تاکەی بێدەنگیی لە ئاست کۆڵبەرکوژیی کۆماری سێدارە و تێکدانی ژینگەی کوردستانی داگیرکراو؟!

سۆران زەکی
16-02-2024

لە سۆنگەی سیاسەتێکی کۆڵۆنیالیستیی و دەسەڵاتدارێتیی ڕژیمێکی داگیرکەر و کۆنەپەرستی ئیسلامییەوە، بەشێکی بەرچاو لە هەژارانی ژن و پیاوی وڵاتە دەوڵەمەندەکەی ئێمە، لە کەمتەمەن و گەنج و بەساڵاچووی دێنشێنەوە بگرە تا دەگاتە هەژارانی شارەکان و کەسانی خاوەن بڕوانامەی بەرز، ساڵانێکە ناچارکراون دەس بدەنە کاری ترسناکی کۆڵبەری و ساڵانە سەدان کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی دەکوژرێن و بریندار دەکرێن. لە ساڵی ٢٠٢٣ی زاینییدا ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنوورە دەسکردەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کوژراو و بریندار بوون، کە لەوانە ٣٢ کەسیان منداڵ بوون. لە ژانویەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠ کۆڵبەر لە خاڵە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی کۆماری ئیسلامیی کوژراو و بریندار بوونە.

بۆچی کۆڵبەریی؟ ئایا بەڕاستی کوردستان هێندە دەڤەرێکی هەژارە کە خەڵکەکەی لەبرسان ناچار بە کاری کۆڵبەریی بکرێن؟ ئەگەر کوردستان مەڵبەندێکی دەوڵەمەندە بۆچی خەڵکی ئێمە بۆ پەیداکردنی نانی شەویان ناچارن شان بدەنە بەر کاری کۆڵبەریی؟ بۆچی کۆماری ئیسلامیی هەژارانی کوردستان لەسەر کۆڵبەریی دەکوژێت، کۆڵبەرانێک کە باری سەر پشتیان پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ژیانی خەڵکە؟!

ئاشکرایە کە ملدان بە کاری کۆڵبەریی لەبەر هەژاربوونی دەڤەرەکە نیە، بەڵکو سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی داگیرکەرانەی فاشیستیی کۆماری ئیسلامیی. کوشتنی کۆڵبەران لەبەر ئەوە نیە، کە ئەوان کارێکی زۆر نایاساییان ئەنجامدا بێت، بەڵکو سەرانی ڕژیمێکی سەرمایەداری سادیست و فاشیست چێژی لێ وەردەگرن. ئەم ڕژیمە خوێنڕێژ و داگیرکەر و تاڵانچیە، لە کوردستانێک کە خاوەنی سەدان کانی زێڕ و کانزای جۆراوجۆر و زەوی کشتوکاڵی پان و بەرین و ئاوی شیرین و گەلێک سامانی سروشتیی زۆر و زەبەندی ترە، بە بەرنامە و بە شێوەیەکی سیستماتیک خەڵک لە هەژارییدا ڕادەگرێت و ڕێگە نادات کوردستان وەک پێویستە پێشکەوتنی پیشەسازیی و تەکنۆلۆژیی و ئابووریی بەخۆیەوە ببینێت.

کۆماری ئیسلامیی وەک هەموو ڕژیمەکانی پێشووی ئێران، وەک هەموو داگیرکەرانی کوردستان، لە کوردستان کاری هەر ئەنفالکردنی سەر و ماڵ و فەرهەنگی خەڵکی کوردستان بووە، هەر بۆیەشە نابێ بەلامانەوە سەیر بێت کە بۆچی لە کوردستانی دەوڵەمەند خەڵک ناچار بە کاری کۆیلەئاسای کۆڵبەریی دەکرێن، دەدرێنە بەر گوللـە و دەکوژرێن و تەنانەت کۆڵبەرییشیان پێ ڕەوا نابیندرێت. لێرەدا سەرنجتان  بۆ هەندێ زانیاری سەبارەت بە سامانە ژێرزەمینییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕادەکێشم کە ڕۆژانە لەلایەن داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لەلایەن ڕژیمی غەزا و ئەنفالەوە بەتاڵان دەبرێن:

