یادێک له شاعیری چه‌وساوه‌کان و تێکۆشه‌ری پێشکه‌وتنخواز مامۆستا قانێع
خه‌لیل غه‌زه‌ڵی
2014-04-29
ده‌سپێک
45 ساڵ پیش ئێستا و له رۆژی 17ی مانگی گوڵان واتا 6ی مانگی مای1965، گه‌لی کورد یه‌کێک له خهمخواران،دڵسۆزان و خزمه‌تکارانی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ده‌ست دا. ئه‌و که‌سه مامۆستا قانێع گه‌روه شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ر،شۆرشگێر و پێشکه‌وتنخواز بوو.
بێگومان ئێستا ئیتر به گشتگر بوونی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هوشیاریی نه‌ته‌وه‌یی که‌م که‌س هه‌یه ناوی مامۆستا قانێعی نه‌بیستبێ. ئه‌گه‌ر مامۆستا قانێع له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریه‌وه به شاعیریکی دڵسۆز و عاشقێكی ىێ ئیدیعای سه‌ربه‌ستیی کوردستان ده‌ناسرێ و رێزی ده‌گیری ،بۆمن سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه، رێز و قه‌دری زۆرتره. به‌هۆی ئه‌وه‌ی که به مامۆستای فێرکردنی زبانی کوردی(نوسین و خوێندنه‌وه)ی خۆمی ده‌زانم.
دیاره هیچکات له‌گه‌ڵی رووبه‌روو نه‌بووم، نه ئه‌و ده‌رسی مه‌لایه‌تیی ده‌گوته‌وه و نه‌من فهقیهتیم کردوه. به‌ڵام به‌هۆی کتیبهکانیهوه ، که به نهێنی له ماڵان راده‌گیران، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه ته‌مه‌نێکم نه‌بوو، خۆم فیری کوردی نوسین و کوردی خوێندنه‌وه کرد. به‌و هۆیه‌وه قانێع به مامۆستای وانه‌ی کوردیی خۆم ده‌زانم و له‌و باره‌وه رێز و حورمه‌تی مامۆستایه‌کی خۆشه‌ویستی لام هه‌یه.ئه‌و هه‌سته هانیدام وه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانم ئه‌م یادکردنه‌وه بنووسم.
قانێع کێ بوو له کووی له‌دایک بوو؟
له کاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی کتێبه‌کانی مامۆستا قانێع دا به‌هۆی ئه‌وه‌ی که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حاکمانی به‌غدا له‌چاپ ده‌دران، شوێنی له دایک بوونی قانێعیان دهگوری و ده‌نووسرا له ئاوایی "کهڵوس" له دایک بوه. ئه‌ڵبه‌ت هه‌ر ئه‌وکات هه‌مووو ده‌یانزانی که هۆی سه‌ره‌کیی ئه‌و گۆڕینه، ئه‌وه‌بوو که قانیع به له‌دایک بووی ئه‌و به‌شه له کوردستان بناسرێت که‌له‌ژێر چنگی حکوومه‌تی عیراقدایه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و سه‌رده‌مه سنووره ده‌سکرده‌کان کونتڕۆڵیکیان به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو و خه‌لکی شار و گونده‌کانی لێوار سنوور به زۆری خاوه‌نی دوو جنسیه‌ی ئێرانی و عیراقی بون.
