پێشمەرگە و ڕابەری یەکسانییخواز، مامۆستا قەندیل

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
28-08-2013

مامۆستا عەبدوڵڵا زەکی (عەوڵای مەلا عوسمانی) ناسراو بە مامۆستا قەندیل لە ساڵانی سەرەتای١٣٠٠ی هەتاوی (١٩٢١) لە گوندی بێکۆسی ناوچەی پیرانشار لەدایک بووە. مەلا عوسمانی باوکی، خەڵکی ئاوایی سورخاوی مەهاباد و کەسێکی ڕوناکبیر و لایەنگری ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و خەباتکارێکی دژی سیستمی دەرەبەگایەتی بوو و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە بەرەی بەرگریی لە خەڵکی هەژار، بەربەرەکانیی بەگەکانی ناوچەکانی موکریان و پیرانشاری کردووە.

دایکی مامۆستا قەندیل ناوی مەلاژنە خەج بووە و لە هەڕەتی لاوییدا هاوسەری لەدەست دەدات و سەرپەرستی ماڵ دەگرێتە ئەستۆ و بار دەکات بۆ گوندی “بادیناوێی پیرانان”. مەلاژنە خەج بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانی، دەست بە کارەکانی وەرزێریی، ئاژەڵداریی و کاروانچێتیی نێوان شارەکانی کۆیە و پیرانشار دەکات.

مامۆستا قەندیل لە سەردەمی مناڵییدا لای باوکی و چەند مەلایەکی تر فێری خوێندن و نووسین دەبێت بەڵام ئامادە نابێت بۆ ماوەیەکی زۆر لای مامۆستایانی ئایینی بخوێنێت. هاوڕێ قەندیل لە سەردەمی لاوێتیدا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی وشیاریی فکری و سیاسی خۆی و بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارە حیزبیەکانیشی، دەست بە خوێندنەوەی کتێبەکانی کوردی و فارسیی ئەو سەردەمە دەکات کە لای مامۆستایانی ئایینی و دۆستانی حیزبیی دەستی دەکەون و لەم ڕێیەوە پەرە بە خوێندەواریی خۆی دەدات.

مامۆستا قەندیل هەر لە سەردەمی لاوێتیەوە هەستی بە چەوسانەوەی نەتەوەکەی کردوە و لەم سەردەمەدا هاتوچۆی مەهاباد و شارەکانی دەورووبەر و هەروەها هاتووچۆی باشووری کوردستانی کردووە. پاشان لەگەڵ ئاڵۆگۆڕەکانی ناوچەی موکریان و دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ئاشنا بووە. کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ پیرانشار، ئەم ئاڵوگۆڕانەی ناوچەکەی بۆ دۆستانی گێڕاوەتەوە و لەگەڵ چەند دۆستێکی خۆی (سەید حاجی کەڵەوی، عەوڵای مام سەعید و مام حاسڵی لەیلانی) دەچن بۆ مەهاباد و دەبن بە ئەندامی کۆمەڵەی (ژ. ک.). هاوکات هاوڕێ قەندیل لە سەردەمی دەسەڵاتی بەگەکانی ناوچە هەستی بە چەوسانەوەی دێنشینان کردووە و بیری لەوە کردۆتەوە کە پێویستە ڕێبازی باوکی درێژە پێ بدات و بزووتنەوەیەکی دژی دەرەبەگایەتی وەڕێ بخات و باوەڕی وابووە کە ئەم بزووتنەوەیە بەبێ وشیارکردنەوەی وەرزێران و گوندنشیینەکان بە ئامانج ناگات.

لەو سەردەمانەدا قاتوقڕیی شەڕی جیهانیی دووەم، دەسەڵاتی ڕەشی شای ئێران و زۆرداریی دەرەبەگەکان بڕستی لە خەڵکی هەژار بڕیبوو. زۆربەی کارێک کە لە گوندەکان دەکرا، بێگاریی و سەپانیی و کاری نانەزگی بۆ بەگەکان بوو. هەر کەسیش دژ بەم ستەمکارییە وەستابایەوە، لەگەڵ هێرشی توندی دەرەبەگەکان و ڕژیمی شا ڕوبەڕوو دەبوەوە. دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان مامۆستا قەندیل وەک ئەندام لە ڕێکخستنی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کار دەکات و بەرپرسیارێتیی کۆمیتەی لاجانی پیرانشار دەگرێتە ئەستۆ .

