ڕەسوو مەمۆ هونەرمەندی دەنگخۆش و خۆشناوی پیرانشار کۆچی دوایی کرد
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
28-02-2024
بەداخەوە ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی (٢٧/٠٢/٢٠٢٤) دڵی پڕ لە هیوای ئازادی و ڕزگاریی هونەرمەندی دەنگخۆش و خەڵکیی ڕۆژهەڵات کاک ڕەسوو مەمۆ، دوای ماوەیەک نەخۆشیی لە لێدان کەوت و جارێکی تر باڵای ڕازاوەی فۆڵکلۆر و ئاوازی کوردیی ڕەشپۆش و دڵی هاوڕێیانی وێژە و هونەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خەمبار کرد.
کاک ڕەسوو مەمۆ لەو هونەرمەنده نیشتیمانپەروەرانە بوو کە دڵی بۆ ڕزگاریی کوردستان لێی دەدا و بەردەوام هاودەنگ و هاوبیری نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانی ناوچەی موکریان بوو و باغەکەی لە سەر چۆمی هەنگەوێ بەردەوام مەکۆی کۆبوونەوە و حەسانەوەی ئەو نووسەر و هونەرمەندانە بوو. خوانی دڵی ئەم هونەرمەندە کوردستانییە هەمیشه بۆ خۆشەویستان و لایەنگرانی وێژە و هونەری کوردی ڕازاوە و دەنگی بەردەوام تێکەڵاوی چریکەی بولبولانی فۆڵکلۆری کوردوستان بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە ئازیزه، سەرەخۆشی لە ماڵبات و دۆستانی وێژە و هونەری کوردی دەکات.
گیانی شاد و یاد و دەنگی هەرمان!
ناوەندی هەواڵ و ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٨/٠٢/٢٠٢٤