیریی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی فەلەستین و کوردستان بن. بێگومان بە بێ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە، ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕووی ئاشتیی و ئارامیی بەخۆیەوە نابینێت.

 

نا بۆ شەڕ و کۆمەڵکوژیی!

بەڵێ بۆ ئاشتیی و هاوکاریی گەلان!

بەڵێ بۆ دیارییکردنی مافی چارەنووسی گەلان!

بەڵێ بۆ ئەنتەرناسیۆنالیزم و نا بۆ فاشیزم!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ی کوردی

(٠٦/١١/٢٠٢٣ی زایینی)