کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هێرشی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر شاری هەولێر بەتوندی شەرمەزار دەکات

ناوەندی ڕامیاری
16-01-2024

شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی بە درۆن و هاژەکی بالیستیک هێرشی کردە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی باشووری کوردستان کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی ١٦ کەس لە دانیشتوانی ئەو شارە. هاوکات ڕژیمی فاشیستیی تورکیە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە دەستی کردۆتەوە بە بۆردومانی  شار و ئاواییەکانی ڕۆژاوای کوردستان و ژێرخانە ئابوورییەکانی.

سوپای پاسدارانی ڕژیمی ترۆریستیی ئێران لە ڕاگەندراوێکدا هێرشە هاژەکییەکانی وەستۆ گرت و دەڵێت لەم هێرشەدا بنکەی سیخوڕیی ئیسرائیل و شوێنی کۆبوونەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامییمان لە ناوچەکە کردۆتە ئامانج. کۆماری ئیسلامیی بەم درۆ شاخدارانەی و بەم هێرشە سەربازیانەی گەرەکیە لە لایەکەوە لە ململانێی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خۆی بەهێز نیشان بدات و وای بنوێنێت کە توانای تۆڵەسەندنەوە و بەربەرەکانێی هەیە و لە لایەکی تریشەوە مەبەستیە دەسەڵاتی باشووری کوردستان لاواز و لاوازتر بکات.

 هێرشی هاوکاتی ڕێژیمەکانی ئێران و تورکیە بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هێڕشی دوو دەوڵەتی فاشیستیی داگیرکەری کوردستانە بۆ سەر کوردستانێک کە وەک دوژمنی ستراتیژیکیی خۆیان لێی دەڕوانن، هێرشە بۆ بێهێزکردنی دەسەڵاتەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و لێدانی شکۆ و سەروەرییان.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی لەگەڵ کەسوکاری گیانبەختکردوانی هێرشەکانی شەوی ڕابردوو، هێرشی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر شاری هەولێر و هاژەکبارانی خەڵکی سیڤیل و دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکانی تورکیەی فاشیست بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەتوندی شەرمەزار دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات سنوورێک بۆ کردەوە فاشیستییەکانی دوژمنانی کوردستان دابنێن.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٢

١٦ی جانیوەری ٢٠٢٤