له زۆر شوێنی دیکه باسی ئه‌وه کراوه که قانێع له کوندی "ریشێن" له بناری شاره‌زوور –سه‌ر به مه‌ریوان له دایک بوه. به‌ڵام هه‌رچی بوه بنه‌ماڵه‌ی قانێع خه‌ڵکی دۆڵاش(گوندێکی سه‌ر به ناوچه‌ی مه‌ریوان) بون و له‌مباره‌وه قانێع خۆی ده‌ڵێ: له ئه‌سڵا خه‌ڵكی دۆڵاشم. مه‌ریوانه شوێنی ئهژدادم. محه‌مه‌د (كابلی)م ئه‌مما،به ته‌خه‌لوس(قانع)م. (دیوانی قانێع)
کاتی له دایک بوونی15ی ئه‌یلوولی 1898 ڕاگه‌یه‌ندراوه. ئه‌و سه‌رده‌مه، سه‌رده‌می زوڵم و سته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی بوه و بنه‌ماڵه‌ی قانێعیش وه‌ک باقیی خه‌ڵکی هه‌ژار و بێ ده‌ره‌تان له ژێڕ سته‌م و بێدادی ئاغهواتدا بون.هه‌ر بۆیه‌ش زۆر جار ناچار به جێگۆڕکێ و ئه‌مدیو و ئه‌و دیو بون. قانێع هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه دونیاوه، تێکه‌ڵ به چاره‌ره‌شی و لێقه‌وماوی بوه. هه‌ر بهمهلۆتکهیی (40 رۆژ ته‌مه‌ن) باوکی ده‌مرێ و زۆریش ناخایه‌نێ مه‌رگی دایکیش دێته سه‌ری.
منداڵێکی بێ دایک و باب له‌و سه‌رده‌مه‌ی نه‌داری و دواکه‌وتووییه‌دا، ئاخۆ چ ژیانێکی بووبێ؟ پاش مه‌رگی باوک و دایک، ماوه‌یه‌ک مامه‌کانی وهخۆیانی ده‌گرن.به‌ڵام ئه‌و وهخۆگردنه به‌نابه‌دڵی ده‌بێ، تا ئه‌وه‌ی خزمێکی دووریان به‌ناوی سه‌ید حه‌سه‌ن له سه‌یده‌کانی چۆڕ (گوندێکی ناوچه‌ی مه‌ریوان) ده‌یباته لای خۆی و پاشان ده‌نێته به‌ر خوێندنی مه‌لایه‌تی. له‌مباره‌وه قانێع ده‌لێ:
هه‌زار ره‌حمه‌ت له ئارامگاهی به‌رزی سه‌ییدی چۆڕی
كه منداڵ بووم به لوتفی خۆی مه‌سیری ژینمی گۆڕی
به‌ڕاستیش لێره به‌دواوه ژیانی قانێع گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. له ته‌مه‌نی مێرمنداڵییه‌وه جار جار شێعر ده‌هۆنێته‌وه. به‌ڵام شێعره‌کانی سه‌ره‌تایی و ده‌چنه مایه‌ی په‌ند و ته‌نزه‌وه. شانبه‌شانی خوێندن له حوجره‌ی فهقیاندا، هه‌ستێکی دژی ده‌ره‌به‌گایه‌تیش له ناخیدا سه‌رهه‌ڵده‌دا. هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه که هه‌موو ده‌ره‌به‌گه‌کانی ناوچه، به‌تایبه‌ت ئاغاکانی به‌ری به‌گزاده به ناوه‌ندیه‌تیی کانی سانان (رۆژئاوای گۆلی زرێبار) رقێکی زۆریان لێ بێ. تا ئه‌و جێگه که شکاتی لێده‌که‌ن و چه‌ند جاریش به‌گرتی پیاوه‌کانی حکوومه‌تی ئیرانی ده‌ده‌ن.
گه‌رچی قانێع خوێندنی مه‌لایه‌تی ته‌واو ده‌کات و بۆ خوێندن سه‌ردانی زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستان(سنه، سلێمانی، هه‌ولێر، که‌رکووک، سه‌قز، مه‌هاباد و..)ده‌کات و له هه‌رشارێک ماوه‌یه‌ک ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ده‌گه‌رێته‌وه مه‌ریوان و جلوبه‌رگی مه‌لایه‌تی له‌به‌ر ده‌ردێنێ و قه‌ت له‌به‌ری ناکاته‌وه.
