کۆچی دوایی هونەرمەندی دڵسۆز و خۆشەویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان عەلی زەندی  

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
05-04-2024

بەداخەوە ئاگادار بووینەوە کە هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ مامۆستا عەلی زەندی پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، له نەخۆشخانەیەکی شاری تۆرێنتۆی وڵاتی کانادا، لە ته‌مه‌نی ۶٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. نەمر عەلی زەندی لەدایکبووی ساڵی ۱۹۵۶ له‌ شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هونەرمەندێکی خەڵکی و خۆشەویست بوو کە بەهۆی دەنگە خۆشەکەی و پشتگیریی کردنی گەلەکەی و بەتایبەت دەنگدانەوەی ئازارەکانی چەوساوەکان لە گۆرانییەکانیدا، هونەرمەندێکی دڵسۆز و خاوەن ڕێچكه‌ و شێوازێکی تایبەتی خۆی بوو له‌ هونه‌ری گۆرانیدا.

له‌ دیارترین به‌رهه‌مه‌كانی هونەرمەند عەلی زەندی  دەکرێ ئاماژە بکەین بە نەوای ناڵەی دڵ، سا ماڵئاوا ئازیزەکەم، ئازیز بە گیانۆ، مامه‌ كوڕنوو، بێ تۆ و بۆتۆ، فەڵەک، تۆ مەڕۆ مەڕۆ و کۆمەڵێکی جوان لە گۆڕانی و ئاوازی کوردی بەتایبەت بە هەر دوو زاراوەی سۆرانی و هەورامی بوو کە خزمەتێکی گەورە بوو بە ئاواز و گۆرانیی کوردی.

بەم بۆنە خەمناکەوە وێڕای دەربڕینی هاوخەمیمان بۆ کۆچی هونەرمەندی خۆشەویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەمر مامۆستا عەلی زەندی ، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.

یادی ئازیزی و گۆڕانی و ئاوازە جوانەکانی بۆ هەمیشە لە دڵی هەمووماندا بە زیندوویی ئەمێنێتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٠٢٤/٠٤/٠٥