کۆچی دوایی هاوڕێ حوسێن ئیبڕاهیمیان، هاوڕێی دێرین و لایەنگری بەوەفای یەکسانی لە سەردەشت!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
07-02-2024


بەداخەوە ئاگادار بووینەوە کە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی هاوڕێی دێرین و لایەنگری بەوەفا و هەمیشەیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، هاوڕێ حوسێن ئیبڕاهیمیان بەهۆی نەخۆشی لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد.

هاوڕێ حوسێن ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە خێزانێکی وەرزێڕی مام ناوەندی لە گوندی وەردێی ناوچەی سەردەشت چاوی بە دونیا هەڵێنا. ئەو یەکەم منداڵی خێزانەکەی بوو کە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە گەڵ کاری تاقەت پڕوکێنی وەرزێڕی بەرەوروو بوو و وێڕای دایک و باوکی بەشداری هەموو ئەو کارە قورسانەی کردوە کە وەرزێڕانی گوند بۆ دابینکردنی ژیانی ڕۆژانە پەنای بۆ دەبەن.

ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی راپەرین، هاوڕێ حوسێن لە گرتنی پاسگای وەردێ ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو، لە دانانی یەکەم مەقەڕی کۆمەڵە یەکسانیی کوردستان لە گوندی وەردێ بەشداری کرد و ئەو کەسانەی تازە دەهاتن بۆ مەقەڕی یەکسانیی فێری بەکارهێنانی چەک و پرەنسیپی نیزامی دەکردن. کاک حوسێن لە زۆربەی کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت بەشدار بوو. تا ساڵی ١٣٥٩ ی هەتاوی کە بەرپرسانی ناوچەیی حیزبی دێموکڕات کۆمەڵێک کێشەیان بۆ بنەماڵەی مامۆستا بێخەو و هاوڕێ حوسێن دروست کرد، بە ڕاوێژ کردن لە گەڵ دۆست و خزم و هاوڕێیانی یەکسانیی لای خزمێکی خۆی بە ناوی حەسەن مینە بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات. ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی دوای شەهید بوونی حەسەن مینە وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و گەڕایەوە گوندی وەردێ.

هاوڕێ حوسێن ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی هاوسەرگیری کرد و بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی کاری کشتوکالی دەکرد. لەو ماوەیەدا بەردەوام سەردانی مامۆستا بێخەو و هاوڕێیانی یەکسانیی لە باشووری کوردستان دەکرد و وەک لایەنگرێک و کەسێکی جێگای متمانە ئەو کار و چالاکیانەی جێبەجێ دەکردن کە مامۆستا بیخەو پێی دەسپاردن.

ئاواتی هاوڕێ حوسێن سەرکەوتنی شۆڕشی چەوساوەکان و دەسەڵاتێکی دادپەروەر بوو، ئەو وێڕای ئەوەی کە کەسێکی چاونەترس و بە ئومێد و بڕوا بەخۆ و شارەزای شەڕی پارتیزانی و پرەنسیپی نیزامی بوو، مرۆڤێکی مەند و هێدی و بیرتیژ بوو، هەموو ئەو بەسەرهات و رووداوانەی لەبیر بوون کە لە ژیانی خۆیدا دیبوونی یا بۆیان گێڕابۆوە. لە گەڵ هەموو ئەو تایبەتمەندییانە تا ئەو جێیەی بۆی کرابا هاوکاریی خەڵکی هەژاری دەکرد.

کاک حوسێن بە درێژایی ژیانی توشی ئێش و ئازارێکی زۆر بووە. ڕاوەدوونان، گرتن و ئەشکەنجە و نابەرابەریی چینایەتی و ستەمی نەتەوایەتی و کێشە و شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی دیوە و لە نزیکەوە لە گەڵ چەندین تراژیدیادا ژیاوە و خەفەتی لە هەر هەموویان خواردووە.

بەداخەوە هاوڕێ حوسێن دوای دووساڵ بەربەرکانی لە گەڵ نەخۆشی، لە ٥/١١/١٤٠٢ی هەتاوی لە گوندی وەردێی سەردەشت دڵی پڕ لە هیوا و ئومێدی لە لێدان کەوت و لە تەمەنی حەفتاو چوار ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی خێزانی و دوو کچ و چوار کوڕی بەجێ هێشت.

وەک ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای بەداخبوونی خۆمان بۆ کۆچی دوایی هاوڕێ حوسێن، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکەین و سەرساخییان بۆ دەخوازین.

یادی هاوڕێ حوسێن هەرمان و ڕێگای بەردەوام بێت!
نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٦/١/٢٠٢٤