مامۆستا برایمی قادری ئەستێرەی گەشی گۆرانیی فۆڵکلۆری کوردی کۆچی دوایی کرد
Yeksani
20-11-2024
زۆر بەداخەوە دوێنێ سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، مامۆستا برایمی قادری هونەرمەندی خۆشەویستی خەڵکی کوردستان، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا و دوای ماوەیەک نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا برایمی قادری کە پەروەردەی بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر بوو، لە ئاوایی ''عیساکەند'' لە دایک بووە. ساڵی ١٣٤٠ی هەتاویی لە شاری مەهاباد نیشتەجێ بووە. مامۆستا برایم قادری کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەی موکریان بوو. ئەو مەزنەپیاوە لەو هونەرمەندە خۆشەویستانە بوو کە بەهۆی زیندوو و بەرزڕاگرتنی فۆڵکلۆری کوردی جێگە و پێگەیەکی تایبەتیی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا هەبوو.
مامۆستا برایمی قادری تەواوی تەمەنی خۆی بۆ زیندووڕاگرتنی فۆڵکلۆری کوردی تەرخان کرد. کاک کەریمی باوکیشی پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە و لەلایەن قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان خەڵات کراوە. کاک برایمی قادری لە سەردەمی لاوێتییەوە دۆستی پێشمەرگە و ئەوینداری نیشتمان بووە و هەر بەم هۆیەوە زۆرجاران لەلایەن دەسەڵاتەوە تووشی زیندان و ئازار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر تەرمی ئەم هونەرمەندە لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنگرانی فەرهەنگ و هونەری کوردی لە شاری مەهاباد بەخاک ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە ئازیزەوە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هەموو هۆگرانی هونەر و فۆڵکلۆری کوردی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
2024/11/20