پێشمەرگەی هونەرمەند و هونەرمەندی هونەر و هەڵوێستی بەرز کاک تاهیر خەلیلی کۆچی دوایی کرد

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
26-11-2023

زۆر بەداخەوە کاک تاهیر خەلیلی هونەرمەندی پێشمەرگە و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ ٢٦ی نۆڤەمبری ٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی و لە تەمەنی ٦٧ ساڵییدا  بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.

هونەرمەند تاهیر خەلیلی خەڵکی شاری بۆکان لە تەمەنی ١٥ ساڵییدا یەکەم بەرهەمی هونەریی خۆی بڵاو کردەوە و خاوەنی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرهەمی هونەریی جوان و بەرز بوو. بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمە هونەرییەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو لە خانەی هونەری شۆڕشگێڕانە و بەرگرییدان. “لە قەندیلی سەربەرزەوە وەڵامت بۆ دەنێرمەوە، چیبوو تاوانی ئەوانەی وا لەسێدارە دران؟ سەربازی ون" و کۆمەڵێک سروود و گورانیی پڕ لە هەستی شۆڕشگێڕانە و هونەریی جوان لە ناسراوترین سروودەکانی کاک تاهیرن کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا وێردی سەر زاری هەموو ئەوانە بوون کە دڵیان بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان لێ دەدا.

لە بزووتنەوەی فرە ڕەهەندی شۆڕشگێرانەی کوردستاندا هەڵبەست و گۆرانی و هونەر بە گشتی ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیوە، بۆیە هونەرمەندانی شۆڕشگێر و ئازادیخواز و یەکسانییخواز جێگەیەکی تایبەتیان هەیە لە ناو دڵی خەڵکی کوردستاندا.

گیانلەدەستدانی هونەرمەندی نەمر تاهیر خەلیلی بۆ هونەری شۆڕشگێرانەی کوردستان زیانێکی گەورەیە. ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک تاهیر خەلیلی هونەرمەندی هێژای کوردستانەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری بەڕێزیان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکات.

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٦ی نۆڤەمبری ٢٠٢٣