تیکاب

 کانی زەڕشورانی  سەر بە شاری تیکابی پارێزگای ورمێ لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەورەترین کانی زێڕە  و بە وتەی کاربەدەستانی باڵای ڕژیم ساڵانە ١٠ تۆن شمشی زێڕ بەرهەم دێنێت. تیکاب جگە لە کانە زێڕەکانی زەڕشوران و ئاغدەرە،  ٥٩ کانی کانزای گرانبەهای تر ی هەیە و خاوەن زەوی کشتوکاڵیی فرە و پڕپیتە، کەچی ٣١ مین شاری هەژارنشینە لە ئاستی هەموو ئێراندا و ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکەکەی بۆ دابینکردنی ژیانێکی نەمر نەژی سەربەرزانە ناچار دەبن ڕوو بکەنە کاری پڕمەترسیی کۆڵبەریی.

قوروە

شاری قوروەی پارێزگای سنە کە جگە لە کانی زێری ساریگونی کە ساڵانە زیاتر لە پێنج تۆن زێڕی پاکی لێ دەردەهێندرێت خاوەن ٥٨ کانە بەردی جۆراوجۆری مەڕمەڕ و گرانێت و ... ە، کەچی ڕێژەی بێکاریی و هەژاریی لەو شارە دەوڵەمەندە سامان دزراوەدا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.

سنە

لە شاری سنە ٥٩ کانی دەرهێنانی کانزای جۆراوجۆرە هەیە و لە ئاستی پارێزگای سنەدا ٢٦ کانی دەرهێنانی زێڕ چالاکن. سنە یەکێکە لە گرنگترین شارەکانی بەرهەمهێنانی فەڕشی نایاب بەتایبەتی فەشڕشی دەسچن و لەو پارێزگایە زیاتر لە ٥٠ هەزار فەڕشچن کار دەکەن.

مەریوان

مەریوان لە ئاستی هەموو ئێراندا گەورەترین کانی دەرهێنانی کانزای باریتی هەیە. کانزایەک کە لە پیشەسازی نەوت و ڕەنگدا (بۆیاغ) گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە. کانی دەرهێنانی باریت لە مەریوان لە ساڵی ١٩٨١ وە دەستی بە کار کردوە و ساڵانە توانای دەرهێنان و بەرهەمهێنانی ٣٠ هەزار تۆن باریتی هەیە. جگە لە کانی باریت لەو شارە، کۆمەڵیک کانی تر و ٤٣ یەکەی پیشەسازی کار دەکەن.

کامیاران

لە کامیاران ٧٠ کانی دەرهێنانی کانزای جۆراوجۆر هەیە کە ٢١ دانەیان چالاکن. لە سەدا ٢٠ی کانە چالاکەکانی پارێزگای سنە لە کامیارانن. تراوتن و مەگنیسیۆم لە گرنگترین ئەو کانزایانەن کە لە کانەکانی کامیاران دەردەهێندرێن. بە وتەی کاربەدەستانی ڕژیم ئەو کانانەی کامیاران کە ئێستا چالاکن و کار دەکەن، ساڵانە توانای دەرهێنانی ٣ ملیۆن و ٣٣٨ هەزار و ٥٠٠ تۆن کانزایان هەیە. کانەکانی کامیاران بوونەتە هۆی تێکچوونی ژینگەی دەڤەرەکە و ئەمەش لەلایەن خەڵکەوە لەگەڵ ناڕەزایەتیی ڕووبەڕوو بۆتەوە. گوندی قەڵاگا یەکەێک لەو ئاواییانەی دەڤەرەکەیە کە ٢٣ کم چوارگۆشەی گردەکانی دەوروبەری لەلایەن ڕژیمەوە بۆ دەرهێنانی کانی ئاسن نەخشەڕێژیی کراوە کە زۆربەی زەویە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە ئاویەکانی گوندەکە دەگرێتە خۆی.

