مناڵانی کۆڵبەر و دارەدارەی سەربەستی!

عوبەید سورخابی
27-11-2023

بەبۆنەی شەهید بوونی مناڵی کۆڵبەر "فاڕوق عەلیزادە"

بەپێی مادەی 79ی یاسای کار له ئێران، دەکارگرتنی مناڵان قەدەغەیه و ئەمە لە حاڵێکدایه کە بەپێی سەرژمێرییه فەرمییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، سەدا پازدەی مناڵان له ئێران بەهۆی دۆخی نالەباری بنەماڵە و ژیان و داهات کار دەکەن. هەڵبەت ئەم ژمارەیه بەتایبەت له کوردستان بەهۆی دۆخی داسەپاوی ئابووریی بەسەر خەڵکدا، زۆر لەمانە زیاتره. لە شاره گەورەکانی ئیران مافیای زەبەلاحی مناڵانی کار بۆتە هەشتپێیەکی نالەبار که لەژێر چرای سەوزی دەسەڵاتدا، داهاتووی مناڵان و کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبات. زۆرتری ئەم مناڵە بێ تاوانانه کە بەرهەمی گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تەڵاق، نەداریی، نابەرپرسیارەتیی بنەماڵەکان و ڕێکخراوه حکوومییەکانن له شوێنی نالەبار دەدرێنە بەر کاری ڕەش و پیس و بێ نرخ.

بەڵام لە کوردستان و بەتایبەت لە شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور، شێوازێکی دیکە لە مناڵانی کار هەیه کە نەک لەژێر نیسێی مافیای مناڵانی کار بەڵکو لەژێر گوشاری مافیای داهاتی سنووردا خەریکن لە سیمای مناڵانی کۆڵبەردا دەچەوسێنەوە و تەنانەت دەسبەسەر دەکرێن و دەکوژرێن. قۆڕغکردنی داهاتەکانی سەرسنوور بۆ تاقمێکی تایبەتی خۆفرۆش و لایەنگری دەسەڵات و بێبەشکردنی خەڵکی ئاسایی لەم داهات و دەرفەتە لە لایەک و نەبوونی کانگاکانی کار و پیشە یا خۆ کارخانە و کارگا و دۆخی نالەباری ئابووریی ناوچه و پەرەسەندنی بێکاریی و گرانیی و بێ داهاتیی، شێوازێکی تری له کار و پیشه بۆ خەڵکی ناوچە دروست کردووە کە پێی دەوترێ "کۆڵبەری". ئێستا کۆڵبەری له کوردستان بە واتای شان خستنە ژێر باری گرانی ژیان و سینگ بە گولـلەوەنان بۆ پەیدا کردنی نانێکی بەشەڕەف نەک ملکەچکردن بۆ دەسەڵات و خۆفرۆشتن بۆ پاروە نانێک، بۆتە بەشێک لە بەرخودان و پشت کردن بە پڕوپاگەندای ئابووریی دەسەڵات. هەر بۆیەش چەمکی "کۆڵبەر" کە هەڵگری مانایەکی فرە گەورەتر له مانای قامووسییەکەیەتی و جۆرێکی تر له ململانێی خەڵکانی هەژاری کوردستان بەرانبەر بە حکومەت نیشان دەدات، ئێستا بۆتە بەربەستێک لە هەمبەر هێژمۆنی فکریی دەسەڵات بۆ رۆخاندنی بنەمای کۆمەڵگا و فکری شۆرشگێڕانە. لەم ناوەدا مناڵانی کوردی ناوچە سنوورییەکان لەڕووی ناچارییەوە دەس لە خوێندن هەڵدەگرن و شان بە شانی باب و براکانیان بۆ پەیدا کردنی نانێکی بەشەڕەف، سینگیان دەکەنە مەتەرێزی بیر و هزری سەربەخۆیی ئابووری و ڕێگای کۆڵبەریی هەڵدەبژێرن و خۆیان ملکەچی ئیرادەی خوێڕیانەی ڕژیم ناکەن. ئەلێرەوەیه کە ڕژیم وێڕای خزمەت به ڕانت و گیرفانی تاقمێکی تایبەتی سەر بە هەژدیهای تاران، هەست بە ترس دەکات و بەرەنگاری ئەو فکرە دەبێ و گەورە و مناڵ دەخاتە ژێر دەستڕێژی گولـله و هەموو هەولی ئەوەیه خەڵک زیاتر لەباری ئابوورییەوە بێنێته ژێر چۆکی خۆی و کەڕامەتی کۆمەڵگای کوردەواری بشکێنێ و ڕۆژ نییه خوێنی کۆڵبەرێک بەناحەق نەڕژێ و سفرەیەک لە کوردستان بێ نان نەکرێ. بەڵام دوژمن دەبێ بزانێ بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگەی کوردەواریی بەم ئەزموونە مێژووییەی کە لە خەبات و بەرخۆدان بۆ گەیشتن بە سەربەستی و یەکسانی هەیەتی، هیچ دەرفەتێک بۆ شۆڕش و ململانێ بەرانبەر بە زوڵم و زۆری لە کیس نادا ئەگەر تەنانەت ڕەفتاڕێکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەی دابێ یا ووشەیەکی بچووک له گۆشەی قاموسێک.

دوایین مناڵی شەهیدی ڕێگای نان و سەربەستی "فاڕوق عەلیزادە" بوو. ئەم مێرمنداڵه تەمەن 17 ساڵانە دانیشتووی شارەدێی " ڕەبەت" سەربە شاری سەردەشت بوو کە ڕۆژی 5ی سەرماوەز بە دەستی ڕژیمی کۆماری کوشتاری ئیسلامی گیانی بەخت کرد.

گیانی ئارام و هیوای هاتنەدیی خەونی لەمێژینەی مناڵانی کورد بۆ وەدیهاتنی ئامانجی یەکسانی و سەربەستیی کوردستان!

عوبەید سورخابی

٢٧/١١/٢٠٢٣