بە بۆنەی سووتمانەکەی پرچی ئاویەر...

ئاواره‌ وڵات
2013-12-11

 

ئه‌ستێره‌کانی پرچی دایکم و بزه‌ی گریانێکی خه‌ست

 زستانه‌ و سه‌ره‌تای ساڵی 2001 زایینی. شوێن؛ کوێستانی ردێن چه‌رموو و به‌فرگری قه‌ندیل‌ و ده‌راوی گوێزێی دۆڵه‌ کۆکه‌. گوێم بۆ گۆرانییه‌کی تورکی ئه‌حمه‌د‌ کایا هه‌ڵخستووه‌ و ئاوازه‌که‌ له‌ لایه‌ک و ده‌قه‌که‌شی له‌ لایه‌کی دیکه‌ سه‌رسامیان کردووم، هه‌ر ده‌ڵێی له‌ ناو به‌له‌مێکی دارین دا راکشاوم و چاوم لێکناوه‌ و شه‌پۆلی نۆته‌کان رامده‌ژێنن.

(ساچڵارنا یڵدز دوشموش، کۆپارما ئاننێ، ئاغڵاما)

ئه‌ستێره‌ که‌وتۆته‌ پرچت، لێی مه‌که‌ره‌وه‌ دایه‌، مه‌گری.

 ... وه‌ من بیر له‌م وێنه‌ شێعرییه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ و له‌ مێشکم دا شه‌ن و که‌وی ده‌که‌م. به‌ندێکی زۆر جوانه،‌ به‌ڵام هه‌رچی ده‌که‌م ته‌واو له‌ هه‌ست و مه‌به‌ستی شاعیره‌که‌ی ناگه‌م، یان ئه‌و هه‌سته‌ی که‌ ده‌بێ له‌ من دا بیبزوێنێ، وه‌دینایه‌ و من ده‌مێنمه‌وه‌ و گۆرانییه‌کی سیحراوی و شێعرێکی دڵڕفێن. که‌چی هه‌ودای پرسه‌کانم بۆ رایه‌ڵ ناکرێنه‌وه‌. "ئه‌ستێره‌ که‌وتۆته‌ پرچت، لێی مه‌که‌ره‌وه‌ دایه‌ ...".

ساڵانێک تێپه‌ڕیون و ته‌نیا یاد و بیره‌وه‌رییه‌کی که‌مڕه‌نگ و کاڵ له‌م گۆرانییه‌ ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌ستێره‌کان هه‌ر وا داده‌ڕژێنه‌ سه‌ر پرچی دایکی یۆسف خه‌یاڵ ئۆغڵوو(شاعیری ئه‌م شێعره‌) و ئه‌حمه‌د کایا و ده‌که‌ونه‌ سه‌ر پرچی دایکی منیش. به‌ڵام له‌ قووڵایی واتای ئه‌و شێعره‌ ناگه‌م. هه‌رچه‌ند سه‌رسامی کردوومه‌ و نێوه‌نێوه‌ ده‌مباته‌وه‌ بۆ لای دایکم و هه‌ست ده‌که‌م نه‌ک ئه‌ستێره‌، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ کلوو به‌فری کوێستان و په‌پووله‌ی سپی به‌هه‌شتی و فرمێسکی په‌رییه‌ ئاسمانییه‌کانن ده‌بن به‌ تاڵه‌مووی سپی و داده‌که‌نه‌ سه‌ر پرچی دایکم و له‌ سه‌ری ده‌نیشنه‌وه.

وه‌ من چی پێ بڵێم که‌ ده‌ردی دووری و ناڵه‌ی جوداییه‌ ئه‌م هه‌ودا سپیانه‌ی له‌ سه‌ر پرچی دایکم نه‌خشاندووه‌. چی بڵێم؟ هه‌ر ئه‌ونده‌ ده‌زانم جارێکیان به‌ ده‌نگێکی مات و ته‌ماوی و به‌ دڵێکی پڕ له‌ ژانه‌وه‌ پێم گوت:" دایه‌ خه‌نه‌، سه‌رت له‌ خه‌نه‌ بگره‌ و ... ".

جارێکیان دایکم بوو به‌ ماڵخێوی شێعرێکم و ئاوا باسی ئازاره‌کانی خۆی کرد:

گۆیا له‌ سه‌ر قه‌ندیله‌وه‌

 وه‌ڵامت بۆ ده‌ناردمه‌وه‌

 سۆمای چاوم دای له‌ کزی

 به‌ ده‌م هه‌ناسه‌ی ساردمه‌وه‌

 قه‌ندیل ده‌نگم ده‌خواته‌وه‌

 یان تێلبه‌ندی سنووره‌کان؟

 نه‌ راسپێرێ، نه‌ هه‌واڵێ

 نه‌هات له‌ شاخه‌ دووره‌کان

 شه‌وی شه‌وان ئه‌ستێره‌کان

 ئاواڵدوانه‌ی فرمێسکم بوون

 ده‌نک ده‌نک، دڵۆپ دڵۆپ

 داده‌ڕژانه‌ سه‌ر گۆشته‌زوون

.. و ... ئه‌رێ ئه‌ستێره‌کان هه‌ر دانه‌ده‌ڕژانه‌ سه‌ر پرچی دایکم، به‌ڵکوو ده‌تکانه‌ سه‌ر روخساری نوورانی و به‌هه‌شتی ئه‌و و ده‌بوون به‌ ئاواڵدوانه‌ی فرمێسکه‌کانی، دوایه‌ش به‌ره‌و گۆشته‌زوونی سه‌ر دڵه‌ برینداره‌که‌ی چۆڕاوگه‌یان ده‌به‌ست و کفت و کۆیان داده‌مرکاند‌.