ساڵی١٣٢٩ی هەتاوی (١٩٥٠) دەزگای ئاسایشیی و پۆلیسیی ڕژیمی حەمە ڕەزا شا ئاگاداری چالاکیی سیاسی ـ حیزبیی مامۆستا قەندیل دەبێ و ناوبراو دوای ئەوە کە هێزەکانی ساواک چەند جارێک هێرش دەکەنە سەر ماڵەکەی و دەیانەوێت بیگرن، خۆی بەدەستەوە نادات و ڕوو لە چیای قەندیل دەکات و دەبێتە پێشمەرگە.

ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی (١٩٦٤) کۆنگرەی ٢ی حیزبی دێموکرات لە ئاوایی سونێی ناوچەی قەڵادزێ گیرا و مامۆستا قەندیل یەکێک بوو لەو کەسانەی کە چالاکانە لەم کۆنگرەدا بەشداری کرد و وەک ئەندامی “کۆمیتەی چاوەدێریی بەرز” هەڵبژێردرا. لەو سەروبەندەدا مامۆستا قەندیل لەلایەکەوە بەشداریی شەڕەکانی باشووری کوردستانی لە دژی ڕژیمی بەعس دەکرد و لە لایەکی تریشەوە بە نهێنیی و بێ ئاگاداریی ڕژیمی ئێران سەردانی ڕێکخستنی نهێنیی حیزبی دێموکراتی دەکرد و لە هەمان کاتیشدا بەردەوام سەرقاڵی دەرمانکردنی برینی قوڵی پرژ و بڵاوی لێکدابڕانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بوو.

هەلومەرجی تایبەتیی باشووری کوردستان و شەڕی کوردستان لەم پارچەیە لە دژی ڕژیمی داگیرکەری عێراق کارێکی وای کردبوو کە قورسایی زیاتری کار و چالاکیی شۆڕشگێڕانەی مامۆستا و سەرجەم حیزبی دێموکرات، لە باشووری کوردستان بێت. ئەو سەردەمە مامۆستا قەندیل بەردەوام لە بەرە جیاجیاکانی شەڕی شۆڕشی باشووری کوردستاندا بەشدار بوو، بەتایبەتی لە شەڕی بەناوبانگی هەندرێن کە تیایدا وەک بەرپرسی دەستەیەکی ٤٠ کەسی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریی کردبوو و لەم شەڕەدا سوپای عێراق بە سەختی تێک شکابوو و شۆڕشی کوردستان بە سەرکەوتنی لەم شەڕەدا، داستانێکی پڕ لە شانازیی تۆمارکردبوو.

تێکچوونی شۆڕشی باشووری کوردستان و ڕادەستکرانەوەی مامۆستا قەندیل بە ئێران

کە شۆڕشی باشووری کوردستان لە ساڵی١٣٥٤ی هەتاوی (١٩٧٥) تێک چوو، مامۆستا قەندیل و هاوڕێیانی لە کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گوندی ورتەی بناری قەندیل کۆبوونەوە و گەیشتنە ئەو ئامانجەی کە داوای پەنابەرێتیی لە دەوڵەتی عێراق بکەن. مامۆستا قەندیل و ٥٤ پێشمەرگە و کادری تری حیزبی دێموکرات لە ڕانیە لە ڕێگەی بایزی هەباساغای سەرکەپکانەوە داوای پەنابەرێتیی لە عێراق دەکەن، بەڵام نەک وەکو پەنابەر وەر ناگیرێن، بەڵکو دوای چەند ڕۆژێک لە ڕێگەی سنووری داسەپاوی خەسرەوی و قەسری شیرینەوە ڕادەستی دەوڵەتی حەمەڕەزا شا کرانەوە و کەوتنە زیندان.

مامۆستا قەندیل لە زیندانەکانی نەغەدە و ورمێ لەلایەن شکجەگەران و سەرانی دەمودەزگای پۆلیسیی ئێرانەوە دەکەوێتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، بەڵام بە ورەی هەمیشە بەرزیەوە لەگەڵ ئەم دیاردەیەش بەرەوڕوو دەبێتەوە و دوژمنان بە هیچ شێوەیەک ناتووانن بەچۆکیدا بێنن. سەرەتا بڕیاری زیندانی تاهەتایەی بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام دوای ماوەیەک بەهۆی هەلومەرجی لەرزۆکی ڕژیمی شا بەر لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٩)، وێڕای ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییە سیاسیەکانی ئێران ئازاد دەکرێت.

دامەزرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

دوای لە زیندان ئازادبوونی، مامۆستا قەندیل لەگەڵ هاوڕێیانی پێشووی و کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و ئازادیخوازی تر پاش چەند کۆبۆوونەوەیەک کۆمەڵەی یەکسانی کوردستانیان دامەزراند. کۆمەڵەی یەکسانی لە ئاکامی کۆبوونەوەیەکی بەرین لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٩) لە سەقز دامەزرا. ساڵێک بەر لە ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتیی ئێران لە ساڵی١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٨)، تا ڕاگەیندانی فەرمیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی (٢١ی مارسی١٩٧٩)، خەباتکارانی کۆمەڵەی یەکسانی لەژێر ناوی (بنکەی بووژاندنەوەی فەرهەنگی کوردی) دا چالاکییەکانیان بەڕێوە دەبرد. لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی ئێران، مامۆستا قەندیل لە خۆپیشاندانەکانی سەقز، سنە و پیرانشار بەشداریی چالاکانەی بوو و بەتایبەتی لە گرتنی پادگانی پیرانشار و پاسگای بادیناوێدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو.

سەرپەرشتیی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانی

بە هۆی ئەوەی کە سەرکردایەتیی کۆمەڵەی یەکسانی زیاتر لە پارێزگای کوردستان و لە ناوچەکانی سنە و سەقز بوو، مامۆستا قەندیل زۆربەی کار و چالاکییەکانی ئەو سەردەمەی لە ناوچەی سەقز و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. کاتێک کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی پاوە و سنەوە هێرشی کردە سەر کوردستان، مامۆستا قەندیل وەک بەرپرسی یەکەمی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانی لە شەڕەکانی ئەو ناوچەیە بەتایبەتی لە شەڕەکانی ناو شاری سەقز و ئاربابای بانە بەشداریی چالاکانەی بوو. مامۆستا قەندیل لە دامەزراندنی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستاندا نەخشی بەرچاوی هەبوو و تا کاتی شەهیدبوونی وەک ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی یەکسانی لە خەبات بەردەوام بووە.

شەهیدبوونی مامۆستا قەندیل

هاوینی ١٣٦١ی هەتاوی (١٩٨٢) هێشتا ئاواییەکانی بەینی سەردەشت ـ پیرانشار لەدەست هێزی پێشمەرگەدا بوون. لە سەرتای خەرمانانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی (١٩٨٢) سوپای داگیرکەری ئێران هێرشێکی بەرینی زەمینیی و ئاسمانیی کردە سەر ئاواییەکانی ناوچەکە. خەڵکی سیڤیل و هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر قارەمانانە بەرنگاری هێرشی ڕژیمی ئیسلامی بوونەوە. لەم بەرنگارییە شۆڕشگێرانەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سیڤیل و هێزی بەرگری و پێشمەرگە شەهید بوون.

ئەو کاتە کە ڕژیم هێرشی هێنا سەر ئەم ناوچەیە، مامۆستا قەندیل تازە لەبەرەی شەڕەکانی بانە، سەقز و سنەوە گەڕابۆوە ناوچەی پیرانشار. هاوڕێ قەندیل کاتێک کە دەبینێت ڕژیم هێرشی هێناوە و ئاواییەکان تۆپباران دەکات، سەرەتا ژن و منداڵی ئاوایی بادیناوێ دەرباز دەکاتە دەرودۆڵە شاخاوییەکەی پشتی ئاوایی و ئینجا لە کاتی گەڕانەوەی لە بڵیندگۆی مزگەوتی ئاواییەوە دەبیسێ کە ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە “دەشتی سووتوان” لە نێوان ئاواییەکانی بادیناوێ و گردیمخانە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە گەمارۆ دراون و پێویستییان بە یارمەتییە. مامۆستا قەندیل بە بیستنی ئەم هەواڵە، بە چەکەوە بەرەو “دەشتی سوتووان” بەڕێ دەکەوێت بەڵام بەر لەوەی بگاتە شوێنی گەمارۆکە لە بەری گوندی نەمنجێوە بە قەنناسە لێی دەدرێ و بریندار دەبێت. پاشان بە یارمەتیی چەند کەسێک لە شوێنی شەڕەکە دووردەخرێتەوە و بۆ چارەسەر دەبرێتە میراوەی سەردەشت، بەڵام سەرەنجام لە ٦ی خەرمانانی ١٣٦١ی هەتاوی (٢٨/٠٨/١٩٨٢) بەهۆی خوێنڕێژیی زۆرەوە لە نزیک گەردەنەی زمزیران گیانی پاکی بە ڕێبازی سەربەخۆیی و یەکسانیی کوردستان دەسپێری. پاشان هاوڕێیان و خزمانی مامۆستا قەندیل، تەرمی پیرۆزی لە ژێر تۆپباران و هێرشی کۆماری ئیسلامیدا دەهێننەوە گۆڕستانی “ترکەش”ی ناوچەی مەنگوڕانی پیرانشار و لەوێ بە خاکی دەسپێرن. شایانی باسە کە لەوساوە تا ئەمڕۆ گەلێک جار گڵکۆی مامۆستا قەندیل لەلایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە شێوێندراوە.

