بەشداریی نوێنەری کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزرانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هێلسنکی

ناوەندی ڕاگەیاندن
27-11-2023

ئەمڕۆ ٢٧ی نۆڤەمبری ٢٠٢٣ لە کاتژمێر ١٨ وە تا ٢٢ مەراسمێک بەبۆنەی چلوپێنجەمین ساڵیادی دامەزرانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هێلسنکی پایتەختی فینلەند بەڕێوە چوو.

مەراسمەکە بە خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و خەباتی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی کوردستان دەستی پێ کرد. پاش قسەوباسێکی هەڤاڵ مێرهەم سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدانی پارتی کرێکاران و بەخێرهێنانی میوانان و ئامادەبووان، نوێنەری کۆمەڵەی یەکسانیی وکوردستان هاوڕێ سۆران زەکی پەیامی پیرۆزبایی یەکسانیی پێشکەش کرد. پاشان پەیامی کۆمەڵە ــ ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەلایەن هاوڕێ جەماڵی ئەوێهەنگەوە خوێندرایەوە. لەو مەراسمەدا هەروەها نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیش بەشدار بوون بە پەیامی نووسراو بەشدارییان کردبوو.

قسەوباسێکی بە زمانی فینلەندی و.(Jiri Mäntysalo) بە نوێنەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی فینلەند هاوڕێ یری مەنتوساڵۆ

ئینگلیزی پێشکەش کرد. هەروەها دوو هاوڕێی تریش لە ڕێکخراوە فینلەندیەکانی تر قسەیان کرد.

بەشی دوومی مەراسمەکە کە بریتی بوو لە بەشی هونەریی بە بەشداریی هونەرمەندانی هێژا (ڕۆنی خەلەکان) و (تیتۆ).

 مەراسمە کاتژمێر ٢٢ کۆتایی پێ هات.

 

ئەمەی خوارەوە وتەی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانە کە لەلان هاوڕێ هاوڕێ سۆران زەکیەوە لەو مەراسمەدا پێشکەش کرا:

 

بەڕێزان ئەندامان و لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان، ئامادەبووانی بەڕێز، ئەم کاتەتان باش.

سوپاس بۆ بانگهێشتنتان بۆ ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزرانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

 

سەرەتا بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانەوە پیرۆزباییتان لێ دەکەم بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە نزیک بە نیو سەدەیە بەرامبەر ڕێژیمی فایشتیی تورکیای داگیرکەری باکووری کوردستان وەستاوەتەوە و پێشەنگایەتیی بەرخۆدانێکی شۆڕشگێڕانەی کردووە.

بەڕێزان!

بەبەر چاوی دێموکراسیی کاپیتالیستیی ڕۆژاواییەوە زیاتر لە سەدەیەکە وڵاتی ئێمە بە چەکە مۆدێرنەکانی ئەوان و بە دەستی هاوپەیمانە ترۆریستەکانیان لە تورکیە و عراق و ئێران و سووریە ئاگرباران دەکرێت. ئەو کۆمەڵکوژیەی کە ئەمڕۆ تورکیەی فاشیست لە ڕۆژاوای کوردستان و لە پەنای  شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا ئەنجامی دەدات، ئەو سەرکوت و زەبروزەنگە هۆڤانەیەی کە کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامیی لە چوار دەیەی ڕابردوودا دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامی داوە، ئەو خوێنڕێژییەی کە لە شۆڕشی ژینادا دژی ژن و ژیان و ژینگە و ئازادی وەڕێی خستووە لە پاڵ کوشتاری هەر ڕۆژەی کۆڵبەرانی کوردستان و لەسێدارەدانی بەردەوامی زیندانیانی سیاسی مشتێکن لە دنیایەک تاوانکاریی فاشیستانی داگیرکەری کوردستان کە بەبەر چاوی دنیای بەناو دێموکراسی بەڕێوە دەچن و بێشەرمانە لە ئاستیاندا بێدەنگییان ڕەچاو کردووە.

لە شەڕی جیهانیی یەکەمەوە کوردستان وەک کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتیی نکۆڵییلێکراوی چوارپارچە کراو بە بەردەوامیی و بێ پسانەوە خەڵکی کۆمەڵکوژ کراوە، سامانە سروشتیی و فەرهەنگییەکانی ئەنفال کراوە و بەتاڵان براوە. کوردستانی ئێمە لەو دەگمەن ناوچانەی جیهانە کە لە دژی خەڵکی سیڤیل بە بەردەوامیی هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراوی تێدا بەکار هاتووە. لەم ١٠٠ ساڵە خوێناوییەی  ڕابردوودا نەمانبینی بۆ جارێکیش ئەوەی پێی دەڵێن نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی پێی دەڵێن ئەنجوومەنی ئاسایش بچووکترین گرنگیی ڕووکەشیانەشیان بە پرسی کوردستان دابێت. ئەوەی کوردستان لەم ماوەیەدا بینیویەتی، هەر تەنیایی خۆیی و بەرخۆدانی قارەمانانە خۆیی و هەر پرژوبڵاویی و بێبەرنامەیی لایەنە سیاسیەکانی خۆی بووە. بەداخەوە تا ئێستا بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوایەتیی کوردستان، بۆ دەرهێنانی خەڵکی کوردستان لەژێرچەپۆکەیی نەتەوایەتیی، لایەنە سیاسیەکانی کوردستان گوتارێکی هاوبەشیان نەبووە، ستراتیژییەکەکی هاوبەشیان نەبووە کە لەپێناو دەستەبەرکردنیدا و لە بەرامبەر دوژمنە هاوبەشەکانماندا لەدەوری یەک کۆمان کاتەوە.