قانێع ، نوێ خواز و به‌رۆژ
به‌هۆی دژایه‌تییکردنی ئاغه‌وات ، هه‌میشه له لایه‌ن چه‌کداره‌کانی حکوومه‌تی ئیران و چلکاوخۆرانی ئاغاکان راو نراوه. بۆیه هیچکات نه‌یتوانیوه ژیانێکی سه‌قامگیر پێک بێنی. بۆ بژیوی ژیانی بێجگه له مه‌لایه‌تی و کاری ناپه‌سند، خۆی له هه‌موو کارێک (رۆژنامه‌گه‌ریی، ئاشه‌وانی و موچه‌خۆری حکوومه‌ت و...)داوه. قانێع مرۆڤێکی نه‌فس به‌رز و پێ له‌سه‌ر عه‌رز بوه و باوه‌ڕی به نوێبوونه‌وه بوه و هیچکات له یه‌ک شوێندا و له‌یه‌ک بۆچووندا قه‌تیس نه‌ماوه. ره‌نگه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه نه‌توانین وێنه‌یه‌کی دیکه‌ی وه‌ک مامۆستا قانێع ببینینه‌وه که وه‌ک ئه‌و توانیبێتی له‌گه‌ڵ کات و زه‌مان بچێته پێش و خۆی به‌رۆژ بکات.
بۆ باشتر ناسینی قانێع و روونکردنه‌وه‌ی که‌سایه‌تیی رووله گه‌شه و رووناکبیرانه‌ی له‌به‌رچاو گرتنی قۆناخه‌کانی گه‌شه‌ی شێعری یارمه‌تیده‌رێکی باشن.
بێگومان هه‌موومان ده‌زانین که ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی قانێع تێدا ژیاوه، کوردستانی دابه‌شکراو له ئه‌وپه‌ڕی هه‌ژاری و دوواکه‌وتوویی خۆیدا بوه و، ئایین(دینی ئیسلام ) له ژیان و هه‌ست و نیستی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ستی باڵای هه‌بوه. بۆیه زۆر ئاساییه که قانیعش که گهروهبوو و راهاتوی ئه‌و کۆمه‌لگه‌یه بوه، هه‌ستی ئایینی به‌سه‌ریدا زاڵ بووبێ. ئه‌وه‌یه که ده‌بینین له سه‌رده‌می لاوێتیدا و له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی که ده‌وڵه‌تی عوسمانی به شه‌ڕی ئیسلام و کافرانی ده‌ناساند و له هه‌ستی ئایینی خه‌ڵک به قازانجی خۆی که‌ڵکی وه‌رده‌گرت، شه‌قڵی ئایین به سهرورووی شێعره‌کانیه‌وه دیاره. که نموونه‌ی چه‌ند شێعری دیار و به‌ناوبانگی ئه‌م شاعێرهیه له وه‌سفی خودا و موحه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ری موسوڵمانان و... به‌ڵام ده‌بینین تا زه‌مان ده‌چێته پێش، قانێع، وه‌ک رووناکبیرێکی سه‌رده‌می خۆی، له‌گه‌ڵ ئه‌و پێش چوونه خۆی رێکخستوه و چوه‌ته پێش. ئه‌وه‌یه که پاش چه‌ندین ساڵ خوێندن له حوجره‌کان و سه‌فه‌ری شاران، به‌و ئه‌نجامه ده‌گات که ئه‌و بۆ مه‌لایه‌تی نابێ و بێ سێ و دوو به‌رگی مه‌لایه‌تی له‌به‌ر ده‌ر دێنی و ئیتر تا کۆتایی ژیانی روی تێناکاتهوه. ئه‌و کاره‌ی قانێح کاتێک بایه‌خی دیاره که ده‌بێ بزانین هیچکات له‌باری جۆنیه‌تی ژیانه‌وه وه‌زعێکی باشی نه‌بوو. ئه‌وه‌ش له کاتێکدا بوو که به‌هۆی دواکه‌وتوویی ئه‌وده‌م ،گه‌ر مه‌لایه‌تیی بکرادایه، به ئاسانی ده‌توانی ژیانێکی ئاسووده بۆ خۆی و ماڵ و منداڵی دانین بکات. به‌ڵام قانێع هیچکات بیروباوه‌ڕی به ماڵی دونیا نه‌گۆڕیه‌وه!!