مامۆستا قەندیل هەرچەندە ژیانێکی کورتی بوو، بەڵام قەندیلئاسا لەبەرامبەر داگیرکەران و کۆنەپەرستاندا ڕاوەستا و بەرگری لە سەربەخۆیی کوردستان و ڕزگاریی چەوساوەکان کرد. مامۆستا قەندیل ڕێبوارێکی ماندویینەناس و ڕاستەقینەی ڕێبازی یەکسانی و دادپەروەریی بوو. کوردستان لە دڵی مەزنی مامۆستا قەندیلدا جێگایەکی زۆر تایبەتی هەبوو، بەڵام ئەو لە دژوارترین ڕۆژەکانیشدا ڕێگای مرۆڤایەتیی هومانیزمی لێ ون نەدەبوو. مامۆستا قەندیل چەک و حیزبی بۆ ڕزگاریی هەژاران دەویست و ڕزگاریی کوردستانیشی وەک بەشێک لە ڕزگاریی مرۆڤایەتی سەیر دەکرد. ئەو پێی وابوو کوردستان یەک کوردستانە و بە شەرمی دەزانی سنوورە داسەپاوەکانی نێوان مەهاباد، کەرکوک، قامیشلو و دیاربەکر بە فەرمیی بناسێت. بەشداریی چالاکانەی مامۆستا قەندیل لە شەڕەکانی سەقز، ئاربابای بانە، پیرانشار، قەڵادزێ، سەنگەسەر، کێوەڕەش، هەندرێن و ڕەواندز و هتد سەلمێنەری ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەن کە ئەو دژی هەموو داگیرکەرانی کوردستان بوو و لە هیچ بەشێکی کوردستان خۆی بە میوان و بێگانە نەدەزانی. خەباتی مامۆستا قەندیل هەر ڕووی لە داگیرکەرانی کوردستان نەبوو، بەڵکو ڕووی لە چینە چەوسێنەرەکانی کوردستانیش بوو. هەر بۆیە کە دەبێتە پێشمەرگەشەش، بە نهێنی دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زەوی ئاواییەکانی بادیناوێ و نەمەنجێی ناوچەی پیرانشار کە لە دەستی بەگەکانی گوندەکاندا بوون،  بەسەر دێنشیناندا دابەش دەکات و بۆ یەکەمجار لەم ناوچەیە ژمارەیەکی زۆر لە هەژارانی دێنشین دەبنە خاوەن زەویی خۆیان.

مامۆستا قەندیل داهێنەر و ڕچە شکێن بوو. ئەو مرۆڤێکی کەموێنە، بەئومێد، نەبەز و لایەنگری گۆڕان و چاکسازیی و دنیایەکی باشتر بوو. مامۆستا هەرگیز خۆی لەناو نەرییت و بایەخە کۆمەڵایەتییە کۆنەکاندا زیندانی نەدەکرد و هەمیشە بەرەو ئاسۆی تازەگەریی هەنگاوی دەنا.

مامۆستا قەندیل پێشمەرگەیەکی ڕاستەقینە و ڕابەر و رێبوارێکی ماندوویینەناسی ڕێبازی یەکسانی و سەربەخۆیی کوردستان بوو. بێگومان خەڵکی کوردستان و کۆمەڵەی یەکسانی بە لەدەستدانی مامۆستا قەندیل، یەکێک لە لێبڕاوترین و قارەمانترین پێشمەرگە و ڕێبەرەکانی خۆیان لەدەست دا، بەڵام یادی مامۆستا قەندیل بۆ هەمیشە لە دڵی ئێمە و هەموو یەکسانییخوازاندا زیندووە و ڕێبازی پڕ لە شانازییان تا سەرکەوتن و تا یەکسانی و ڕزگاریی کوردستان دریژەی دەبێت.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی مامۆستا قەندیل و هەموو شەهیدانی سەربەزی کوردستان

دای بڕێژین کۆشکی یەکسانیی ژیان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٦ی خەرمانانی ٢٧١٣

)٢٨/٠٨/٢٠١٣ی زایینی(