دوو کۆڵبەر لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە جینایەتکارەکانی هەنگی مەرزیی بانە کوژران

ناوەندی ڕاگەیاندن
10-01-2024


ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی (٩/٠١/٢٠٢٤)، کۆڵبەرێک بە ناوی شۆڕش خەرگوشی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی شاری سەڵماس، کەوتە بەر دەستڕێژی پاسەوانانی سنووریی ڕێژیم لە بانە و گیانی لەدەست دا.

هەروەها سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٠ بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاویی، (١٠/٠١/٢٠٢٤)، کۆڵبەرێکی تر بە ناوی میرزا ئەحمەدی، تەمەن ٤٣ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی گوندی هەنجەنەی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراونی هەنگی مەرزیی بانە گیانی لەدەست دا. لەم دوو تەقەکردنەدا چەندین کۆڵبەری دیکەش بریندار بوونە.

شایانی باسە کە کوشتنی کۆڵبەران لە لایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بۆتە کارێکی ئاسایی ڕۆژانەیان و کەمتر حەوتوویەک هەیە کە چەند کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی سپای ڕێژیم لە سنوورەکانی کوردستان خەڵتانی خوێن نەکرێن.
پێویستە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لایەنگرانی ماف و ئازادییەکانی خەڵک لە هەڵمەتێکی بەربڵاوی هاوبەشدا بۆ وەستاندنی ماشێنی کوشتارێک کە کۆماری ئیسلامیی ساڵانێکە لە دژی کۆڵبەرانی کوردستان و سوختبەرانی بلوچستان وەڕێی خستووە بێنە مەیدان و بە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یەکێتییە کرێکارییەکان و خەڵکی هومانیست هەوڵ بدەن سنوورێک بۆ ئەم خوێنڕێژییانەی کۆماری ئیسلامیی دابنێن.

نەمان بۆ ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی!
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣ی کوردی

(١٠/٠١/٢٠٢٤)