ئەردۆغان بە کاتی دۆڕان! سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکی باکووری کوردستان بەسەر فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەدا پیرۆز دەکەین!

ناوەندی ڕامیاریی یەکسانی
04-04-2024

 

هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەنبەی تورکیا دەحاڵێکدا بەڕێوەچوو کە پارتی جەهەپە دووای 47 ساڵ جگە لەوەیکە توانی پلەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا وەدەست بێنێ، بۆ یەکەم جار تەنگی بە ئەردۆغان و پارتەکەی ئاک پارتی هەڵچنی و بەمجۆرە ئاک پارتی و ئەردۆغان دووای 23 ساڵ لە ساڵی 2001 ـەوە له کاروانی سیاسیی تورکیا بەجێما و لە گەورەشارەکانی وەک ئیستانبوڵ، ئانکاڕا، ئەزمیر، بوڕسا، ئانتالیا و مێڕسین لە ڕکابەرە سەرەکییەکەی کە حیزبی جەهەپەیە وەدوا کەوت. هەڵبەت بەهۆی پشتگیری کوردانی باکوور لەم حیزبە لەم خولەی هەڵبژاردندا، ئەم پێشکەوتنەوەی جەهەپە لە ئاک پارتی بە سەرۆکایەتی ئۆردۆغانی فاشیست زۆر بەدڵی کوردان بەتایبەت کوردانی باکوور بوو. واتا دۆڕاندنی ئەردۆغان لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیادا یەکەم بردنەوەی کوردانی باکوور بوو.

لە لایەکی تریشەوە پێشکەوتنی پارتی یەکسانی و دێموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە حیزبی بەربژێری باکووری کوردستانە، لە شارە گەورەکانی کوردستان وەک وان، ئامەد، ماردین و هتد سەرکەوتنێکی مەزنی تۆمار کرد و ئەمەش دووهەم دۆڕانی ئەردۆغان لەم چەند ڕۆژەی دوایی دابوو. بەڵام بەرچاوترین دۆڕانی ئەردۆغان بە کوردان لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیادا شکەست هێنان و پاشەکشەی ئەو کودەتایە بوو کە ئەردۆغان خەریک بوو بە یارمەتیی حکومەت و دادگایەکی ساختەچی لە شاری وان بەڕێوەی دەبرد.

حیزبی ئاک پارتی دەیەویست دوای سەرکەوتنی گەورەی کوردان لە گەورە شاری وان کە لە ژێئۆپۆلەتیکی ناوچەدا شارێکی گرنگ و ئیستراتژیکە، بە تۆمەتبار کردنی عەبدووڵڵا زەیدان بەربژێری حیزبی دەم پارتی هەلێک بڕەخسێنێ بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەم شارە گرینگە. بەڵام وشیاری و چاونەترسیی خەڵکی کوردستان پێشی بەم کودتایه گرت و خۆپێشاندانەکانی گەورەی کوردان لە شارە گەورەکانی کوردستان ئەردۆغانی مەجبور بە پاشەکشە کرد و عەبدۆڵڵا زەیدان وەک نوێنەری هەڵبژاردەی خەڵک هاتەوە مەیدان و لە کاتێکدا کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە جوڵەمێرگ خەریکی بۆڕدۆمانی چیاکانی ناوچە و شەڕی پەکەکەیە و لەم گۆڕەپانەشدا بە دەست وێڕاگەیشتنی گەریلا بە هێزی تازەی بەرگریی ئاسمانی، شکەستێکی گەورەی بە تورکیای داگیرکەر داسەپاند، شکەستێکی دیکەی لە گۆڕەپانی سیاسی خستە ناو کارنامەی ئەردۆغانی فاشیست.

حکومەتی تورکیای داگیرکەر ئێستا لە چەند لاوە لە ناوخۆی وڵات و لە گۆڕەپانی جیهانیش لەژێر گوشاری سەختی ئابوری و سیاسی دایه و ئەردۆغان چ لە گوڕەپانی سیاسەتی ناوچەیی و ناونەتەوەییدا و چ لە گۆڕەپانی سیاسی و ئابوریی ناوخۆدا بەسەختی خەریکی دۆڕاندنە و لە کۆتایی خۆی نزیک دەبێتەوە. بەدڵنیاییەوە تورکیا و باکوری کوردستان خەریکی ئاڵوگۆڕێکی گەورەیه و دەبێ هیوادار بین کاروانی چالاکیی سیاسی کورد لەم بەشەدا بە هەڵبژاردنی ڕەوت و ڕێبازێکی دروست بەرەو ئاقار و قۆناغێکی تازە و بەسود وەڕێ کەوێ و بەردەوام بێت.

سەرکەوتن بۆ خەڵکی خۆڕاگر و قارەمانی باکووری کوردستان و هەموو کوردستانی داگیرکراو!

نەمان بۆ چەوسێنەرانی فاشیست و داگیرکەر!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

04/04/2024