پیرۆزە ساڵیادی دەسپێکردنی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان

Yeksani
19-07-2024

ئەمڕۆ ١٢ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستاندا تێ دەپەڕێت. ١٢ ساڵ لەمەوبەر لە ڕێکەوتی ١٩/٧/٢٠١٢ و لە هەلومەرجێکی هەستیاری ناوچەکەدا بورکانێکی کۆمەڵایەتیی بەهێز و بەرینی دژی داگیرکاریی و ستەمی نەتەوایەتیی بەڕووی ڕژیمی بەعسی سوریەدا تەقیەوە و لە یەکەمین هەنگاودا کوبانێی پێشەنگ ئازاد کرا و بەدوایدا و لە ماوەیەکی کورتدا هەموو ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە داگیرکەر پاککرانەوە.

لە سەرەتای دەسپێکردنی شۆڕشەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ژن و پیاو و تەمەنی جۆراوجۆر بە خێرایی خۆیان ڕێکخست، یەکینەکانی پاراستنی گەلیان پێک هێنان و توانیان لەناو گێژاوی شەڕە ناوخۆییەکانی سووریەدا دەستبەرن بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی خۆجێیی لە شێوەی کانتۆنەکاندا و لە وەستانەوەی قارەمانانەی دژی داعشیشدا توانیان هاوسۆزیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی بۆ لای خۆیان ڕا بکێشن و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان و پیاوانی ئەنتەرناسیۆنالیست، ڕۆژاوای کوردستان و هەندێ ناوچەی سوریەش لە پەلاماری داعش و لە دارودەستە ئیسلامییەکانی ناوچەکە و لە هێرشەکانی تورکیەی فاشیستیش بپارێزن و بە تێکشکاندنی داعش تەنانەت توانیان لە ئاستی جیهانییدا لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییش خودی دەرکەون.

ئەم دەسەڵاتەی کە ئێستا لە ڕۆژاوای کوردستان هەیە بە هەموو کەموکووڕییەکانیەوە دەسکەوت و ئەزموونێکی بەسوودە بۆ بەشەکانی تری کوردستانیش. گەورەترین دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان پێکهێنانی دەسەڵاتی خۆجێیی و بەشدارییکردنی خەڵکی ئاسایی و بەتایبەتی ژنان لە شۆڕش و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدایە.

لە سبەی ڕۆژی ڕووخان یان داڕووخانی کۆماری سێدارەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە لە پلەی یەکەمدا سوپای کوردستان دابمەزرێت و هێزی چەکداری حیزبەکان لەو سوپا نیشتیمانییەدا جێگیر بکرێن و دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و یەکسانییخوازانە بە بەشداریی بەرینی کۆمەڵانی ژن و پیاوی کوردستان و ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان پێک بهێندرێت. ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردستان خۆجێیی دەبێت یان سەربەخۆ، پەیوەندی بە پارسەنگی هێزی نێوان دوژمن و خەڵک و دەسەڵاتی بەڕیوەبەریی کوردستان دەبێت. کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان سەربەخۆیی بە باشترین بژاردە دەزانێت بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی و چەوسانەوەی نەتەوایەتیی لە کوردستان. سەربەخۆییەک کە لە ڕیفراندۆمێکی گشتیی ئازادانەدا کە تیایداکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەنگ لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆیان دەدەن، ئامانجی سەرەکیی ئێمەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستاندا.

دەسەڵاتی خۆجێیی ڕۆژاوای کوردستان مخابن تا ئێستا لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە دانی پێدا نەنراوە، بەڵام بە گیانبازی خەڵک و شەڕڤانانی ژن و پیاو و پشتگیریی شەرڤانانی ئەنتەرناسیۆنالیست و بە پێشکەشکردنی گیانی زیاتر لە ١٢ هەزار کەس توانیویەتی سەربەرزانە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و جێی هیوا و شانازی هەموومان بێت.

پیرۆزە ساڵیادی دەسپێکردنی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان!

سڵاو لە گیانبازیی خەڵکی ڕۆژاوا و شەڕڤانانی قارەمان!

نامرن ئەو ئازیزانەی لە دڵی گەلدا دەژین!

ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٩/٧/٢٠٢٤