دیواندەرە

دیواندەرە بەپێی ژمارەی دانیشتوانی وەک شاری کانەکان دێتە ژمار و ٢٩ کانی کانزای جۆراوجۆری هەیە. شایانی باسە کە دیواندەرە لە بواری بەرهەمهێنانی فەڕشی دەسچنیشەوە گرنگیەکی تایبەتیی هەیە.

مەهاباد

مەهاباد بە زیاتر لە ٢٠٠٠ کانی دۆزراوە و ٧٨ کانی چالاک و ١٦ کانزای جۆراوجۆری گرنگ و گرانبەهایەوە، لە ئاستی پارێزگای ورمێ پلەی یەکەمی هەیە و لە سەدا ٥٠ی بەردی گرانبەهای باریتیش لە کانەکانی ئەو شارە دەردەهێندرێت، کە لە پیشەسازیی نەوتدا ڕۆڵێکی هەرە گرنگ دەبینێت، کەچی ڕێژەی بێکاریی لەو شارە بەردەوام لە هەڵکشاندایە.

سەقز

لە گوندەکانی قوڵقوڵە و قەبەغڵووی سەر بە شاری سەقز، دوو کانی زێر هەیە و جگە لەوە ئەمساڵ لە ناوچەی سەقز هەندێ شوێنی تر دۆزراونەتەوە کە لە ئایندەدا بەڵێن وایە کانی زێریان لێ بدرێ.  سەقز جگە لەو کانە زێڕانە ٥٩ کانی دەرهێنانی کانزای تری هەیە.

بانە

بانە خاوەنی دەیان کانی دەرهێنانی کانزای گرانقیمەتی جۆراوجۆرە کە نەک هەر هیچ خێرێکیان بۆ خەڵکی مەڵبەندەکە نەبووە و نیە، بەڵکو خراپ بەکارهێنانی ئەو کانانە زیانێکی زۆری بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە، کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی توندی ژینگەپارێزان و خەڵک ڕووبەڕوو بۆتەوە. ڕژیم نەک ئامادە نیە بەشێک لە بێکارانی دەڤەری بانە لە کانەکانی بڵەسەن، سەبەدلوو، شوێ، بۆیەنی خواروو، هەنگەژاڵ و بەلوە دابمەزرێنێت، بەڵکو بەردەوام لە خاڵی سنووریی هەنگەژاڵ کۆڵبەران بەر دەستڕێژ دەدات و لێیان دەکوژێت، کە باری سەر پشتیان پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی خەڵکە.

دێوەلان

دێوەلان خاوەنی ١٩ کانی دەرهێنانی کانزای جۆراوجۆرە و بۆ وەگەڕخستنی کانی کانزای ئاسن، زیاتر لە ٧٠ هیکتار زەوی کشتوکاڵیی ناوچەکە تەرخان کراوە کە لەگەڵ ناڕەزایەتی بەرینی خەڵکی ژینگەپارێز ڕووبەڕوو بۆتەوە.

پیرانشار

پیرانشار سەرەڕای بوونی دەشتی پان و بەرینی کشتوکاڵ و ئاوی شیرینی زۆری، لە ئاستی جیهانییدا خاوەن باشترین و گرانترین جۆرەکانی بەردی گرانیتی ڕەنگییە، سامانێکی گرانبەها کە ساڵانێکە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەتاڵان دەبرێت. بە وتەی کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامیی، لە سەدا ٨٠ی کانزای بەردی گرانقیمەتی پارێزگای ورمێ لە چیاکانی پیرانشارە، کەچی چیاکانی ئەو شارەشمان، وەک خاڵە سنوورییەکانی هەنگەژاڵی بانە و شێخ ساڵەی سەلاسی باوەجانی، سوورن بە خوێنی کۆڵبەران.

