سزای سێدارە بۆ چالاکڤانانی فەرهەنگی و هونەری شەرمەزار دەکەین

Yeksany
27-04-2024

نەریتی قیزەونی دەرکردن و سەپاندنی سزای سێداره بۆ زیندانیانی سیاسی و چالاکوانانی فەرهەنگی و مەدەنی و هونەرمەندان که زایەڵەی دەنگی چین و توێژەکانی چەوساوەی کۆمەڵگای خۆیانن و تەنیا بە گوناهی دەربڕینی بیروڕا و پشتیوانیی مەدەنی له خەڵکانی بێ گوناه دەکەونە بەندیخانەکانی ڕەژیم و لە ژێر نامرۆڤانەترین گوشار و سەختترین ئەشکەنجەکانی ڕەژیمدا ناچار به واژۆ کردنی دانپێدانانی زۆرەملی دەبن، هەر لە سەرەتای سەقامگیر بوونی ڕەژیمی سێدارەی ئیسلامیی ئێران، کاکڵی سەرەکیی دوکتورینی ڕەژیم بۆ خەفە کردنی دەنگی ئازادیخوازی و سەرکوت کردنی خواستی خەڵک بۆ سەرەتایی ترین و ئاشکراترین مافە ڕەواکانیانه.

ڕەژیمی سێدارە دەیەوێ بە سازکردنی کەشێکی ترسێنەر، ورە و ئیرادەی چینە ژێردەستەکانی کۆمەڵگا تێک بشکێنێت و تەمەنی نەگریسی خۆی درێژتر کاتەوە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی هیچ دیکتاتۆڕێک تا سەر نەیتوانیوه دەنگی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی خەفە بکات و سەرەنجام بەم زووانه ڕۆژێک دێ کە دەبێ لەبەر دادگای خەڵکدا وڵامدەر بن.

 لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڕەژیمی سێداره به سەپاندنی حوکمی سێداره بۆ "تووماج ساڵحی" هونەرمەند و ڕاپڕی ئازادیخواز و چالاکڤانی چاونەترسی شۆڕشی ژینا، جارێکی تر سەلماندی که ئاستی ترس و هەراسی لەم شۆڕشه ئەوەندە زۆره کە تابی هیچ دەنگێک بۆ پشتیوانی لەم شۆڕشه ناهێنی و بەردەوام بەرەو کزی و لاوازی دەڕوات و بەپێچەوانەوه ئەوە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یه کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەریکی بووژانەوە و سەرهەڵدانە و تا ڕووخاندنی قەڵای زوڵم ناوەستێ.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزار کردنی سزای سێدارە بۆ توماج ساڵحی و موجاهید کورکور و ڕەزا ڕەسایی و عەباس دەریس و هەموو زیندانیانی سیاسی کە لەژێر مەترسی حوکمی سێدارە دان، خوازیاری ئازادیی بێ ئەملاوئەولای زیندانیانی سیاسی و گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر شەقامەکانی ئازادی و یەکسانیخوازییە. ئێمە دڵنیاین ورەی ئاگرینی خەڵکانی چەوساوە و یەکسانیخواز و تینووی ئازادی جارێکی تر شەقامەکان دەکاتەوە گڕ و سیمای وڵات لە پەیکەرەی دیکتاتۆڕەکان خاوێن دەکاتەوە.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان.

ڕێکەوتی ٢٧/٤/٢٠٢٤