ڕێبەری شەهید مامۆستا رەشید حوسەینی، ناسراو بە شەیدای کوردستان

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
08-12-2012

شەهید ماموستا سەید رەشید حوسەینی (شەیدای کوردستان)، ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی (١٩٢٩ی زایینی) لە ئاوایی هەمزە قەرەنیانی کەلیخان، (ئاواییەکی نێوان سەقز و بانە)، لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە دایک بوو. مامۆستا شەیدا هەر لە سەردەمی گەنجییەوە هەستی بە ژێردەستەیی گەلەکەی و وڵاتەکەی کردوە و هەڵبەستی بۆ هۆنیوەتەوە. شەیدای کوردستان وێڕای خوێندنی دەرس لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، لە سەردەمانێکدا کە فێربوون و خوێندن تەنیا لەڕێی حوجرەوە بووە، لە دەورەیەکی سەختی گرانیی و هەژاریی خەڵکی کوردستاندا هەوڵی خۆپێگەیاندنی داوە و لەم بووارەو لە بەشێک لە ژیاننامەکەی خۆیدا دەڵێ:

" لەبارەی خۆشی و ناخۆشییەوە، من کوردێکی فەرهەنگ و وڵات لێ داگیرکراوم. تا تەمەنی حەوت ساڵی کە باوکم لەبەر ستەمی میللی و گۆڕینی زمان و بەرگ پۆشین و بە سووک تەماشاکران، هەر لە هەڵات هەڵاتا بوو. دوای چەند ساڵێک بەڵای شاریوەر (شەهریوەر) بەسەردا هات و هەتیو کەوتم و گرانی و بێ سامانی وڵاتی کوردەواری داگرت. بە نانەسگی شوانیی و بەرغەڵی ماڵان بەخێوکردن، ماوەی چەندین ساڵ لە ئاوایی خورومتا و دوایی خوێندنی فەقێیەتی، و پاشان هەتا لە خوێندن لێبوومەوە، خۆم، خۆمم ژیاند و لە ماڵی خۆمانەوە هیچ جۆرە یارمەتییەکم وەرنەگرت."

شەیدای کوردستان لە شوێنێکیتری ژیاننامەکەیدا لەبابەت چۆنییەتی ناسینی هەڵبەست و وێژەی کوردی و هەروەها باسی باوکی زەحمەتکێش و هۆزانی وەک نموونەی ژیانی دەڵێ:

"لە ئەدەبیات و شێعردا بۆ یەکمجار گوێم لە هەڵبەستی کوردی باوکم بوو کە پێاوێکی هەتا بڵێی لە خەڵک بێ داوا و ڕەند بوو. بە پێری بە دەست و پەنجەی خۆی نانی پەیدا ئەکرد و بە سەبیل و دار سیغار دروست کردن، بەڕێ ئەچوو و خۆیشی بە ئەهلی پیشە ئەزانی و لە شێعرێکدا ئەڵێ:

ئەهلی سەنعەتم بە زەبری پەنجە ... سەر پەنجەم ماری سەرکووپەی گەنجە

زیاتر ئەم هیممەتە بەرزەی باوکم کاری کردە سەرم کە بیر لە نانی مەلایەتی نەکەمەوە."

مامۆستا سەید ڕەشید حوسەینی بە هەڵبەستە بەنرخەکانی خۆی و هەبوونی پێوەندیی و هاوفکریی لەگەڵ شاعیران و ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمە و یەک لەوان مامۆستا قانعی هۆزان، باسی ڕزگاریی و یەکسانیی نەتەوەکەی، بۆتە بەشێک لە هزری یەکسانیخوازیی و ڕزگاریخوازیی ژیانی. هاوڕی ڕەشید لەبابەت چالاکییە فەرهەنگییەکانی خۆی لەم سەردەمەدا دەڵێ:

"ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی پارچەیەک هەڵبەستی لای لایەم کە ٢١ پێنج خشتەکی بوو، بۆ برازایەکم بەناوی نەجمەدین نارد بۆ ڕادوێی کوردی و خۆم گوێم لێ بوو کە چەند جار بە دەنگی شوکروڵڵای بابان خوێندرایەوە. بەدوای ئەوەدا نەورۆزنامەیەکم کە لە ٤١ پێنج خشتەکی پێکهاتبوو، نارد بۆ ڕادوێی کوردی، ئەویشیان دوو سێ جار خوێندەوە".

