ڕێوڕەسمی ئەسپەردە کردنی تەرمی سێ شاخەوانی نەغەده ،وانەی یەکگرتوویی و هاودڵیی بۆ هەموو کوردستان:

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
18-01-2024

دوابەدوای ئەوەیکە هەواڵی هاتنی ڕەنوو لە چیای ڕەندۆڵێی سەربه شاری شنۆ و بێ شوێن بوونی سێ شاخەوانی هاوڕێی کورد لەم چیایه ڕاگەیەندرا، جەماوەرێکی زۆر له هەموو شارەکانی موکریان بەپەرۆشەوە بەهانایانەوە چوون. بەڵام بەداخەوە دوای شەش ڕۆژ گەڕان و بەفر لادان، تەرمی بێ گیانی ئەو شاخەوانانە دۆزرانەوە و ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی زیاتر له سی هەزار کەس له ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆدا له شاری نەغەدە بەرەو سوڵتان یاقوب بەڕێ کران و له تەنیشت مەزاری محەممەد هەورازی نەمر بە خاک سپێردران.

دەگەڵ ئەوەیدا کە ئەم ڕوداوە دڵتەزێنە دڵی هەموو تاکێکی کوردی هەژاند بەڵام ئەوەی شایانی باس و جێگای شانازییه، بەشداریی بەشکۆ و چالاکانە و خەمخۆرانەی خەڵک بۆ دۆزینەوەی ئەم هاوڕێیانە بوو. بڵاو بوونەوەی دیمەنی ماندوونەناسانەی خەڵک و هاریکاریی بێ وچان بۆ ئارامگرتنی دلی دایکی جەرگ بڕاو ، جارێکی تر تۆمارکردنی لاپەڕەیەکی زێڕین بۆ ئەمەگناسیی خەڵکانی بەشەڕەف لە مێژووی مڕۆڤایەتیی گەلی کورددا وانەیەکی پڕ له ئامۆژگاری و ئەزموون بۆ هەموو لایەن و گڕوپە کوردییەکان بێ جیاوازی بوو، ئەویش ئەوەیکە تەنیا ڕێگەچارەی سەرکەوتن بەسەر کەند و کۆسپەکانی گەلی کورد و گەیشتن بە ڕزگاریی، یەکگرتوویی و هاودڵییه.

 پەیامێکی هەره گرنگی ئەم ڕووداوەش بۆ ڕێژیمی تاران و هەموو دوژمنانی کورد ئەوەیه کە گەلی کورد خاوەندارێتی لە هەموو ڕۆڵەکانی دەکات و بۆ هەر تاکێکی بە دەیان و هەزاران کەس دێنە سەر شەقام. هەر وەک پێشتر ئەم خەڵکە یەکگرتوویه لە شۆرشی ژینادا نیشانیان داوە، دەتوانن لە ئێوارەیەکی تووڕەدا دەسەڵات لە شار بەدەر کەن و دە جەنگەی تین و گەرمادا دارستان له ئاگر بستێننەوە، دەشتوانن به پشتیوانی فکری و هاودڵی و یەکگرتوویی هەموو لایەنە سیاسییەکان، هەر دەسەڵاتێک تێک بشکێنن. وانەی هەرە گەورەی ڕوداووی ڕەندۆڵێ و مەریوان و شۆرشی ژینا ئەوەیه کە خەڵک لە هەر بارودۆخێکدا پشتیوانی یەکتر و ڕزگاریی نیشتمانە و تا دوا پشتوو لە پشتی ڕۆڵەکانی ڕادەوەستێ و تەنانەت دار و بەردیشی وەک گیانی خۆی دەپارێزێ.

گیانتان شاد بێ ئەی وانە بێژانی یەکگرتوویی و یەکسانی!

بژین بۆ نواندنی ئەو قارەمانییه و هەموومان پێکەوە تا سەرکەوتن بەسەر داگیرکەراندا بەردەوام دەبین!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

١٨/٠١/٢٠٢٤ی زایینی