دیسان شه‌وه،‌ چاوم له‌ ئاسمان بڕیوه‌، ئه‌ستێره‌ زریوه‌یانه‌ و گۆرانیه‌که‌م وه‌بیرده‌هێننه‌وه‌، نۆته‌کان شه‌پۆل ده‌ده‌ن و له‌ لانکه‌ی به‌له‌مێکی دارین دا رامده‌ژێنن. "ساچڵارنا یڵدز دوشموش، کۆپارما ئاننێ...". بیرده‌که‌مه‌وه‌ .. بیرده‌که‌مه‌وه‌ تا ده‌چمه‌ باوه‌شی خه‌وێکی شیرینه‌وه‌، وه‌ک خه‌ونه‌کانی منداڵیم له‌ ئامێزی دایکه‌لێ دا. ‌

وه‌ دیسان ئه‌ستێره‌کانن که‌ داده‌که‌ن و هه‌ڵده‌وه‌رن و دوایه‌ش سوژده‌ ده‌به‌ن بۆ ... .

ئه‌مێستا سه‌ره‌تای هاوینی 2006 زایینیه‌ و شینکاتی و سه‌وزه‌ڵانی نیشتمانم له‌ ژێر تینی گیانسووتێنی هه‌تاوی پووشپه‌ڕ دا، بۆته‌ پووش و په‌ڵاش. له‌ گه‌ڵ تاقمێک هه‌ڤاڵی گه‌ریلام له‌ به‌رزایی چیای (جوودی)یه‌وه‌ به‌ره‌و گرێ هرمۆ له‌ داوێنی جوودی شۆڕده‌بینه‌وه‌. چه‌ند رۆژه‌ سوپای دوژمن دارستانی گرێ هرمۆی ئاگر تێبه‌رداوه‌ و ئه‌مڕۆ ئیتر به‌شێکی زۆری دارستانه‌که‌ سووتاوه‌ و ئاگره‌که‌ش که‌می کردۆته‌وه‌. تازه‌ وڵات چارشێوی ره‌شی شه‌و له‌ خۆی وه‌رده‌پێچێ که‌ به‌ره‌و گرێ هرمۆ داده‌گه‌ڕێین. چی ببینم؟ له‌ ناو شه‌وی ئه‌نگوسته‌چاو و نووته‌ک دا په‌ڵه‌ ئاگرێک لێره‌ و په‌ڵه‌ ئاگرێک له‌وێ، نه‌ یه‌ک نه‌ دوو، به‌ سه‌دان و به‌ هه‌زاران. دڵم پڕه‌. ئه‌وه‌ دارستانی کوردستانه‌که‌ی منه‌ له‌ ئاگری دوژمن دا ده‌سووتێ و ده‌بێ به‌ خه‌ڵووز و ئه‌وانه‌‌ش دوایین بڵێسه‌کانی ئه‌و سووتمانه‌ن. شتێک له‌ مێشک و ده‌روونم دا چرکه‌ ده‌کا و ئاوازێک له‌ گوێی ناخ و دڵما ده‌نگده‌داته‌وه‌‌:"ساچڵارنا یڵدز دوشموش، کۆپارما ئاننێ، ئاغڵاما...".

کوڵی گریانم هه‌ستاوه‌. ئه‌و هه‌سته‌ قووڵ و به‌ژانه‌ی به‌ ساڵان عه‌وداڵی بووم به‌ دیتنی ئه‌م دیمه‌نه‌ دڵته‌زێنه‌ بزووت. ئه‌و دایکه‌ وڵاته‌که‌مه‌، دارستان پرچی ئه‌و و ئه‌ستێره‌ش ئه‌و په‌ڵه‌ ئاگرانه‌ن که‌ له‌ سه‌ر پرچی بڵێسه‌یان دێ و خه‌ڵووزی پیری و مه‌رگی پێوه‌ ده‌لکێنن. فرمێسک له‌ چاوم دا قه‌تیس ماوه‌ و په‌نگ ده‌خواته‌‌وه‌. ده‌ستم له‌ سه‌ر شانی هه‌ڤاڵێکم داده‌نێم و به‌ ئه‌سپایی ئه‌م هه‌ست و نه‌سته‌ له‌ناکاوه‌ و چیرۆکی گۆرانیه‌که‌ی بۆ ده‌درکێنم. ئه‌مجار به‌ خه‌مگینی پێی ده‌ڵێم:"هه‌ڤاڵ حه‌یده‌ر، گه‌ر من ژ هه‌ڤاڵا فه‌دی نه‌کربا، ئه‌زێ نها روونیشتبام ئو تێرتێر بگریاما."

هه‌ڤاڵه‌که‌م بزه‌یه‌کی وام بۆ ده‌کا که‌ من ته‌نیا وێنه‌ی گریانێکی قووڵی تێدا ده‌خوێنمه‌‌وه‌. بزه‌ی گریانێکی خه‌ست و به‌ کوڵ.

تێبینی: هه‌ڤاڵ حه‌یده‌ر خه‌ڵکی شاری دێرسیمی باکووری کوردستان بوو و پاییزی 2007 له‌ چیای گابار شه‌هید بوو.

ئاواره‌ وڵات