با ئاوڕێکی خێرا  لە شارەکانی سەردەشت و بۆکان و بیجاڕ و ئارووناوا و هەرسین و گیەڵان و کرماشان و ئیلام و ورمێ و هەڵۆژین بدەینەوە. سەردەشت جگە لە کانی زێڕی گوندی باریکایی کۆمەڵێک کانەبەردی هەیە. لە بۆکان ١٩ کانە بەردی جۆراوجۆر هەیە. بیجاڕ شاری فەرشە نایابەکان، خاوەنی ٤٤ کانی دەرهێنانی کانزای جۆراوجۆرە. لە ئارووناوا (ئیسلام ئابادی غەرب) و هەرسین ۱۵۷ کانی دەرهێنانی بەردی جوانکاریی و ڕازاندنەوە هەیە و لە گیەڵانیش (گیلانی غەرب) کۆمەڵێک کانی گرنگی قیڕی سروشتیی. لە کرماشان پاڵاوگە گەورەکەی نەوتی کرماشان هەیە و لە پارێزگای ئیلامیش زیاتر لە ٢٠٠ کانی دەرهێنانی کانزا گرانبەها جۆراوجۆرەکان. ورمێ پڕیەتی لە کانی جۆراوجۆر. هەڵۆژین (شاهین دژ/ سایەنقەڵا)، خاوەن دەیان کانی بەردی گرانبەهای فرە جۆرە. ئەم دەڤەرانەی ناویان برا جگە لەو هەموو سامانە ژێر زەمینییە، خاوەن زەمینی زۆر و پڕپیتی کشتوکاڵیشن.

سەڵماس

لە شاری سەڵماس ١٤ کانی دەرهێنانی کانزا و ٢٠ کارخانەی بەرهەمهێنان و ئامادەکردنی کانزا گرانبەهاکان هەیە. گرنگترینی ئەو کانزایانە بەردی مەڕمەڕ و بەردی تراوتنن.

ماکۆ

لە ماکۆ کۆمەڵێک کانی کانزای جۆراوجۆر هەن. لەو شارە چوار کانی بەرهەمهێنانی کانزای مەگنیسیۆم هەیە کە بەهۆی سووکبوون و خۆڕاگریی لە بەرانبەر گەرمادا لە پیشەسازیی ئۆتۆمۆبیلدا بەکار دێت و بەهۆی ئەم تایبەتمەندیانەوە جێگەی پۆڵاو و ئاسن و ئەلەمنیۆم دەگرێتەوە. لە دەڤەری ماکۆ هەروەها کانی دەرهێنانی بەردی بازالێت هەیە و لە گوندی دڵکەوەردیش ماددەی ئورانیۆم دۆزراوەتەوە کە کۆماری ئیسلامیی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی سوودی لێ وەردەگرێت.

بێگومان ئەم سامانە سروشتییە ژێرزەمینییانەی کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ درا و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەتاڵان دەبرێن، دەبوو سەرچاوەی دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە بن بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بوونی هەژاریی لەڕادەبەدەر و بوونی دەیان هەزار کۆڵبەر لە کوردستانی دەوڵەمەند هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتدارێتیی داگیرکەر و نەبوونی دەسەڵاتێکی یەکسانییخوازانەی خەڵکیی و جەماوەریی، نەک بۆ هەژاریی وڵاتەکە. بەپێی ئامارێک کە ئەم دواییانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کراوەتەوە، تەنها لە سنووری شێخ سەڵە شاری سەلاسی باوەجانی ١١ هەزرا و ٥٦٠ کەس خەریکی کاری پڕمەترسیی کۆڵبەریین.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

