پشتگیرییکردنی هەمەلایەنەی ڕۆژاوای کوردستان ئەرکی هەنووکەیی هەموومانە!

Yeksani
07-12-2024

پاش هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و حیزبوڵڵا کە لە ڕاستییدا شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامییە، پێگەی کۆماری ئیسلامیی و دەستوپێوەندەکانی لە ناوچەکە بە ڕژیمی ئەسەدیشەوە  هەر هاتووە و لاوازتر بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ پارسەنگی هێز لەو شەڕەدا بە زیانی ئێران و لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی گۆڕاوە.

هێرشی ڕێکخراوی ترۆریستیی کۆنە قاعیدەیی تەحریری شام و هاوپێڕەکانی بە فیتی تورکیە بۆ سەر سووریە، کە ڕێکخراوگەلێکی ئیسلامیی لە چەشنی داعشن و دەسپەروەردە و داردەستی ڕژیمە ئیخوانیی و پانتورکیستییەکەی ئەردۆغانن ئەوە نیشان دەدات، کە هاوکێشەکان لە گۆڕانێکی خێرادان بە زیانی ئەو لایەنەی کە بە بەرەی بەرگریی ناو دەبرێت، بەجۆرێک کە ڕژیمی ئەسەد پێگەی لەق بووە و لە ڕووخان نزیک بووەتەوە و ئێران و ڕووسیەش لە کۆکردنەوەی هێزەکانیاندان و بازنەی بەرەی سەر بە ئێران و ڕووسیە لە سووریە و دەڤەرەکە سات بە سات بچووکتر دەبێتەوە.

 لەم دۆخە ئاڵۆزە نوێیەدا، ئەوەی ڕوو بە دەرەوە دەیندرێت ئەوە نیشان دەدات کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی هاوپەیمانی کە تا ئەمڕۆ نەچوونەتە ناو شەڕەکەوە ڕەنگە لەپێناو دەرپەڕاندنی ئێران و ڕووسیە لە دەڤەرەکە ئامادە بن لە سووریە تەنانەت مل بدەن بە هاتنە سەر کاری ڕێکخراوگەلێکی ترۆریستیی ئیسلامیی وەک ئەوەی کە لە ئەفغانستانی تاڵەبان کردیان. پێشڕەوییی خێرای دارودەستە ئیسلامییەکانی سەر بە تورکیە لە بەرەکانی شەڕی سووریەدا نیگەرانیی قووڵی ئیسرائیلی لێ کەوتۆتەوەکە ببێتە دراوسێی نەخوازراوی دەوڵەتێکی ئیسلامیی لە حەماس ئیسلامییتر و بەهێزتر. بێگومان پێکهاتنی وەها دەسەڵاتێکی ئیسلامیی لە سووریە مەترسیەکی گەورە دەبێت بۆ پرسی نەتەوایەتیی کوردستان و فەلەستین و سووریەش دەکاتە دۆزەخێکی خراپتر لەوەی کە هەیە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە و بەرەی ئازادیخواز و یەکسانییخوازی دەڤەرەکە.

ڕژیمی فاشیستیی تورکیە کە یەکێک لە ئەندامە بەهێزەکانی ناتۆیە و زلهێزێکی ئیخوانیی و پانتورکیستیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ماوەی شەڕی یەک ساڵی ڕابردووی نێوان ئیسرائیل و حەماس و دەستوپێوەندەکانی تری کۆماری ئیسلامییدا نەیتوانیوە وەک دەخوازێ لە حەماسی برای خودی دەرکەوێ و بەمەش لەلایەن ئیسرائیلەوە شکۆی ژێر پێ خراوە و لە لووتی دراوە و زیاتر وەک زلهێزێکی زەلیل و فشۆڵ و دەستەوستانی ناوچەکە کەوتۆتە بەر چاو، ئەمڕۆکە لە ئەنجامی پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانی ئەوەیە کە بە کەوتنە لێژیی هەرچی زیاتری گڵۆڵەی کۆماری ئیسلامیی و سەرجەم "بەرەی بەرگریی" هەلێک بڕەخسێنێت بۆ هەستانەوەی شۆڕشی ژینا و دامەزرانی دەسەڵاتێکی کوردستانیی لە ڕۆژهەڵات و ئەمەش ببێتە هۆی بەهیزتربوونی بزووتنەوەی کوردستان لە باکوور و ڕۆژاوای وڵات. بزووتنەوەیەک کە لە ڕۆژاوای کوردستان دەسەڵاتێکی بەهێز و خەڵکییە و لە باکووریش لە شارەوە بۆ شاخ بەهێزە و زۆر کێشەی گەورەی ئاسایشیی و سیاسیی و ئابووریی بۆ ڕژیمی تورکیە ناوەتەوە.

