کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتیی ١٠ی ڕێبەندان لە کوردستان بەرز دەنرخێنێت

Yeksani
31-01-2024

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

ژنان و پیاوانی تێکۆشەر و یەکسانییخواز!

ئێوە ئەمڕۆ بە مانگرتنی یەکپارچە و سەرتاسەرییتان بۆ جارێکی تر بە دۆست و دوژمنتان نیشان دا کە کوردستان قەڵای لەگیراننەهاتووی شۆڕشە و بنەماڵە و کەسوکاری ئەو ئازیزانەتان بەتەنها جێ نەهێشت کە ڕۆژی ڕابردوو بە دەستی جەللادانی کۆماری ئیسلامیی لەدار دران. ئێوە بەم مانگرتنە پانوبەرین و شکۆدارەتان کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، بەردەوامیی شۆڕشی ژیناتان بۆ جارێکی تر پشتڕاستکردەوە و داگیرکەری کوردستانتان لەوەی کە هەیە ڕیسوا و ڕیسواتر کرد.

دایکان و باوکانی گیانبەختکردوانی ٩ی ڕێبەندان، دایکان و باوکانی گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادیی!

ئێمە سەربەرزین بە بەرزییتان! ئێوە ڕاستتان فەرموو: کە کوردستان چیای تەرغەیە و هەرگیز بۆ دوژمنانی ناچەمێتەوە! ئێوە ڕاستتان فەرموو کە دەڵێن: ئێمە ئێستا زۆر بەرزین، لە تەشقی ئاسمانین! ئەگەر خەڵکی تر خۆشییان ئەوەیە کە منداڵەکانیان گەورە و بەرز دەکەنەوە، ئێمە شانازیمانە و سەربەرزین بەوەی کە ڕۆڵەکانمان لەڕێی ئازادییدا سەر دەنێنەوە! چەندە جێی شانازییە کە دایکی کاکە پژمان دەفەرموێت: مەگرین، ئەمە وەسیەتی پژمانە: ڕەش مەپۆشن. نابێ ڕەشپۆش بن و بگرین! کوڕەکەم لەپێناو ئازادیی کوردستاندا سەری سەربەرزیی ناوەتەوە!

کۆمەڵانی خەڵکی قارەمانی کوردستان!

پیرۆزە سەرکەوتنی مانگرتنی گشتیی ١٠ی ڕێبەندان! پیرۆزە، جێی پێزانین و ڕێزە یەکێتیی و هاودڵییتان. مانگرتنی یەکپارچەی ئێوە نیشانی دا کە کوردستان چەندە لێبڕاو و خاوەن ئیرادە و ئاسۆیە بۆ تێکشکاندنی بەرەی لەرزۆکی دوژمن! دوژمنێکی لاواز کە بە لەداردانی زیندانیانی سیاسیمان هەوڵ دەدات بێهێزیی خۆی بشارێتەوە.

لێرەوە بۆ جارێکی تر سەرەخۆشیی لە بنەماڵە و کەسوکاری گیانبەختکردوانی ٩ی ڕێبەندان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین! نامرن ئەو ئازیزانەی لە دڵی گەلدا دەژین!

پیرۆزە ئەم سەرکەوتنە مێژووییە. بێگومان شۆڕش لە سۆنگەی یەکێتیی و هاودڵیی خەڵکی کوردستانەوە بە گوڕ و تاوەوە درێژەی هەیە. بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕش پێویستە کۆمەڵانی خەڵک زیاتر و زیاتر ڕێکخراو بن و ڕابەرایەتییەکی شۆڕش لە ناوەوەی وڵات بە هیممەتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانییخواز دەستەبەر بکرێت. بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕش پێویستە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە وانەی یەکێتیی فێر بن، یەکێتیی و هاوکارییەکی ڕاستەقینە لەپێناو ڕزگاریی و ئازادیی لە دژی دوژمنی هاوبەشمان.

بژی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان!

بژی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی!

بڕوخێت کۆماری ئیسلامیی!

نا بۆ هەموو جۆرە سزایەکی کوشتن!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاویی

٣٠ ژانویەی ٢٠٢٤