پیرۆزە نەورۆز، هێمای خەبات بۆ ڕزگاریی و یەکسانیی!

ناوەندی ڕامیاریی یەکسانی
18-03-2024

جەژنی نەورۆز کە گەورەترین و سەرەکییترین جەژنی بەشێکی زۆر لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تا ئاسیای ناوەندییە، بەتایبەت لە لای نەتەوەی کورد مێژوویەکی دێرین وسیمایەکی ئوستوورەیی هەیە و هەر بۆیەش بەشێکی زۆر لە هێما و شوناسی نەتەوەیی ئێمە لەخۆ دەگرێ. یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ئەم جەژنە وەک هێمای ژیانەوە و پێداگریی لەسەر شوناسی مێژووییمان لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا تین و گڕێکی تایبەتی بەخۆیەوە گرتووە و تەنانەت ئەمساڵ لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵانی خەڵک بە کۆبوونەوەی جەماوەری و هەڵپەرکێ و گۆرانی بەپێشوازیی ئەم جەژنەوە چوون.

 بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەمەیە کە جەژنی نەورۆز کە بە داب و نەریتی جۆراوجۆر لەدێر زەمانەوە لەناو نەتەی کورد بەرز دەنرخێندرێ و ڕێزی لێ دەگیرێ، چۆنە کە بەپێچەوانەی نەتەوەکانی تر کە بە گەشەی تەکنۆلۆژیا و نزیک بوونەوە و شوێندانانی کولتوورە جیاوازەکان و توانەوەی بەشێکی زۆر لە کولتوورە کۆن و ژێردەسەڵاتەکان لە کولتووری زاڵی جیهانیدا نەتەنیا نەتواوەتەوە بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ناو نەوەی نوێدا قایمتر دەکات و تەنانەت خەریکە وەپێش جەژنەکانی تریش دەکەوێ و شەوقی جەماوەر ئێستا لە کوردستان بۆ جەژنی نەورۆز لە جەژنەکانی تر زیاترە؟

 یەک لەو وڵامانە ئەمەیە کە تا ئەو کاتەی دەسەڵاتە زاڵ و چەقبەستووەکان بیانەوێ نەتەوەیەکی مێژوویی وەک کورد لە شوناس و کولتووری دێرینی خۆی داببڕن، شوناس و کولتوورێک کە بە گوێرەی لێکۆڵیینەوەی شارەزایان و بە شایەتی بەڵگە مێژووییەکان تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین شارستانییەتەکانی مێژوو و ئیتر ئێستا بەشێکە لە ژەنەتیکی مرۆڤی کورد و گوشاری زیاتر بخەنە سەر شانی ئەم نەتەوەیە بۆ تووانەوە و ئاسێمیلە کردنی، حەز و هیوا بۆ پاراستنی شوناسی مێژوویی و داکۆکی لە هێما ئوستوورەییەکان زیاتر دەبێ. تەنانەت زیندوو کردنەوەی زۆرێک لە نەریتە کۆنە فەرامۆش کراوەکان و زۆر بۆنەی تازەش وەک ڕۆژی جلی کوردی و ڕۆژی زمانی دایکی وهتد، هەمووی ئەمانە بە مەبەستی بەگەشی هێشتنەوەی بڵێسەی ئەو ئاگرەیە کە ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای تاریک و دەربازبوون لە دۆخی داسەپیوە بەرەو ئاسۆی ڕووناک و داماڵینی کۆت و زەنجیری ستەمکاران لە باڵای بەرزی کوردستان.

جەژنی نەورۆز هێمای زیندووبوونەوە و ئاگریش هێمای دەسەڵاتە. ڕۆژێک بەم زوانە ئاگر دەگەڕێتەوە لای خەڵک و دەسەڵات دەکەوێتەوە دەستی خەڵک. ئیتر ئەم ڕۆژە ڕۆژی ژیانەوەی نەتەوە و گەیشتن بە ئازادی و یەکسانییە.

جەژنی نەورۆز لە هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت لە بنەماڵەی نەمرانی شۆڕش و هەروەها لە زیندانییانی سیاسیی و بنەماڵەکانیان پیرۆز بێت!

هەر گەشاوە بێت ئاگرە سوورەکەی نەورۆزی کوردستان!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٨/١٢/٢٧٢٣ی کوردی

١٨/١٢/ ٢٠٢٤ی زایینی