بەڕێزان

دۆخی دژواری کوردستانی داگیرکراو، پرسە هاوبەشە گرنگەنگە گشتییەکان، پرسە سەرەکیی و هەنووکەییەکانی وڵاتەکەمان، پرسی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان کە هەموومان تێیدا بەشداریین ئەوەمان لێ دەخوازێت کە هەموو ئەو حیزبانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستاندا بەشدارین سەرەڕای هەر جیاوازییەکی سیاسی و ستراتیژیکیی نێوانیان پێویستە و تەنانەت ئەرکمانە لە دژی داگیرکەرانی کوردستان و لە پرسە هاوبەشەکانی بزووتنەوەی کوردستاندا هاوکارییەکی چڕوپڕ و ڕاستەقینەمان هەبێت. هاوکارییەک کە بناغەکەی لەسەر بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت نەک تەنها بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبیی. لەم ڕوانگەوە ئێمە لە بەرانبەر هەموو داگیرکەرانی کوردستاندا پشتگیریی خەباتی لایەنە سیاسیەکانی هەموو بەشەکەکانی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

 

بەڕێزان

جێی داخە کە تا ئەمڕۆ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان نەیانتوانیوە لە دژی داگیرکەران و لە پێناو بەرژەوەندی باڵای بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستاندا لە بەرەیەکی هاوبەش یان لە ناوەندێکی هاوکاریی فراواندا کۆببنەوە. ئەمەش بێگومان هێندەی پەیوەندی بە سکتاریزمی حیزبییەوە هەیە ئەوەندە پەیوەندی بە جیاوازیی و نزیکایەتیی سیاسییەوە نیە. ئێمە پێمان وایە هۆکاری سەرەکیی ناتەبایی و پرژوبڵاویی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و کۆنەبوونەوەیان لە بەرەیەکی فراواندا بەر لە هەر شتێک دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دیسکۆرسێکی هاوبەش بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتیی کوردستان و کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی و ستەمکاریی نەتەوایەتیی. تا ئەو دیسکۆرسە نەبێت، تا هەموومان نەگەینە ئەوەی کە دەبێ بە خەباتی یەکپارچەمان هەلێک بڕەخسێت کە تیایدا خەڵکی کوردستان بتوانن ئازادانە بڕیار لەسەر چارەنووسی نەتەوایەتیی خۆیان بدەن، ئەستەمە کۆنگرە یان بەرەیەکی هاوخەباتیی فراوان بتوانێت لە دەوری یەک کۆمان بکاتەوە.

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە کوردستانی ژێر دەستی فاشیزمی تورک و عەرەب و فارس بە یەک کوردستان و یەک وڵاتی داگیرکراو دەزانێت و ئاواتە خوازە ڕۆژێ لە ڕۆژان سەربەخۆ بێت و یەک بگرێتەوە، بەڵام دابەشبوونی کوردستان و پارسەنگی هێزی نێوان کوردستان و داگیرکەرانی ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ئەستەمە ڕزگاریی کوردستان لە هەموو بەشەکانی هاوکات ڕوو بدات، بۆیە ئێمە ناچارین لە خەباتی سیاسیی و ڕێکخراوەیی خۆماندا، لە پلەی یەکەمدا فۆکوس بخەینە سەر ڕۆژهەلاتی کوردستان بێ ئەوەی کە بەرامبەر بەشەکانی تری کوردستان، خۆمان بە نابەرپرسیار بزانین. ئێمە بەشێکین لە خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژاوا و لە باشوورەوە تا باکوور.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سۆسیالیستیی سەردەمیانە تێ دەکۆشێت. ئێمە کوردستانمان بۆ دانیشتوانی دەوێت بە کورد و هەموو کەمایەتییە نەتەوایەتییەکانی تریشەوە کە لەم جواگرافیایە دەژین و پێمان وایە کوردستان وڵاتی ئەوانیشە. ئێمە کوردستان و سەربەخۆییکەیشمان بۆ کرێکاران و هەژاران و ژنانی ژێردەستە و بۆ دانیشتوانی ولاتەکەمان دەوێت، نەک بۆ ئێلیتێکی مشەخۆر کە بیەوێت بەناوی کوردایەتییەوە کوردستان بکاتە کۆمپانیای سەرمایەداران. ئێمە دەستی هاوکاریی ئێوە و هەر لایەنێکی سکۆلار و چەپی کوردستان دەکوشین کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بۆ دامەزراندنی سیستمێکی یەکسانییخوازانە و بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی چەوسێنەرانەی سەرمایەداریی خەبات دەکات.

دووبارە پیرۆزباییمان هەیە و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە خەباتی ڕەواتاندا لە دژی ڕێژیمی فاشیستیی تورکیە، لە دژی داگیرکەری باکووری کوردستان.

سەرکەوێ بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان!

یەکگرتووبن لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە دژی داگیرکەران!

سەرکەوێت شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی!

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٧ی نۆڤەمبری ٢٠٢٣