سیناریۆی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان

سەربەست ئازاد
29-10-2024

دوای لاواز بوونی بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی و سەرهەڵدانی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری هەڵگریسانی شەڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسەڵاتدارانی تورکیا ترسیان لێنیشتووە کە ڕێڕەوی گۆڕانکاریەکان ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوانیش بگرێتەوە.

لەکاتێکدا کە وا چاوەڕوان دەکرێت لە دەرەوەی ئیرادەی دەسەڵاتدارانی تورکیا گۆڕانکاریی لە ناوچەکە روو بدات، بە تایبەت کە کارەکتەری گۆڕانکاریی لە ناوچەکە لایەنێکی دیکە بێت و لەو گۆڕانکارییەدا هیچ ڕۆڵێک بە تورکیا نەسپێردرێت، دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕوودانی هەر گۆڕانکارییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن. بۆیە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە خەیاڵی خۆیان بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی خەڵکی کوردستان لەژێر هەژمۆنی ئەوان دەرنەچێ و لە دواڕۆژدا لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بێنن، لە ژێر ناوی " پەنجەرەی هیوا" وە باس لە ئاشتی و چارەسەر کردنی کێشەی خەڵکی باکوری کوردستان دەکەن.

 دەسەڵاتدارە ڕەگەزپەرستەکانی تورکیا سیناریۆکەیان بەو شێوە داڕشتوە کە بۆ دەسپێکی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری کێشەی نێوان تورکیا و باکوری کوردستان، سەرەتا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەڵان سەرۆکی زیندانییکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بهێندریتە پارڵمانی تورکیا و بڵێت من تا ئێستا ترۆریست بووم و لە ڕابردوودا ڕێکخراوەیەکی ترۆریستیم بە ناوی pkk دامەزراندووە و ئیستا لە پێناو بەرژەوەندی تورکیا بڕیار دەدەم ئەو ڕێکخراوە ترۆریستیە هەڵوشێنمەوە!!

بەدڵنیاییەوە ئەگەر سەرەتای دەستپێکی وتوێژی ئاشتی و چارەسەری کێشەی خەڵکی باکوری کوردستان کە بەو پێشمەرجە شۆڤێنیستییە و سووکایەتی کردن بە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی خەڵکی کوردستان دەست پێ بکات، تەمەنی زۆر درێژ نابێت و لە سەرئێشە و زیان زیاتر هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵکی باکوری کوردستان نابێت.

 

 دوور نیە کە ئەگەر دەسەڵاتدارانی تورکیا لە هەڵگریسانی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسڕائیل و کۆماری ئیسلامی دڵنیا ببنەوە، بە مەبەستی کات کوشتن ئاسانکاریی بکەن و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئەو پێشمەرجە نالۆژیکیانەی ئێستا لاببەن و بەشێوەیەکی تر پیلان داڕێژن و لەژێر ناوی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا خەڵکی باکوری کوردستان بەپڕۆژەیەکی ئاڵۆز و بێبنەماوە سەرقاڵ بکەن و دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ناوچەکە، خەڵکی کوردستان لەگەڵ چارەنووسێکی نادیار بەروو بکەنەوە.

 

ئەزموونی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان ئاماژە بۆ ئەو ڕاستیە دەکات، کە پێشنیاری دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ ئاشتی و چارەسەری کێشەی خەڵکی باکوری کوردستان ئەمجارەش وەک چەندین جاری تر تاکتیکە و هیچ نیازپاکیەکی لە پشتەوە نیە بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەی نەتەوایەتیی خەڵکی باکوری کوردستان.

ئێستا کە فشاری قەیرانی ئابووری و سیاسی  دەسەڵاتدارانی  تورکیای ناچار کردووە کە بانگەوازی ئاشتی بکەن، بارودۆخی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە وا دەخوازێت بەبێ بەشداری نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان یا لایەنی سێهم کە بتوانی گەرەنتی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکان و دەستەبەر کردن و پاراستنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکات، هیچ لایەنێکی کوردستان بە تەنیا خۆی لە قەرەی وتوێژ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان نەدات.

تا ئێستا لە سەر ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا دەسەڵاتداران بەگشتی بە پێی بەرژەوەندی خۆیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کێشەی خەڵکی کوردستان کردووە، هەرکات ئەو بەرژەوەندیە نەماوە "پشتگیریی و یارمەتی ئینسانیش" بە خەڵکی کوردستان کۆتایی هاتووە. لە ئێستادا کە وا چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ هەڵگریسێ و گۆڕانکاریی ڕوو بدات، هەموو لایەک هەوڵ دەدەن کە لەو شەڕەدا زیانی کەمتریان بەر بکەوێ و لەو گۆڕانکارییەدا زۆرتر قازانج بکەن.

خەڵکی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی گرنگ کە لە چەند لاوە لە ناو چەقی گۆڕەپانی ڕووداو و گۆڕانکارییەکاندایە، بۆیە لە چەند لاوە داوای هاوکاریی لێ دەکرێ و پێشنیاری یارمەتیدانی پێ دەکرێت. لەکاتێکدا  کە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا دۆستی تاسەر و دووژمنی تاسەر نیە، بەڵکو بەرژەوەندی ڕێڕەوی تێکۆشان و درێژەدان بە پەیوەندی دیاری دەکات.

پێویستە لەم قۆناغە هەستیارەدا روناکبیر و سەرکردە و نیشتمانپەروەرانی کوردستان خۆیان  بۆ هەر ئەگەرێک ساز بکەن و هەوڵ بدەن بە ڕاوێژ لەگەڵ یەکترهەلکە بقۆزنەوە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ستراتیژیی خەڵکی کوردستان، نەک بە پێی بەرژەوەندی حیزبی، بە وردبینیی و دووربینیی، بە شێوەیەک پلان بۆ داهاتوو دابڕێژن کە لە کۆتاییدا خەڵکی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستکەوتی پایەدار و پاڕێزراو و ژیانێکی ئازاد و پڕ لە شكۆ.

٢٣/١٠/٢٠٢٤