قانێع به‌وه‌ش(ده‌رهێنانی جلوبه‌رگ مه‌لایه‌تی) ناوه‌ستێ و پاش کۆتایی هاتنی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئوکتوبر له روسیه، به‌ره به‌ره له‌گه‌ڵ بیری سوسیالیستی ئاسنا ده‌بێ و تا ده‌گاته سه‌ره‌تاکانی شه‌ڕی دوه‌می جیهانی به‌ته‌واوی سوسیالیزم وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه بانگه‌شه ده‌کات و ئاسووده‌یی و ئایه‌نده‌ی ولاته‌که‌ی(کوردستان) و جیهان له گشتگیر بونی سوسیالیزم دا ده‌بینی.
له‌م بواره‌دا قانێع هیچکات چه‌وساوه‌کان و هه‌ژارانی نه‌ک هه‌ر له‌بیر نه‌کردوه، به‌ڵکه دانسته خۆی شێوه‌یه‌ک له ژیانی هه‌ڵبژارد که بێ سێ و دوو خستیه ناو چینی چه‌وساوه‌وه. بۆیه له ناخی دڵه‌وه ناعه‌داڵه‌تی و چه‌وسانه‌وه‌ی هاوار ده‌کرد و زه‌حمه‌تکێشانی بۆ مافخوازی هانده‌دا.
با هه‌موو جوتیار و پاڵه و ره‌نجده‌ران
یه‌کگرن تا ده‌بنه هێز و پشتیوان
ئه‌گه‌ر که‌سێک (کورد یا غه‌یر کورد) بیه‌وێت له مێژووی پرسی کورد و ناسیونالیسمی کوردی به مانای هه‌ست کردن به نه‌ته‌وه بوون و بانگه‌شه و ههولذان بۆ گیانی سه‌ربه‌خۆی کوردی، بکۆڵێته‌وه؛ بێگومان ده‌بێ قانێع وه‌ک یه‌کێک له پێشقهراوڵان و رووناکبیری ئه‌و بواره بناسێ و قۆناخه‌کانی ژیان و به‌تایبه‌ت به‌رهه‌مه‌کانی شرۆڤه بکات.
گه‌ر چاو له سه‌رجه‌م دیوانه‌کانی قانێع بکه‌ین به‌شێ هه‌ره زۆری باسی کورد و کوردستان و مه‌ینه‌ت و چه‌رمه‌سه‌ریی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه و هاوکات هاوار بۆ به ده‌وڵه‌ت بوون و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان. ئه‌و شێوه شێعرانه(واتا شێعری نیشتمانیی) قانێع هینده زۆرن که‌به‌راستی من له هه‌ڵبژاردنی نموونه خۆم پاراست. له‌به‌ر ئه‌وه ههرکامهم هه‌ڵبژاردایه، غه‌درێك ده‌بوو له سه‌دان و بگره هه‌زاران شێعری نه‌ته‌وه‌یی و پڕ مانای دیکه.
ئه‌گه‌رچی قانێح له درێژه‌ی ته‌مه‌نیدا قۆناخی فیکریی جیاوازی ته‌جروبه کردوه و به‌ڵام هه‌میشه له یه‌ک روانگهودا راوه‌ستاو بوه، ئه‌ویش کورد بون و بانگه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌بوونی کورد و رزگاریی کوردستان. هه‌ر له ته‌مه‌نی لاویه‌تی که جیاوازیی و سته‌می چینایه‌تی(دژی ده‌ره‌به‌گه‌کان) هه‌ست پێده‌کات، هاوکات خۆی ده‌ناسێ و وه‌ها هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به‌رز و قووڵ به‌وه که خه‌باتی چینایه‌تی(دژی ده‌ره‌به‌گایه‌تی) نه‌یتوانیوه، به‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا زاڵ بێت. ئه‌وه‌یه که ده‌بینین چ له سه‌رده‌می لاوێه‌تی و چله سه‌رده‌می زاڵ بوونی هه‌ستی ئایینی و چ له کاتی سۆز بۆ سوسیالیزم دا هه‌میشه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌بات بۆ رزگاریی کوردستانی له پێشه‌وه‌ی باوه‌ڕه‌کانی دیکه‌ی داناوه و بانگه‌شه‌ی کرد‌و.
هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌یه که کاتێک ده‌بیسێ که له مه‌هاباد به رێبه‌ریی قازی موحه‌مه‌د بزاوتێکی رزگاریخوازانه سه‌ریهه‌ڵداوه، ده‌سبه‌جێ (به پێی پیاده) به‌روه مه‌هاباد تێی دهتهوێنێ و پێش رۆژی ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردتان و هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان(2ی رێبه‌ندان) خۆی ده‌گه‌یه‌نێته مه‌هاباد. قانێع هه‌تا رووخانی کۆمار له مه‌هاباد ده‌مێنێته‌وه و (به ته‌واوی تواناوه) خزمه‌تی کۆمار ده‌کات. هه‌ر له‌و ماوه‌دا چه‌ند شێعری به سه‌ر کۆمار و پێشه‌وادا هۆنیوه‌ته‌وه و پاش روخانی کۆماریش ئه‌وه‌ی ده‌روونی پڕ له خه‌فه‌تی بوه له قاڵبی شێعردا ده‌ری بڕیوه.
قانێح و کۆمه‌ڵگه و ئومانیسم
وه‌ک پێشتر باسم کرد هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌سپێکردنی شێعر هۆنینه‌وه(مێرمنداڵی و تازه‌لاوی) ، قانێع شێعری کۆمه‌ڵایه‌تیی تێکه‌ڵ به په‌ند و ته‌نز ده‌هۆنیه‌وه. گه‌رچی ئه‌م شێعرانه هی سه‌رده‌می لاوێتی و تازه‌لاویی ئه‌م شاعیره‌ن ، شاعیر نوقمی کهشو هه‌وای ئه‌و رۆژه واتا ئایین(ئیسلام)ــه، به‌ڵام له ڕاسستیدا ئاوێنه‌ی باڵا نوێنی بار و دۆخی ئه‌و ده‌مه‌ی کوردستان (ناوچه‌ی ژیانی)و هاوکات نیشانه‌ی ده‌رکی واقعی و قووڵی شاعیره له کۆمه‌ڵگای خۆی . شانبه‌شانی ئه‌و ده‌رکه، ئێمه شاهێدی چه‌شنێک هه‌ستی ئینسان دۆستی، ژینگه پاراستن و به کورتی ئومانیزمین.
بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته جوان و بێگه‌رده‌ی قانێع، که بێگومان له پڕۆسه‌ی گه‌شه‌کردنیدا گه‌یشته کوردایه‌تی و هاوکات دژی چه‌وسانه‌وه، ناوی چه‌ند شێعری به‌ناوبانگی دێنم و ژانره‌که‌یان ده‌سنیشان ده‌که‌م. له بواری ئومانیزم و ژینگه پپاراستن قانیع چه‌ندین شێعری هۆنیوه‌ته‌وه که به‌ناوباگ ترینی "کۆتر و راوچی"یه که شێعرێکی دوور و درێژ و پر هه‌ست و به‌ناوه‌رۆکه. له‌باره‌ی کۆمه‌ڵناسییه‌وه، شێعره‌کانی "فێڵبازی رێوی" و "مشک و پشیله"که ته‌نزن له‌سه‌ر جاوهنداران که به زبانێکی ساکار له کۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵات و دین و پێوه‌ندیه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی(ده‌ره‌به‌گایه‌تی) دواوه و. چۆنیه‌تی ماڵ به‌شکردنمان، ته‌نزێکه له سه‌ر ته‌ماحی ماڵی دونیا که برا ده‌خاته گیانی یه‌کتر. له "چۆنیه‌تی باوک مردنمان"دا باسی داب‌و نه‌ریتی دواکه‌وتوانه ده‌کات، مازووچنینی لادێ که کۆمه‌ڵه شیعرێکه له فولکولور ، دڵداری و داب و نه‌ریتی به‌شێک له خه‌ڵکی ناوچه‌که. هه‌رکام له‌و شێعرانه له سه‌رده‌می خۆیدا ده‌م به ده‌م له نێو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکدا ده‌گه‌ڕان و له په‌روه‌رده‌کردنی لاوان ده‌وری کاریگه‌ریان ده‌گێڕا.