ئەم دۆخەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕژیمی تورکیە و دکتۆرینی ژوورە هزریەکانی ئەو وڵاتەی هەژاندووە و مۆتەکەی کورد پشووسواری کردووە، بۆیە لە لایەکەوە پەنای بردۆتەوە بەر پرۆسەی بەناو ئاشتیی و گفتوگۆ لەگەڵ کورد و و لە لایەکی تریشەوە لە پلەی یەکەمدا بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل و بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر لە ئەمریکای ترامپ و ... لە ڕێگەی ڕێکخراوی ترۆریستیی تەحریری شام و کۆمەڵێک ڕێکخراوی ئیسلامیی ترەوە کە ساڵانێکە پڕچەک و پەروەردەیان دەکات، بە چەک و چۆڵی هەرە پێشکەوتووی سەربازیی وەک تانگ و هاژەک و درۆنی پێشکەوتوو هێرشی کردۆتە سەر سووریە و لە ماوەیەکی کورتدا دەستی بەسەر شارەکانی پارێزگا گەورە و گرنگەکانی ئەدلیب و حەلەب و حەما و ئسویدادا گرتووە و پێ دەچێت لە ڕۆژانی ئایندەدا بتوانن حومسیش بگرن و خۆ بگەیەننە دیمەشقی پایتەختیش. دارودەستە ترۆریستییەکانی سەر بە تورکیە لە یەکەم هێرشیان بۆ سەر حەلەب هەوڵیان دا لە گەڕەکە کوردیەکانی ئەو شارە گۆمی خوێن بەرپا بکەن، کە خۆشبەختانە هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان بەرپەرچیان داونەتەوە. لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ترۆریستیەکان لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی تورکیەدا لە زەوی و ئاسمانەوە چەندین هێرشیان کردۆتە سەر گوندەکانی دەوروبەری مینبەج، کە لەلایەن شەڕڤانانی کوردستانەوە هێرشەکانیان بەرپەرچ دراونەتەوە.

ئەمڕۆکە هەرچەندە کورد و دەسەڵاتەکەی لە ئاستی هەموو سووریەدا فاکتەرێکی سەرەکیی بەهێزە و نزیکەی نیوەی ئەو دەڤەرانەی بەدەستەوەیە کە لە نەخشەی جیهاندا بە خاکی سووریە دێنە هەژمار و دەسەڵاتی ڕۆژاوای کوردستان لە پشگیریی بەرینی کۆمەڵانی خەڵک بەهرەمەندە و تێکشکاندنی وەها هێزێک بۆ داگیرکەران کارێکی ئاسان نیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش مەترسیی هەیە و هەموو کوردستان پێویستە چاوێکی لەسەر پاراستنی ڕۆژاوای کوردستان بێت و چاوەکەی تریشی لەسەر بەهێزکردنی بەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وەک هەمیشە پشگیریی خۆی بۆ گەلی کوردستان لە ڕۆژاوای وڵات و حکوومەتی خۆسەریی دێموکراتیک دووپات دەکاتەوە و چارەنووس و سەرکەوتنی ڕۆژاوا بە چارەنووس و سەرکەوتنی هەموو کوردستان دەزانێت.

بێگومان ڕەوتی ناسراو بە بەرەی بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کۆماری ئیسلامیی کۆڵەکەیەکی سەرەکییەتی لە ناوخۆی ئێرانیش شکستی زیاتر تۆمار دەکات. ئەم ڕژیمە کە لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی ئابووریی و گەندەڵییەکی نێوخۆیی بەرین ڕووبەڕووە بۆ هێورکردنەوەی خەڵکی ڕاپەڕیو و بۆ لابردنی گوشاری گەمارۆ ئابوورییەکانی پشتی بە پاستار پزیشکییان بەتسبوو، کە بە هاتنە سەر کاری ترامپ ئەگەری زۆری هەیە گەمارۆ ئابووریی و سەربازییەکانی زیاتر پەرە بستێنن و بە ڕووخانی ڕژیمی بەشار ئەسەدیش توانای مانۆڕە ناوچەییەکانی زیاتر و زیاتر سنووردار بکرێنەوە و لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کۆمەڵانی خەڵک لە ئاستێکی بەریندا بۆ ڕووخاندنی ڕژیم بێنەوە سەر شەقامەکان.

لەم دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەدا پێویستە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی لەسەر پێ بن بۆ گۆڕانکارییەکان. لەم دۆخەدا پێکهێنانی خێرای بەرە یان ناوەندێکی هاوکاریی گشتیی ئەرکێکی هەنووکەییە و دواخستنی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. هاوکات پێکهێنانی بەرەیەکی تایبەت بە ڕەوتی چەپ و سۆسیالیستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرنگییەکی تایبەتیی هەیە.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٧ی دیسامبری ٢٠٢٤

١٧ی سەرماوەزی ١٤٣ی هەتاویی