نێلسۆن ماندێلا (مەخۆلۆ) خۆشەویستی خەڵکی کوردستان لە دڵی مرۆڤایەتیی یەکسانییخوازدا هەمیشە زیندووە

Yeksani
18-07-2024

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی نێلسۆن ماندێلایە. ماندێلا یەکێک بوو لە کەسایەتییە گرینگ و کاریگەرەکانی سەدەی بیستەم کە بە خەباتی دژی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا و هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی ناسراوە.

نێلسۆن ماندێلا لە ٧/١٨/ ١٩١٨ لە گوندی مویزۆ کە دەکەوێتە باشووری ئەفریقا لە بنەماڵەیەکی دارا و بەناوبانگ لەدایک بووه.

ماندێلا لە زانکۆی فۆرت هێر ​​خوێندوویەتی، لەوێ هاوڕێکانی وەک ئۆلیڤەر تامبۆ ناسیوە، کە دواتر بوونەتە سەرکردەی دیاری دژی ئاپارتاید.

ماندێلا پەیوەندی بە پارتی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا (ANC) کرد و هەر زوو بوو بە یەکێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەکە. لە ساڵی ١٩٦١ سەرکردایەتی باڵی سەربازی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا (ANC)ی گرتە ئەستۆ و دەستی بە خەباتی چەکداری دژی ئاپارتاید کرد.

ماندێلا ساڵی ۱۹٦۲ لە لایەن ڕژیمی ئاپاڕتایدی ئەفریقای باشوور دەستگیر کرا و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا و ٢٧ ساڵی ژیانی لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت لە زیندانی دوورگەی ڕۆبن بەسەر برد.

ماندێلا ساڵی ۱۹۹۰ ئازاد کرا و هەر زوو سەرکردایەتی دانوستانەکانی کرد بۆ کۆتایی هێنان بە ئاپارتاید. لە ساڵی ١٩٩٤ ماندێلا بووە یەکەم سەرکۆماری ڕەشپێستی ئەفریقای باشوور و دوای خولێکی سەرۆکایەتیی سەرقاڵی چالاکییە مرۆییەکان بوو و هەوڵیدا لە ئاستی جیهانیدا مامەڵە لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ بکات.

ماندێلا وەک داکۆکیکارێکی دیار و شێلگیری مافی مرۆڤ و دژە ئاپارتاید، لە بنەڕەتدا پشتیوانی لە مافی گەلان و نەتەوه چەوساوەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەکرد و باوەڕی تەواوی بە پرەنسیپە گشتیەکانی مافی مرۆڤ و مافی چارەنووسی نەتەوەکان هەبوو.

نیلسۆن ماندێلای مەزن هەمیشه یاری کورد بووه و پاڵپشتیی خۆی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاندووە و بەتایبەتی لە دژی ڕژیمی فاشیستیی تورکیە پشتگیریی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالانی دەکرد.

ماندێلا لە ساڵی 1992 خەڵاتی ئاشتیی ئەتاتورکی بەهۆی سەرکوتکردنی کورد لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ڕەتکردەوە و کارەکەی لەگەڵ کاردانەوەی نەرێنیی ناسیۆنالیستە تورکەکان بەرەوڕوو بووەوە. ماندێلا لە فێستیڤاڵێکی کوردی لە ئەڵمانیا لە ساڵی 1997 گوتی: "من بەشێکم لە خەباتی نەتەوەی کورد. من یەکێکم لە ئێوە" و بە ئاشکرا پشتیوانی لە مافەکانی کورد کرد.

هەروەها لە ساڵی ١٩٩٩ ماندێلا مافی پەنابەری سیاسی لە ئەفریقای باشوور پێشکەش بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد.

ماندێلا جگە لەوەی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی تورکیا لە دژی کورد دەگرت، شەڕی حکومەتی تورکیای لەگەڵ پەکەکە بە "جەنگی دژی مافەکانی مرۆڤ و خەڵک" شەرمەزار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت مافی نەتەوەی کورد لە تورکیا و بەکارهێنانی تیرۆر وەک بیانوو بۆ سەرکوتکردنی دەنگی کورد قبوڵ ناکرێت.

ماندێلا لە ڕێکەوتی ٥/١٢.٢٠١٣ بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لەژیان کرد.

بەرز و بەڕێز بێت ڕۆژی جیهانیی ماندێلای نەمر!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٨/٧/٢٠٢٤