قانێع و خۆڕاگری و بهکردهوهگهیاندنی قسه‌کانی
ئێمه له مێژوودا زۆر جار دیتوومانه که هێندێک(شاعیر یا نووسه‌ر یا هه‌ر رووناکبیرێک) له به‌رهه‌مه‌کانی خۆیاندا زۆر ئیدیعای گه‌وره‌یان کرده‌وه و به ددان به‌ردیان کرۆشتوه و...، به‌ڵام کاتێک که‌وتوونه‌ته ته‌نگانه یا له باری مادییه‌وه تووشی گرفت هاتون، هه‌موو قسه وبهڵین و هاواره‌کانیان بیر کردوه، یا کاتێک هونه‌روه‌رێک که‌وتوه‌ته ژێر ده‌ستی زاڵم و دیتنی هێندێک چه‌رمه‌سه‌ری له قسه‌کانی پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه. ئه‌ڵبه‌ت من ئه‌م به‌شه واتا پاشگه‌ز بوونه‌وه له ژێر ئه‌شکه‌نجه و ئازاردا (ئه‌گه‌ر بگاته ئه‌و ئاسته که ئه‌و مرۆڤهههلپهرستانه هه‌ڵوسوکه‌وت نه‌کات) به تاوان نازانم. دیاره ئه‌وه‌ی باسم کرد هه‌موو که‌س ناگرێته‌وه و هه‌ر له‌مێژوودا زۆر که‌سمان هه‌بوه و ئێسته‌ش هه‌مانه که تا دوادڵۆپی خوێنیان له باوه‌ڕه‌کانیان داکۆکی ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت گیانیان له رێگه‌ی دا به‌خت ده‌که‌ن. بێگومان ئه‌م که‌سانه هه‌میشه جێگه‌ی شانازیی کۆمه‌ڵگه‌ی مرڤایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ی خۆیانن.
یه‌ک له‌و که‌سانه مامۆستا قانێعه.وه‌ک له دێره‌کانی پێشووتردا نوسیم، قانێع چه‌ند جار به دهکیسی ئاغه‌واتی ناوچه‌ی مه‌ریوان ،له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ئێرانه‌وه گیرا و هه‌ر جاره پاش ئازار و ئه‌شکه‌نجه و زیندان، له باوه‌ڕه‌کانی خۆی داکۆکی کردوه و هیچکات ملی بۆ دوژمانی خۆی و نه‌ته‌وه‌که‌ی دانه‌نواندوه. یه‌کێک له باشترین نموونه‌کانی ئه‌و کاته بوو که له گه‌ڵ یه‌کێک له کوره‌کانی* ده‌گیرێن و پاش چه‌رمه‌سه‌ریه‌کی زۆر ده‌یبه‌ن بۆ تاران و له زیندانی قه‌سر (که یه‌کێک له زیندانه پر له تاوانکاریه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وکات و ئێستای حکوومه‌تی ئیرانه) ڕایده‌گرن.
