سەپاندنی سزای ١١ ساڵ زیندان بەسەر مامۆستا سەیوان ئیبڕاهیمی، مامۆستا و وانەبێژی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
31-12-2023

 
چالاکڤانی شارستانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستا سەیوان ئیبراهیمی، هاوسەری بەڕێزی مامۆستا زارا محەمەدی و مامۆستا و وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوبەریی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ڕۆژی ڕابردوو بۆ تێپەراندنی ئەم سزا ناڕەوایە ڕەوانەی گرتووخانەی سنە کرا. ئەم سزا سەنگیینەی مامۆستا سەیوان ئیبڕاهیمی، تەنیا بەهۆی خەبات وخزمەتی بێوچانی بە زمان و کلتوری کوردییەوەیە له لایەن دەسەڵاتی ملهوڕ و فاشیستی کۆماری ئیسلامییەوە.

ئەم چەشنه هەڵسوکەوتەی ڕێژیم دەگەڵ چالاکانی بوواری فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی کە ڕەنگە زۆریش بەکەیفی لایەنە فاشیستەکانی پان ئیرانیستی پەروەردەی مەکتەبی ئیرانشاری بێ، تەنیا سەلمێنەری یەک ڕاستییه و ئەویش ترسی دەسەڵاتی ناوەندی لە هەستانەوەی فکری و فەرهەنگیی نەتەوە پەراوێزخراوەکانە لە ئێران.  ئەم دەسەڵاتەی ناوەندی چەقبەستووی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران لە ڕێگەی ترساندن و زیندانییکردنی چالاکڤانانی شارستانی و پەراوێز خستنی لایەنە فکری و فەرهەنگییەکانی سەر بە نەتەوەکانی تر داویەتە بەخۆی، لێرەوە و لە ڕێگەی هەستانەوەی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی دژ بە ئەم دوکتۆرینە پەست و قێزەونە دەکەوێته لەرزه و هەست بە ڕووخان دەکات. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم شێوە ڕەفتارە فاشیستییەی کۆماری ئیسلامییش، ڕوخساری قارەمانانی شاراوەی ئەم بوواره لەناو نەتەوە ستەملێکراوەکان دەدرەوشێنیتەوە و بە ڕوونی وەدەری دەخات.

ئەگەر تا دوێنێ کۆمەڵگەی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی فەرزاد و زاراوە لە سەنگەری خەباتی فەرهەنگیی و زمانیی دابوو، ئەمڕۆ دەنگێکی دیکەی بەناوی سەیوان لێ زیاد دەبێ و سبەینێ هەزارانی تر لەدووی دەنگی دەدەن. زەقبوونەوەی ئەم ڕەفتارە فاشیستییەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووی لە زیاد بوون کردووە و لە بەرانبەردا ورە و تەمای خەڵکانی چەوساوە و پشت گوێخراویش بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و گەیشتن بە ئاواتی دێرینەیان کە هەمان داڕمانی قەڵای پووشاڵی ناوەند و پێکهێنانی سیستەمێکی یەکسانییخوازانەیە لە ڕێی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی، پتەوتر دەکات.

بژی ئیرادەی بەهێز و بەرخۆدەری چالاکڤانانی شارستانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

سەرکەوێت خەباتی نەتەوە ستەملێکراوەکان بۆ ئازادی، یەکسانی و سەربەخۆیی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان!

١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣

(٣١/١٢/٢٠٢٣ی زایینی)