بەخاکسپاردنی تەرمی فەریار ئەمینپوور، وەرزشوانی خۆشەویست و سەرکەوتووی کوردستان لە مەراسمێکی شکۆداردا لە سەقز

ناوەندی ڕاگەیاندن
26-01-2024


ئەمڕۆ ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاویی (٢٦ی ژانویەی ٢٠٢٤) تەرمی وەرزشوانی لاوی کوردستان فەریار ئەمینیپوور لە تایلەندەوە گەیشتوە شاری سەقز و لە مەراسمێکی شکۆداری پانوبەریندا لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، لە گۆڕستانی ژینای ئازیز بە خاک سپێردرا.

خەڵکی شاری سەقز و دەوروبەر بە بەدرەقەکردنی هەزارانکەسیی ئەم وەرزشکارە خۆشەویست و سەرکەوتووەی کوردستان کە دوو هەفتە لەمەوپێش لە ڕووداوێکی هاتوچۆ لە تایلەند گیانی لەدەست دابوو، پەیامێکی گەورە و گرنگی سیاسی بە گوێی دۆست و دوژمن دادا. ئەم مەراسمە و دروشمەکانی نیشانی دا کە ئەمڕۆکە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی وەرزشوانان لە کوردستان تەنها و تەنها مەراسمگەلێکی ئاسایی هاندەرانی ئەم و ئەو وەرزشوان نین، بەڵکو ئەم مەراسمانە بەر لە هەر شتێک مارشگەلێکی شۆڕشگێرانەی پانوبەرینن کە لە دژی کۆماری ئیسلامیی داگیرکەر بەڕێوە دەچن.

خەڵکی کوردستان بەم پێشوازییە شکۆدارانەیان و بەم مەراسمە پانوبەرینانەیان کە دوێنێ لە نەغەدە و ئەمڕۆ لە سەقز بینیمانن، بەتایبەتی بە سەردان و گوڵبارانکردنی ئەمڕۆی گڵکۆی ژینا ئەمینی و گیانبەختکردوانی تری شۆڕشی ژینا نیشانیان داوە کە نەک گیانبەختکردوانیان فەرامۆش ناکەن و خۆشەویستانی جگەرسووتاویان بە تەنیا جێ ناهێڵن، بەڵکو بۆ درێژەدانی شۆڕش یەکگرتوانە و قارەمانانە لەسەر هێڵن.

ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی قووڵی خۆمان لەگەڵ خانەوادەی فەریار ئەمینیپووری جوانەمەرگ کە پاش کۆڵبەریی وەرزشی کردبووە سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و خانەوادەی، هاوخەمی خەڵکی شاری سەقز و و هەموو کوردستانین.

لە هەمان کاتدا دەستخۆشیی لە خەڵکی پێشەنگ و تێکۆشەری سەقز و دەڤەرەکە دەکەین بۆ ئەم مەراسمە شکۆدارە مەزنەیان و بۆ بەتەنگەوەهاتنی خانەوادەی جگەرسوتاوی فەریاری جوانەمەرگ.

بژی یەکێتیی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان لە دژی داگیرکەران و کۆنەپەرستان!

نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی

٢٦/١/٢٠٢٤ی زایینی