یادی پێشەوا قازیی محەممەد و هاوڕێیانی بە درێژەدانی شۆڕش بەرز ڕادەگرین!

ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
29-03-2024


کوردستانییانی شۆڕشگێڕ و خۆڕاگر!

دەی خاکەلێوە، ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازیی محەممەد و هاوڕێیانی بە دەستی ڕێژیمی جینایەتکاری پەهلەوی، یەکێک لە ڕۆژە تراژیدییەکانی مێژووی کوردستانی شۆڕش و بەرخۆدانە.

حەمە ڕەزا شای دیکتاتۆر وەک باوکی و وەک دیکتاتۆرەکانی پێشوو و ئێستای ئێران پێی وابوو بە لەداردانی سەرکۆماری کوردستان و بە خوێنڕێژیی و بە هێزی سەربازیی دەتوانێت شۆڕشی کوردستان، کە ڕەگ و ڕیشەی لە دڵی گەلی کوردستان دایە بۆ هەمیشە سەرکوت بکات. بۆیە نزیک بە ساڵێک پاش دامەزرانی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان سوپای ئێرانی داگیرکەر پاش کۆکوژیی زیاتر لە ١٥ هەزار خەڵکی کۆماری ئازەربایجان لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشێکی خوێناوی کردە سەر کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری داگیرکردنەوە و لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاویدا (٣٠ مارسی ١٩٤٧) پێشه‌وا قازی محەممەد سه‌رۆک کۆماری کوردستان و حه‌مه‌حوسەینی سه‌یفی قازی وه‌زیری به‌رگریی کوردستان و سه‌دری قازی نوێنه‌ری کوردستان له‌ پەرلەمانی ئێران پاش دادگاییەکی فەرمایشیی و داخراو، بە فەرمانی حەمەڕەزا شای پەهلەوی، لە‌ گۆڕەپانی چوارچرای مه‌هاباد، ئەو شوێنەی کە پێشتر کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیێندرابوو له‌ سێداره‌ دا.

پێشەوا و هاوڕێکانی لەدار دران، بەڵام ئەوان بە مەرگی سەربەرزانەیان بوونە ماکە و هەوێنی بەرخۆدانێکی قارەمانانە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادیی و یەکسانیی. ئەوەتا ئەمڕۆکە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش ئەو هەموو خوێنڕێژییانەی ڕژێمەکانی پەهلەوی و ئیسلامیی، گۆڕەپانی شۆڕشێکی فرە ڕەهەندیی سەردەمییانەی لەدەستدایە، شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی. شۆڕشێک، کە وێنەیەکی سەردەمیانەی خەباتە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لە داگیرکاریی، بۆ ڕزگاریی ژن لە کۆتوبەندی پیاوسالاریی و بۆ ڕزگاریی ژیان و ژینگە لە کۆت و بەندەکانی سەرمایەداریی.

خەڵکی کوردستان لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا کە زۆر شکۆمەندانە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوون نیشانی دا، کە چەندە وشیارانە و یەکگرتووانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕش تێدەکۆشن. نیشانیان دا کە ئەگەر خەڵکی ئێران لەگەڵیان بێنە گۆڕەپانی شۆڕشەوە، کوردستان لە توانای دایە لە ماوەیەکی کورتدا داگیرکەر وەدەر بنێت و چارەنووسی سیاسیی خۆی بەدەستەوە بگرن.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

یادکردنەوەی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵیادی لەداردانی پێشەوا و هاوڕێکانی بۆ ماتەمین و دۆشدامان نیە. بۆ بەهێزترکردنی ڕیزەکانی شۆڕشە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن. مەرگی سەربەرزانەی پێشەوا و هاوڕێکانی، مەرگی سەربەرزانەی هەموو گیانبەختکردووانی کوردستان دەبێ هەوێنی هیوای هەموومان بێت بۆ گەیشتنمان بە ئامانجەکانمان: ئازادیی، سەربەخۆیی و یەکسانیی!

بەرز و بەڕێز بێت ساڵیادی گیانبەختکردنی پێشەوا و هەموو نەمرانی کوردستان!

سەرکەوێت شۆڕشی کوردستان، شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادیی!


ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاویی

٢٩ی مارسی ٢٠٢٤