هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی!

ناوەندی ڕامیاری
25-02-2024


کۆماری ئیسلامیی لە ١١ی ڕەشەمەی ئەمساڵدا شانۆیەکی گاڵتەجاڕانە وەڕێ دەخات کە ناویان ناوە هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی. لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جارێکیش لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی داگیرکەردا بەشدارییان نەکردووە و ئێستاش نایکەن، بەڵام پێشبینییەکان و ڕاپرسیەکان ئەوەمان پێمان دەڵێن کە شانۆی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ڕژێم، لە ئاستی ئێرانیشدا لەگەڵ بایکۆتێکی هەمەلایەنەی سەرتاسەریی بێوێنە ڕووبەڕوو دەبێت.

باڵی دەسەڵاتداری ڕژێم بۆ درێژەدان بە تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامیی، تەنها و تەنها پشتی بە سەرکوتی خوێناویی خەڵک بەستووە و تەنانەت لەم بوارەدا باڵە ڕیفۆرمخوازە حکوومەتییەکان و کاربەدەستانی چەنگ بەخوێنی هەرە باڵای تا دوێنێی خۆشی بێبەش نەکردووە ــ کەسانێک کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا هاوبەشی تاوانی باڵی دەسەڵاتداری ڕژێمی سێدارە بوونە. بۆیە لە شانۆی هەڵبژاردنی ئەمجارەی کۆماری سێدارە و قەساس و بەردەباران و شەللاق و زیندان و شکنجە و ترۆردا، جگە لە توێژێکی بچووک کە بریتین لە هێزە چەکدارەکانی ڕژێم و بنەماڵەکانیان و ئەوانەی نانی سەرشۆڕیی و دواڕۆژی سیاسیان بە چارەنووسی نادیاری کۆماری ئیسلامییەوە بەندە، کەسی تر بەشداریی ناکات.

ئەم ڕۆژانە لە سەروبەندی شانۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامییدا بە ئاشکرا دوو بەرە دەبینین کە لە بەرانبەر یەکتر ڕیزیان بەستووە. لەلایەکەوە کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازیی، لە بۆنەگەلی جیاوازدا دژی بەشداریی لە شانۆی هەڵبژاردنەکەی ڕێژیم هەڵوێستیان گرتووە و لە لایەکی تریشەوە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کە لە سەروبەندی نمایشی گاڵتەجاڕانەی هەڵبژاردندا لە سێبەری خۆشیان دەترسێن و نیگەرانی ئەوەن ئەم شانۆی هەڵبژاردنە، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و کڵپەسەندنەوەی ئاگری شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی لێ بکەوێتەوە و گڵۆڵەی ڕژێم ئەمجارە وەها بکەوێتە لێژیی، کە بە هیچ جۆرێک بۆیان نەگیرسێتەوە.
گەلی قارەمانی کوردستان!

ئێوە کە هەموو شانۆیەکی هەڵبژاردنی ڕێژیمی ئیسلامییتان لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە تەواوەتیی بایکۆت کردووە و خودی ئەم ڕژێمەتان هەر لە سەرەتاوە و لە بناغەوە ڕەدکردۆتەوە و لەپێناو ڕزگاریی کوردستان و چەسپاندنی ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانییدا بێوێنەترین قارەمانەتییتان نواندووە و لە شۆڕشی ژینادا دەریایەک خوێنتان داوە، دڵنیاین کە لەم شانۆی هەڵبژاردنەشدا بەشداریی ناکەن و لە بەرخۆدانی دژی داگیرکەری ئیسلامییشدا و لەچوارچێوەی پارسەنگی هێزدا ئەوەی بۆتان بکرێت درێغیی ناکەن. بەو هیوایە لە ڕۆژی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامییدا بە هەر شێوەیەک بۆتان بکرێت دوژمن و هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕانەکەی ڕیسوا و ڕیسواتر بکەن.

کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!

کۆماری ئیسلامیی لە چوار دەیەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا ئێرانی بۆ هەموو کەس کردۆتە دۆزەخێکی گەورە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانییمان ئەوەیە کە ئێوە خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانییخواز بە هیچ شێوەیەک لە شانۆی هەڵبژاردنی ئەم ڕێژیمە دژی ژنە، دژی ئازادییە، دژی دادپەروەرییەدا بەشداریی نەکەن و لە ١١ی ڕەشەمەدا یەکگرتووانە بێنە سەر شەقامەکان و هاوشانی ئێمە خەڵکی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی تری ئێران، سندووقەکانی دەنگدانی ڕێژیمی ئیسلامیی داعشیی ئێران بخەنە ژێر پێتان.

بەهیوای بایکۆتێکی یەکپارچە و هەرە بەربڵاوی شانۆی هەڵبژاردنی ڕێژێمی سێدارە و دەنگدانەوەی دروشمی نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی، هەموو شەقامەکانی کوردستان و بلوچستان و خوزستان و گشت ئێران بگرێتەوە.

ئێمە دڵنیاین کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١١ی ڕەشەمەدا بە بایکۆتکردنی یەکپارچەی شانۆی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیی، "نا"یەکی دلێرانە و شۆڕشگێرانەی تر بە گوێی کۆماری سێدارەدا دەدەن و لاپەڕەیەکی زێڕینی تر لە مێژووی پڕ لە شانازیی کوردستانی شۆڕشگێردا تۆمار دەکەن!

بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی!
سەرکەوێت بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣
٢٥/٠٢/٢٠٢٤ زایینی