پشتگیریی داواکاریی ڕێکخراوە شارستانییەکان دەکەین بۆ مانگرتنی گشتیی لە ڕۆژی سێشەممە، دەی ڕێبەنداندا

ناوەندی ڕامیاریی یەکسانی
29-01-2024


کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

سەرەنجام بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ٩ی ڕێبەندان، سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییە جیهانییەکان کۆماری سێدارەی ئیسلامیی ئێران چوار بەندکراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە ناوەکانی پژمان فاتحی، محەممەد فەرامەرزی، موحسین مەزڵووم و وەفا ئازەربار لە زیندانی قزڵحەسار لەسێدارە دا.

ڕژیمی ترۆریستیی کۆماری ئیسلامیی داگیرکەر بۆ درێژەدان بە تەمەنی نگریسی خۆی هەموو ڕۆژێک و هەر جارەی بە تۆمەتێکی بێبنەماوە ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران لە سێدارە دەدات. کۆماری ئیسلامیی ئەم ڕۆژانە لە سێبەری شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا کە چاوی بیروڕای گشتیی جیهانی لەسەرە هەلی گیرهێناوە کە لە بێدەنگییدا هێندەی بۆی دەکرێت لە کوردستان خوێن بڕێژێت. بۆیە ڕۆژ نیە هەواڵی لەسێدارەدانی زیندانیان و کوشتنی کۆڵبەرانمان نەبیستین.

ئەم چوار زیندانییە سیاسیە لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١ی هەتاویی لە دەڤەری ورمێ بە تۆمەتی بێبنەمای سیخوڕییکردن بۆ ئیسرائیل گیرابوون و لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای کوشتنیان بەسەردا سەپابوو و ماوەی ١٩ مانگیش بوو لە دیداری خانەوادە و کەسوکاریان بێبەریی کرابوون.

ئێمە دەزانین کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندە لەژێر گوشاری دەمودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژیمێکی هار و دڕندەی داگیرکەردایە. ئێمە تێ دەگەین کە هەموو ناڕەزایەتییەکی خەڵکی ئێمە زۆر ئاسانتر لە ناوچەکانی تر لەگەڵ زەبروزەنگی بێوێنەی کۆماری ئیسلامیی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە هیچ ڕێگایەکمان نیە جگە لەوەی یەکگرتووانەتر و ڕێکخراوانە بچینە جەنگی داگیرکەر. ئێمە دەزانین کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە یەکگرتووانە و قارەمانانە نای بە کۆماری ئیسلامیی وتووە و هەرگیز چۆکی دانەداوە، بەڵام لەم جەنگەدا یەکگرتوویی سەر شەقامی ئەم و ئەو شار کافی نیە. کوردستان بۆ بەرگریی و خۆپاراستن، بەتایبەتی بۆ پاراستنی گیانی زیندانیانی سیاسییمان پێویستیی خێرامان بە ڕێکخراوبوون هەیە. پێویستە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان زیاد بکرێن و لە زنجیرەیەکدا یەکبگرنەوە تا لە هەر کوێ پیویست بوو بە بانگەوازێکی سەرتاسەریی بەرەنگاری دوژمن بینەوە.

پێکهێنانی زنجیرەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان بە پشتگیریی بەرینی کۆمەڵانی خەڵک بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و دیاسپۆرای دەرەوەی وڵات دەتوانێت سنوورێک بۆ تاوانکاریی و خوێنڕێژییەکانی کۆماری سێدارە دابنێت. کۆمەڵگەی ڕێکخراو بە پشتیوانیی بەرینی کۆمەڵانی خەڵک دەتوانێ داگیرکەر بە چۆکدا بێنێت.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای هاوخەمیی لەگەڵ کوردستان و خانەوادە و کەسوکاری ئەم لاوانەی کە ئەم بەیانییە گوڵی ژیانیان بە دەستی داگیرکەران پەڕپەڕ کرا، لەسێدارەدانی ئەم چوار لاوە بێتاوانەی کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکات و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی دەکات بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی بۆ ئازادکردنی زیاندانیانی سیاسیی و بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای کوشتن.

هاوکات ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ داوای ڕێکخراوە شارستانییەکان و هەروەها بۆ داوای بنەماڵەکانی ئەم چوار زیندانییە سیاسییەی بە دەستی ڕێژیمی فاشیستی ئیسلامی لەسێدارە دران، بۆ مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتیی گشتیی لە ڕۆژی سێشەممە، دەی ڕێبەندان دژی کۆماری سێداری ئیسلامی ڕادەگەیەنین و داواکارین خەڵکی کوردستان بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت لەم ناڕەزایەتییەدا بەشدار بن.

سەرکەوێت یەکگرتوویی و یەکدەنگیی خەڵکی کوردستان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی!
نەمان بۆ کۆماری سێدارە!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاویی
٢٩/١/٢٠٢٤