لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ورمێ بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل

ناوەندی ڕاگەیاندن
29-12-2023


سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی (٢٨/١٢/٢٠٢٣) چوار زیندانیی سیاسیی (کە سێ کەسیان کورد بوون) بە ناوەکانی وەفا هەنارێ، ئارام عومەری، ڕەحمان پەرهاز و هەروەها نەسیم نەمازی (زیندانییەکی تورک) بە تۆمەتی "موحاربە و فەساد لەسەر زەوی لە ڕێگەی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" لە زیندانی ورمێ لەسێدارەدان.

نەسیم نەمازی، وەفا هەناڕە، ئارام عومەری و ڕەحمان پەرهازو لەگەڵ ٥ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی کامەران هەنارە، فەخرەدین میلان، ئەشکان عوسمان نژاد، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق لە ماوەی پاییز و زستانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن دەزگای سیخوڕیی ڕێژیم (ئیدارەی ئیتلاعات) لە ورمێ دەستبەسەر کران و هەریەکەیان بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی توند کراون. هەروەها دواتر هاوڵاتییەکی تر بە ناوی مەنسوور ڕەسووڵی لە بەهاری ساڵی ١٤٠٢ ی هەتاوی بە هەمان تۆمەت دەستگیرکرا. شایانی ئەم کەسانەی لەسێدارە نەدراون هەرکامیان دە ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.

شایانی باسە کە لەسێدارەدانی ئەم چەند کەسە دوابەدوای ئەوە بوو کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چەند پاسدارێکی کۆماری ئیسلامی لە سووریە کوشت کە یەکێکیان بە ناوی ڕەزی مووسەوی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و لە کەسانی نزیکی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی سپای قودس بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم جینایەتەی کۆماری ئیسلامی، هاوخەمی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانەیە کە بە بیانووی هەڵبەستراو لە لایەن کۆماری سێدارەوە لە سێدارە دراون.

نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی!
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بۆ سەقامگیرکردنی کوردسانێکی سەربەخۆ و یەکسان!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٩/١٢/٢٠٢٣