مامۆستا قانێع که‌هه‌ر له منداڵیه‌وه تووشێ نه‌خۆشیی ته‌نگی نه‌فه‌س(ئاسم) بوه، له زینداندا نه‌خۆشییه‌که‌ی به‌هۆی ئاوهه‌وای خراپی ژووره‌کانی زیندانه‌وه، ته‌شه‌نا ده‌کات و وای لێدێت که ئیتر به‌ته‌مای خۆی نامێنێ. ئا له‌و مه‌رگه ساته‌دا که قانێع له زیندان چاوه‌روانی مه‌رگ ده‌کات، له‌باتی شاتیمان هێنان و خۆلاواز نیشاندان به دوژمن ، دلێرانه و بوێرانه شێعری "ئاخرین ماڵی ژیایانم" ده‌هۆنێته‌وه که به باوه‌ڕی من ئه‌گه‌ر له ته‌واوی ژیانیذا هیچی بۆ کورد و نه‌ته‌وه‌که‌ی نه‌کردبای و ته‌نیا ئه‌و شێعره‌ی بهۆنیباتهوه، دیسان قانێع له‌و ئاسته‌دا ده‌بوو که ئێسته وه‌ک یه‌کێک له شانازیه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مانه.
ئه‌ڵبه‌ت نابێ ئه‌وه‌ش باس نه‌که‌م که پاش کودێتای عه‌بدوڵکه‌ریم قاسم، 1958 له ئێراق شیوعیه‌کان (که دوور بێ له ئێستا، ئه‌و ده‌م مه‌یدانداری سیاسه‌تی ئێراق و کوردستان بوون)به هۆی ئه‌وه‌ی مامۆستا قانێع رووی تێنه‌کردن، به‌شێوه‌ی ناراسته‌وخۆ هێندێک قسه و بوختانی ناره‌وایان به دژی بڵاو کرده‌وه. به‌ڵام ژیانی قانیع و ره‌وه‌ندی رووداوه‌کان ته‌نیا ئه‌وه‌ی سه‌لماند که بۆ قانیع ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌که‌ی بایه‌خی هه‌بوه، و ئه‌وه‌ی به دژی پڕوپاگه‌نده‌یان کرد، هه‌مووی بڵقی سه‌ر ئاو بوو.
به‌هێنانه‌وه‌ی ئه‌و شێعره مه‌زنه‌ی مامۆستا‌م ،مامۆستا قانێع، یادی به به‌رزیی شێعره‌که به‌رز و به‌رێز راده‌گرم.
به‌ندیخانه
ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی به‌ندیخانه‌یه
ئه‌م که‌له‌بچه مه‌رهه‌می زامی دڵی دێوانه‌یه
بووکی ئازادیم ئه‌وێ خوێنم خه‌نه‌س بۆ ده‌ست و پێ
ئه‌ڵقه ئه‌ڵقه‌ی پێوه‌نم وه‌ک پڵپڵه‌و له‌رزانه‌یه
گه‌رچی دوژمن وا ئه‌زانێ من به دیلی لاڵ ئه‌بم
باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابی خانه‌یه
گرتن و لێدان و کوشتن عامیلی ئازادییه
تۆپ و شه‌ستیر و که‌له‌بچه لام وه‌کوو ئه‌فسانه‌یه
بیری ئازادیم له زیندانا فراوانتر ئه‌بێ
قۆڕَ به سه‌ر ئه‌و دوژمنه هیوای به به‌ندیخانه‌یه
گه‌ر به ئازادی نه‌ژیم مردن خه‌ڵاته بۆ له‌شم
نۆکه‌ری و سه‌ر دانه‌واندن کاری نامه‌ردانه‌یه
چاوه‌ڕوانی شۆڕشێکم عاله‌مێ رزگار بکا
میلله‌تم بۆ ئه‌و مه‌به‌سته کردوه‌ی شێرانه‌یه
چه‌کی شۆڕشگێڕی من نووسین و بیر و باوه‌ڕه
راپه‌ڕینه هه‌ڵمه‌ته پڕ نه‌عره‌ته‌ی کوردانه‌یه
"قانع"م ئه‌مڕۆ له زیندانا به ئازادی ئه‌ژیم
سه‌د هه‌زار له‌عنه‌ت له‌وه‌ی وا نۆکه‌ری بێگانه‌یه