هاوڕێ ئەحمەد زوورەیی ئەندامی لەمێژینەی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
12-12-2023


بەداخەوە دوێنێ ١٩ی سەرماوەزی  ١٤٠٢هەتاویی (١٠ی دێسامبری ٢٠٢٣ ) هاوڕێ ئەحمەد ئەحمەدی ناسراو بە ئەحمەد زوورەیی لە تێکۆشەرانی لەمێژینەی ڕیزەکانی ڕێکخستنی نهێنیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و لە خەباتکارانی سەردەمی شۆڕشی ٤٦ ــ ٤٧ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ کۆچی دوایی کرد.

هاوڕێ ئەحمەد زەحمەتکێشێکی خەڵکی ئاوایی زوورانی سەردەشت بوو کە لە کاتی دامەزرانی کۆمەڵەی یەکسانییەوە ئەندامی کۆمەڵەی یەکسانیی بووە و لە کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان یەکێک لە نوێنەرانی هەڵبژێردواوی ناوچەی سەردەشت بوو. هاوڕێ ئەحمەد زوورەیی سەرەتا تا ئاگربەستی شەڕی سێ مانگە یەکێک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی بەرەکانی شەڕی بەرگریی دەڤەری سەردەشت و ڕەبەت بوو. پاش داگیرکرانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی ڕێکخستنی نهێنیی کۆمەڵەی یەکسانیدا چالاکانە درێژەی بە خەبات دا.

دوێنێ یەکشەممە ١٩ی سەرماوەز تەرمی هاوڕێ ئەحمەد ئەحمەدی لە گۆرستانی ئاوایی زووران لەناو ئاپۆرەی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی دەڤەرەکە بە خاک سپێردرا.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان زۆر بەداخە بۆ کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر ئەحمەد زوورەیی و هاوخەمی خانەوادە و کەسوکاری بەڕێزی و ڕیزەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی و هەموو خەڵکی کوردستانە.

سڵاو لە یاد و خەباتی هاوڕێی یەکسانیخواز ئەحمەدی زوورەیی و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێبازی یەکسانیی و سەربەخۆیی کوردستان.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢
١١ی دیسامبری ٢٠٢٣

http://yeksani.info/Home/Detail/423