داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین بۆ ڕاگرتنی ماشینی کوشتاری کۆماری ئیسلامیی پشتگیرییمان بکەن!

ناوەندی ڕاگەیاندن
03-02-2024

 

ئامادەبوانی بەڕێزی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی هێلسنکی!

هەروەک ئاگادارن، کۆماری ئیسلامیی بۆ سەرکوتی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی هەموو دەمودەزگا سەرکوتگەرەکەی خۆی هێناوەتە مەیدان و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی خوێنڕێژییەکان بەرزتر دەکاتەوە. ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە ڕۆژ نیە بە بیانووی جۆراوجۆر زیندانیانی سیاسیی لەدار نەدات و خەڵک نەداتە بەر گوللـە تا بە خەیاڵی خۆی بتوانێت بە کوشتار و تۆقاندن و داپڵۆسین شۆڕشێکی لەشکستنەهاتوو بەچۆکدا بێنێت و بۆ ماوەیەکی تریش درێژە بە تەمەنی نگریسی خۆی بدات.

کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی ٤٤ ساڵی دەسەڵاتدارێتیی شوومی خۆیدا سەدان هەزار ژن و پیاوی ئازادیخوازی بەشێوازی جۆراوجۆر کوشتووە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادیدا زیاتر لە ٧٠٠ کەسی لە شەقام و زیندانەکان خەڵتانی خوێن کرد. ساڵی ٢٠٢٣ ئەم ڕژیمە فاشیستییە، بە فەرمی، ٨٢٩ کەسی لە سێدارە دا، کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون و لەداردانی هەندێکیشیان لە شوێنە گشتییەکان و بەبەرچاوی خەڵکەوە بەڕێوە چوو.

ئامادەبووانی بەڕێز، پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە فینلەند!

کۆماری سێدارە تەنها لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤ دا ٧٤ کەسی بە پاساوی جۆراوجۆر لە سێدارە داوە کە لەوانە ٣٤ کەسیان کورد بوون. کۆماری سێدارە و بەردەباران و شەللاق و قەساس و ترۆر، تەنها لە ژانویەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠ کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتووە و بریندار کردووە.

بەڕێزان!

کۆماری ئیسلامیی لە ٩ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و جیهانییەکان، چوار بەندکراوی سیاسی کوردی بە ناوەکانی پژمان فاتحی، محەممەد فەرامەرزی، موحسین مەزڵووم و وەفا ئازەربار لە زیندانی قزڵحەسار لەسێدارە دا، کە لەگەڵ مانگرتنی گشتیی و یەکپارچەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕوو بووەوە. خەڵکی کوردستان بەم مانگرتنە گشتییەیان وەک هەمیشە قارەمانانە و یەکگرتووانە ڕووبەڕووی کۆماری ستەم و سەرکوت بوونەوە و نیشانیان دا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان، شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی بە هەنگاوی بڵند درێژەی هەیە و کوردستان ئامادەی هەموو گیانبازییەکە بۆ لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامیی.

کۆماری ئیسلامیی داگیرکەر ئەم ڕۆژانە، لە سێبەری شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا کە چاوی بیروڕای گشتیی جیهانی لەسەرە هەوڵ دەدات لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێت و لە بێدەنگییدا هێندەی بۆی دەکرێت لە کوردستان و هەموو ئێران خوێن بڕێژێت. بۆ پاشەکشەپێکردنی دوژمن، بۆ ڕاگرتنی ماشێنی کوشتاری کۆماری ئیسلامیی، بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕش و لەگۆڕنانی کۆماری سێدارە، پێویستە یەکگرتوویی بێوێنەی کۆمەڵانی خەڵک لە ناوەوەی وڵات ڕێکخراوبوونێکی سەرتاسەریی لێ بکەوێتەوە. لە دەرەوەی وڵاتیش پێویستە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و چالاکانی مەدەنیی لە بەرانبەر دوژمنی هاوبەشدا، لە بەرانبەر داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەک خەڵکی کوردستان یەکگرتوو و یەکهەڵوێست بن.

بەڕێزان!

ئێمە ئەمڕۆ بۆ جارێکی تر لە دژی کۆماری سێدارە هاتووینەتەوە شەقام تا پەیام و بانگی ڕەسای شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی بە کۆمەڵگەی فینلەند و لایەنە پەیوەندیدارەکان و مرۆڤدۆستانی جیهان بگەیەنین و داوایان لێ بکەین لە شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادیدا پشتیوان و هاوکارمان بن

لە کۆتاییدا وێڕای هاوخەمیی دووبارەمان لەگەڵ خانەوادە و کەسوکاری ئەو ئازیزانەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوڵی ژیانیان بە دەستی جەنایەتکارانی کۆماری سێدارە پەڕپەڕ کرا، کۆماری سێدارە و تاوانکارییەکانی بە توندی شەرمەزار دەکەین و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و خەڵکی مرۆڤدۆست و ڕێکخراوە کرێکارییەکان و دەوڵەتی فینلەند و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا دەکەین بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت لە گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامیی بۆ ئازادکردنی زیاندانیانی سیاسیی و بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە سزایەکی کوشتن لە ئێران درێغیی نەکەن. ئەمڕۆکە زیاتر لە ٥٠ زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران کە سزای کوشتنیان بەسەردا سەپاوە، هەموو چرکەساتێک گیانیان لە مەترسییدایە.

بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی!

بژی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی!

نا بۆ هەموو جۆرە سزایەکی کوشتن!

بەڵێ بۆ دادگاییکردنی کۆماری سێدارە لە دادگای نێونەتەوەیی داد!

 

کۆمەڵە ـ ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد ـ نەجەدەکە

٣/٢/٢٠٢٤

هێلسنکی