کۆماری ئیسلامیی سووتێنەری ژینگە و بکوژی ژینگەپارێزانی کوردستانە
یەکسانی
24-07-2024
بەداخەوە هەواڵمان پێ گەیشت کە ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزی شاری کامیاران، کە دوو ڕۆژ لەمەوپێش لە جەنگەی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە لە لەوەڕگە و لێڕەوارەکانی کانیشە کەوتبووەوە تووشی سووتان دەبێت و ئەمڕۆ بەهۆی سەختیی سووتانەکەیەوە لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەست دا.
تەرمی کاک ئیسماعلی کەریمی ئەم بەیانیە لە ناو ئاپۆرەی هەزاران کەسیی خەڵکی دەڤەری کامیاران، بە دەم درووشمی کاک سمایل قارەمانە، شەهیدی کوردستانە لە ئاوایی نەجەفاوا بەخاک سپێردرا.
خەڵکی تێکۆشەری کامیارانی قارەمان ئەمڕۆ لە ئەسپاردەکردنی تەرمی کاکە ئیسماعیل کەریمیدا پەیامێکی گرنگیان بە گوێی دۆست و دوژمندا دایەوە: کاک سمایل قارەمانە، شەهیدی کوردستانە!
خەڵکی ئێمە لە کامیاران بەم جۆرە جەخت دەکەنەوە کە شۆڕشی کوردستان دژی داگیرکەر هەروا بەردەوامە، پێداگریی دەکەنەوە کە کاکە ئیسماعیل کەریمی وەک هەموو گیانبەختکردووانی سەنگەر و شەقام و زیندان و ژینگە، گیانبەختکردووی خۆشەویستی کوردستانی داگیرکراوە. پێمان دەڵێنەوە کە کۆماری ئیسلامیی نەک لە کوژاندنەوەی ئاگری ژینگەی کوردستان خۆی دەبوێرێت، بەڵکو ئەو ڕژیمە داگیرکەرە خۆی لایەنێکی سەرەکیی سووتاندنی ژینگەی کوردستانە و بکوژی ڕاستەوخۆی ئەو ژینگەپارێزانەیە، کە لە جەرگەی ئاگرکوژاندنەوەدا گیانیان لەدەست دەدەن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی گیانبەختکردنی کاک ئیسماعیل کەریمی، کە باوکی دوو منداڵ و یەکێک لە ژینگەپارێزانی دیاری کامیاران بوو، خۆی بە هاوخەمی بنەماڵە و کەسوکاری کاک ئیسماعلی و هەموو خەڵکی کامیاران دەزانێت.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئێمە ڕۆژ نیە هەواڵی گیرانی چالاکانی کۆمەڵایەتیی و لەداردانی زیندانیانی سیاسی و سووتاندنی ژینگە و بەر گوللـەدانی کۆڵبەران و دەیان ستەمگەریی دیکەی ئەو ڕژیمە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان نەبیستین. نابێ ڕێگە بدەین، کە داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم دۆخە ناخهەژێنە بکاتە شتێکی جێکەوتوو و ڕووتین. پێویستە بۆ هەواڵی هەر لەداردانێک، بۆ هەواڵی گیانبەختکردنی هەر زیندانی و ژینگەپارێز و کۆڵبەرێک دژکردەوەی خێرا و بەرین و سەرتاسەرییمان هەبێت و بۆ ئەو کارەش بەر لە هەر شتێک پێویستە ڕیزەکانی خۆمان هەرچی زیاتر یەکگرتوو و ڕێکخراو بکەین. پێویستە لەو ڕێکخراوە جەماوەرییانەی ئێستاکە کار دەکەن، فدراسیۆنێکی سەرتاسەریی پێک بهێندرێت تا بتوانین هەرچی یەکگرتووانەتر و ڕێکخراوتر لە خۆمان و لە وڵات و ژینگەکەی خودی دەرکەوین و بە پێشەنگایەتیی ئەو فدراسیۆنە سنوورێک بۆ تاوانکارییەکانی داگیرکەر دا بنێین.
سڵاو لە گیانی کاکە ئیسماعیل کەریمی و هەموو گیانبەختکردووانی کوردستان!
نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی داگیرکەر!
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاویی
٢٤ی جولای ٢٠٢٤