زمانی کوردی پێناسە و هەست و هزر و مێژوومانە!

ناوەندی ڕامیاری
21-02-2024


لە کۆنفڕانسی ساڵی ١٩٩٩ی یۆنیسکۆدا رۆژی ٢١ی فێبرییەری بەرانبەر بە ٢ی ڕەشەمە بە مەبەستی پاراستنی هەموو زمانەکان بێ جیاوازی و پاراستنی فرەچەشنی فەرهەنگەکانی جیهان بە ڕۆژی بەرزڕاگرتنی زمانی دایکیی نێودێرکرا.
گرینگیی ئەو بابەتە لەمەدایە کە تا ئەو سەردەم بەشێکی زۆر لە زمانە بندەستەکان، واتە ئەو زمانانەی بەهۆی نەبوونی دەسەڵات و چەوسانەوەی فەرهەنگیی خاوەنەکانیان لەبەین چوون یا ئەوەندە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات کە بەتەواوەتی لە ڕیشە و ڕەسەنایەتی ڕووتاونەتەوە. بە وتەی زانایانی بوواری زمان و نیشانەناسی و کۆمەڵناسی، زمان ئەو بەستەرەیە کە هەموو هەست و نەست و ئەزموونی مێژوویی گەلێک تیایدا دەنیشێتەوە و بە درێژایی زەمان وەک سۆنە بە بەژن و باڵایەوە دەچەسبێ. هەر بۆیەشە کە زمان نەک یەکێک بەڵکو سەرەکیترین فاکتەر و چەمکی ناسێنەری فەرهەنگیی نەتەوەکانە و ئەو زمانانەی کە لەژێر گوشاری سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی یا بەهۆی خۆدۆڕاندنی خاوەنەکەنیان دە فەرهەنگێکی گەورەتر و بەڕواڵەت پێشکەوتووتردا دەخرێنە پەراوێزەوە و بە ئانقەست یا بە کەمتەرخەمیی لەبیر دەکرێن، لە هەمان کاتدا سیستەمی دەلالەتە فەرهەنگییەکەشیان چرای تەمەنی دەکوژێتەوە و بەم شێوەیە گەلێک کە زمانەکەی لاواز دەبێت و لە گەشەکردن ئەوەستێ، ئیتر وەک مناڵێک وایە کە دوای ناوک بڕین لە ئاخێزگە و دایکی خۆی دابڕێ و بەبێ سەرپەرشتیی بمێنێتەوە.
هەر بۆیەشە کە لە سیستەمە دیکتاتۆرییە ناوەندخوازەکانی وەک ئێران و تورکیا و سوریادا هەموو هەوڵی دەسەڵات ئەوەیە کە لەڕێگەی قڵت و بڕ کردنی ڕێشەکانی زمانیی نەتەوە پەراوێزخراوەکان (بەتایبەت نەتەوەی کورد) پەیوەندیی ڕۆحی و مێژوویی و نۆستالژیکی ئاخێوەران دەگەڵ ئەو کانگا و خەزێنە گەورەیەدا بپچرێنێ و لە فەرهەنگی ساختەچیی دەسەڵاتدا بیتوێنێتەوە. بەم مەبەستەش هەموو هەوڵی خۆی وەگەڕ دەخات بۆ سڕینەوە و داخستنی ئەنجومەن و بنکە فەرهەنگییەکان و خستنی گوشاری سیاسی بۆ سەر چالاکانی بوواری فەرهەنگ و زمان. بۆ وێنە لە چەند ساڵی ڕوبڕدوودا چەندین بنکە و ئەنجومەنی فەرهەنگیی چالاک و خەمخۆری ڕۆژهەڵات کە مەکۆی کۆبوونەوەی هۆگرانی فەرهەنگی کوردی بوون، لەلایەن دەسەڵاتی تاران داخران و چەندین مامۆستا و چالاکی بواری فەرهەنگ و زمانی کوردی دەستبەسەر کران و بە تۆمەتی سەیر و سەمەرە سزای ئەشکەنجە و زیندانیان بەسەردا بڕا. بۆیە یەکیک لە گرینگترین ئەرکەکانی هەنووکەیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات خاوەندارێتی لەم بنکە فەرهەنگیانە و چالاکانی مەدەنی-فەرهەنگییە.
سڕینەوەی کۆمەڵگای کوردیی ڕۆژهەڵات لە چالاکانی بوواری فەرهەنگ و زمان ڕێگە خۆشکەری دەسەڵاتە بۆ تاڵانی فەرهەنگی و ژینۆسایدێکی مەخمەریی کە وردەوردە وەک شێرپەنجە ڕەخنە دەکاتە هەموو بووارەکانی نەتەوەیی و هەڵدێر و فەوتانی یەک نەتەوەی لێ دەکەوێتەوە.
شیاوی باسە کە زمان ڕێگەی ناسینەوەی جیهانی دەوروبەر و کانگای پەروەردە کرنی بیر و هزرە. زمانی کوردی هەموو بیر و هزر و ناسنامەی کوردە و مەترسی بۆ سەر زمان مەترسی بۆ هەموو جەستەی فەرهەنگییمانە. ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیی بەهانەیەکە بۆ ئاوڕدانەوەیەکی جیددی بۆ سەر ئەو مەترسییە گەورەیەی کە لەم پەنایەدا سەنگەری گرتووە و چاوەڕوانی هەلێکە بۆ خنکاندنی دەنگی نەتەوەیی گەلێک کە لە زمانەکەیدا هەروا زیندووە و تا ئەم زمانەمان زیندووە، کەس ناڵێ کورد مردووە.

هەر زیندوو و گەشاوە بێت زمانی کوردی!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢١/٠٢/٢٠٢٤