ئەم دۆخە دژوارەی نابێ هەر وا بەردەوام بێت! تاڵانی سامانی خەڵک و وێرانکردنی بێباکانەی و ژینگە و هەژارکردنی خەڵک و لە هەموو ئەمانە ناخهەژێنتر کۆمەڵکوژیی کۆڵبەرانێک کە گیانیان لە پێناو بەدەستهێنانی نانێکی سەربەرزانەدا لەدەست دەدەن، دەکرێ بەهێزی خەڵکی یەکگرتوو و ڕێکخراو کۆتایی پێ بهێندرێت یان لانیکەم سنوورێکی بۆ دابنرێت! ئەم دۆخە دژوارەی کۆڵبەرانی کوردستان ئەرکێکی گەورە دەخاتە سەرشانی تاکبەتاکی دانیشتوانی کوردستان. بۆ کۆتاییهێنان بە کۆڵبەرکوژیی و بۆ ڕاگرتنی تێکدانی ژینگەی کوردستان و بۆ پێشگیریی لە تاڵانوبڕۆی سامانی کوردستان پێویستە یەکگرتووانە و هاوئاهەنگ لە ناوەوە و لە دەرەوەی کوردستان هەڵمەتێکی گەورەی دژی داگیرکەری ئیسلامیی بخرێتە گەڕ. ڕاستە دوژمن دڕنەیە، بەڵام ئێمە یەکگرتوو و ڕێکخراو بین، دەتوانین پاشەکشە بە دوژمن بکەین.

 ئەم هەڵمەتە پێویستە لە ناوخۆی ئێرانیش کاری بۆ بکرێت بەتایبەتی لە ناوچەکانی بلووچستان و خوزستان. لەو ناوچە دەوڵەمەندە هەژارنشینانەی کە ڕۆژانە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی فارسدا و بە فیشەکی چەکدارانی ڕژیمی ئیسلامیی سوختبەریان دەدرێتە بەر گوللـە و وەک کوردستان سامانی سەر زەوی و بن زەوییان بەتاڵان دەبرێت. ئەم هەڵمەتە پێویستە لە ئاستی هەموو ئێراندا گرێ بددرێتەوە بە خەباتێکی دێموکراتیک و ئازادییخوازانەی خەڵک، گرێ بدرێتەوە بە شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی کە لە دژی دەسەڵاتی فاشیزمی دینیی لە ئارادایە.

کۆماری ئیسلامیی دوژمنی هەموو ئازادیخوازێکە لە سەرتاسەری ئێران. ئەم ڕژیمە جیهانبینییە تاریکەکەی لەسەر توندوتیژیی و کوشتن بنیادنراوە و هەر بە کوشتاری کۆڵبەرانیشەوە نەوەستاوە. ئەم ڕژیمە فاشیستییە ڕۆژ نیە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئێران خەڵک ڕاپێچی زیندانەکانی نەکات، ژن و پیاو شەللاقکاریی نەکات، زیندانیانی سیاسی لەدار نەدات. دۆخەکە پاش لەکزییدانی شۆڕشی ژینا خەریکە بە ئاراستەیەکدا بڕوات کە لەژێر سێبەری شوومی شەڕی ئیسرائیل ــ حەماسدا، کۆماری ئیسلامیی، ئەم خوێنڕێژییە بەردەوامە بکاتە کارێکی ڕووتین و بێ بڕانەوە.

بۆ کۆتاییهێنان بە کۆڵبەرکوژیی و تێکدانی ژینگەی کوردستان پێویستە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی ناوەوەی وڵات، چالاکانی کۆمەڵایەتیی ناوە و دەرەوەی وڵات هەرچی زووتر کەمپەینێکی سەرتاسەریی کە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و لە ئاستی ئێرانیشدا پشتگیریی لێ بکرێت وەڕێ بخەن. کەمپەینێک کە چالاکانی دەرەوەی وڵات و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە دەرەوە دەکرێ ڕۆڵی دەنگی کەمپەینەکە بگێڕن و پەیامی خەڵکی کوردستان و ئێران بگەیەننە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یەکێتییە کرێکارییەکان و خەڵکی هومانیستی وڵاتان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و داوای پشتگیریی و هاوپشتییان لێ بکەن. وەها هەڵمەتێکی سەرتاسەریی فرەڕەهەندیی دەتوانێت سنوورێک بۆ تاوانکاریی و خوێنڕێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی دابنێت.

سۆران زەکی

١٦ی ژانویەی ٢٠٢٤