بەرز و پیرۆز بێت ٧٨ ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان

ناوەندی ڕامیاریی یەکسانی
22-01-2024

٧٨ ساڵ لەمەوپێش لە ئەنجامی پێکهاتنی بۆشاییەکی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی شەڕی دووەمی جیهانیی و لاوازیی ڕژیمی ئێرانەوە هاتبووە ئاراوە، کۆماری کوردستان بە پێشەنگایەتیی پێشەوا قازی مەحەممەد لە چوارچرای مەهاباد لە دۆخێکی نالەباری ناوخۆییدا ڕاگەیەندرا.

ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بەبێ ئامادەکاریی پێویست و لە نەکاو و لە سەردەمێکی زۆر دژواردا بەڕێوە چوو. لە سەردەمێکدا کە کۆمەڵگەی کوردستان هێشتا لە قۆناغی دەرەبەگایەتییدا بوو و ئاستی خوێندەواریی خەڵک و ژێرخانی ئابووریی کوردستانیش لەوپەڕی خراپیی خۆیدا بوو.

بە کۆتییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانیی و تێکشکانی فاشیزم، زەمینەی ڕزگاریی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئاستی جیهانییدا لە جاران لەبارتر بوو، بەڵام دامەزراندن و پاراستنی کۆماری کوردستان لە وەها سەردەمێکدا و ئەویش لەو پانتاوە بچووکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەدەست کۆمارەوە بوو و بەو پێکهاتە چینایەتییەی کە جومگە سەرەکییەکانی کۆماری لەدەستدا بوو، کارێکی ئاسان نەبوو.

ئەوە بوو کە پاش ڕێکەوتنی ئێران و سۆڤیەت و چوونەدەرەوەی سوپای سوور لە ئێران، ڕژیمی ئێران پاش تێکشکاندنی تراژیدیک و خوێناویی کۆماری میللی ئازەربایجانی دراوسێ، هێرشێکی خوێناویی کردە سەر کوردستان و بەداخەوە کۆماری کوردستان بەهۆی ناپاکیی و پشتتێکردنی بەشێکی بەرچاو لەو شێخ و دەرەبەگانەی کە لە بەرپرسە باڵاکانی حکوومەت بوون، سەرەڕای قارەمانێتیی کەموێنەی هێزی پێشمەرگە، نەیتوانی بەرگریی بکات و خۆی بپارێزێت.

کۆماری کوردستان هەرچەندە کەمتر لە ساڵێک تەمەنی کرد و بە لەسێدارەدانی پێشەوا قازی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەت کۆتایی پێ هات، بەڵام بە تۆمارکردنی مێژووێکی پڕشنگدار، پڕدەسکەوت و ئەزموونێکی بەنرخ، بووە هەوێنی گەشەسەندنی خەباتی ڕزگارییخوازیی گەلی کورد بۆ ڕزگاریی لە ژێرچەپۆکەیی نەتەوایەتیی. ئەو چرایەی کە لە چوارچرا هەڵکرا و دوژمن هەوڵی دا بیکوژێنێتەوە، بووە چلچرای ئومێدی ڕزگاریی و سەرکەوتن و لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەدرەوشێتەوە.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

ئێمە ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەکەینەوە کە کوردستان هێشتا پێخوستی داگیرکەرانە و پارچەپارچەیە. هێشتا هەموو بەشەکانی کوردستان وەک جاران خوێنیان لێ دەبارێت و داگیرکەران شەلم، کوێرم، ناپارێزم، لە هیچ تاوانێک دەست ناپارێزن و بە بەرچاوی دنیای بەنێو دێموکراسییەوە خەڵک کۆمەڵکوژ دەکەن.

خۆشبەختانە ئەمڕۆکە کوردستان سەرەڕای بەربەستەکانی سەر ڕێی گەشەسەندنی، پێشکەوتنێکی باشی هەمەلایەنەی بەخۆیەوە بینیوە و خاوەن توێژێکی بەرین لە ئاکادێمیست و پسپۆرانی بوارە جۆراوجۆرەکانی زانستە و هەرچەندە لە ڕووی پیشەسازییەوە لە دواکەوتووییدا ڕاگیراوە، بەڵام لە ڕووی سامانە سروشتیەکانەوە یەکێک لە دەوڵەمەندترین دەڤەرەکانی جیهانە.

ئەگەر لە کوردستان لایەنە سیاسیەکان خاوەن ستراتیژەکی هاوبەش بوایەن بۆ پرسی نەتەوایەتیی کوردستان و یەکگرتوانە لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا خەڵکیان بە ڕێکخستن کردبا، دۆخی گەلی کورد بەم جۆرە نەدەبوو کە هەیە.

 ئەمڕۆکە کوردستان پێویستی بە شێوازگەلێکی سەردەمیانەی خەبات هەیە هەم بۆ پرسی نەتەوایەتیی و هەم بۆ پرسە چینایەتیی و کۆمەڵایەتییەکانی تر. سەردەمی شەڕی چەکدارانەی کلاسیک کۆتایی پێ هاتووە. سەردەم سەردەمی خەباتی کۆمەڵایەتیی و خەباتی شەقام و شوێنی کارە.

کرێکاران و هەژاران و ژنانی کوردستان پێویستە بە کۆبوونەوەیان لە دەوری هێڵی چەپ و سۆسیالیستیی کوردستان ڕابەرایەتیی شۆڕشی نەتەوایەتیی بەدەستەوە بگرن.  بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستیی کوردستان پێویستە چاوێلکەی ئێرانچیێتیی دابنێت و ڕیالیستییانە و شێلگیرانەتر لە جاران هەوڵ بدات ڕابەرایەتیی شۆڕشی ڕزگاریی نەتەوایەتیی کوردستان بەدەستەوە بگرێت و ئەم بزووتنەوەیە بە سەرکەوتن بگەیەنێت.

بەرز و پیرۆز بێت ٢ی ڕێبەندان ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان!

سەرکەوێ بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان بۆ چەسپاندنی سەربەخۆیی و یەکسانیی! 

 

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢

٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٤

www.yeksani.info