مامۆستا سەید ڕەشید لە دوای کۆماری کوردستان، لە خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە هەردوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا زۆر ماندوویینەناسانە و چالاکانە بەشدار بووە. دوابەدوای تێکچوونی کۆماری کوردستان، هاوکاریی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردوە و پاشان بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە باشووری کوردستان پێشمەرگایەتی کردوە و هاوکات ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکێک لە کەسایەتییە ڕووناکبیر و شاعیرەکانی سەردەمی خۆی بووە کە دەست و قەڵەمێکی کوردی زۆر پاراو و ڕەوانی هەبووە. مامۆستا ڕەشید حوسێنی بێجگەلە خەباتی سیاسی، هیچکات لە کاری فەرهەنگی خافڵ نەبووە، بۆ وێنە لەو سەردەمانەدا سەرنووسەری گۆڤاری ئامۆژگاری بووە کە وەک ئۆرگانی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر ماوەی جارێک چاپ کراوە. هەر بۆیەش دەکرێ بڵێین کە مامۆستای شەهید، سەید ڕەشیدی حوسەینی ساڵانێکی زۆر بە چەک و قەڵەم بەرگریی لە خەڵک و نیشتمانەکەی کردوە.

هاوڕێ ڕەشید لەساڵی ١٩٧٥ زایینی، دوای ڕێککەوتناممەی جەزاییر لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کادری بەڕێوەبەریی و پێشمەرگەکانی لایەنێکی ئەوکاتی حیزبی دێمەکراتی کوردستان ڕادەستی ڕژیمی شای ئێران کرانەوە و لە زیندانەکانی ڕژیمی شا لە ورمێ و سنە زیندانی دەکرێت و پاش ماوەیەک خۆڕاگریی لە زیندانەکانی ورمێ و سنە، بەهۆی هەلومەرجی بەر لە ڕووخانی ڕژیمی شا ئازاد دەبێ. لە بابەت خەبات و ماوەی کاری سیاسی و ڕادەستکرانەوەی خۆی تا ئازادبوونی، مامۆستا ڕەشید لە نووسراوەیەکدا بەکورتی دەڵێ:

" ژێردەستیی نەتەوەکەم وای لێکردم بەدوای ڕزگاریی خەڵکەکەم بکەوم و ماوەی پازدە ساڵ لە کوردستانی ژێردەستی عێراق پێشمەرگە بووم تا بەدوای پەیمانی ناپیرۆزی "ئەلجەزاییر"ی شای خوێنخۆر و سەدام حوسەینی ڕەگەز پەرست، لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە تەسلیمی ئێران کرامەوە و ژنێک و دوو مناڵی ساوام لەگەڵ، هەرچی هەمانبوو بەجێ ما. پاشان دوای پێنج مانگ بۆخۆم بەڕواڵەت بەردرام و مناڵەکانیشم بە ڕەشوڕووتی دەس کەوتەوە. پاش ئەوەش لەژێر چاودێریی وەحشییەکانی سازمانی جاسووسیی شا، خەریکی کاری دارتاشی بووم کە پێشتر قەت ئەو کارەم نەکردبوو. ئێستەش ئەمە ساڵێکە ڕۆژ نییە دەریای خوێن لە وڵاتماندا شەپۆل نەدا. بەکورتی لە سەرەبەهاری تەمەنەوە هەتا پووشپەڕی ژیانم، لە خۆشی هەر ناوەکەی ئەزانم". (مەلا ڕەشید ٠٢/١٢/١٣٥٧ی هەتاوی).

پاش ئازادکرانی لە زیندان، مامۆستا ڕەشید بە نهێنی وێڕای هاوڕێیانی پێشووی و کۆمەڵێک ڕووناکبیر و شۆڕشگێری تر، دەستی بە خەبات کردەوە و ساڵێک بەر لە ڕووخانی ڕژیمی شا لەژێر ناوی بنکەی بووژاندنەوەی فەرهەنگی کوردی دا، کاری سیاسی و خۆڕێکخستنەوەیان دەست پێکردوە و پاش ڕووخانی ڕژیمی شا، لە کۆبوونەوەیەکی بەرینی ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە شاری سەقز، وەک سکرتێری کۆمەڵەی یەکسانی هەڵبژێردرا.

زۆر بەداخەوە مامۆستای ڕەشید و شەیدای کوردستان لە ٢٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، لە ئاوایی کەرەفتووی ناوچەی سەقز، لە شەڕی بەرگریی یەکێتی جووتیاران لەبەرامبەر کۆنەبەگ و ئاغاکانی ئەم ناوچەدا شەهید کرا و گیانی پاکی فیدای رزگاریی و یەکسانیی گەلەکەی کرد.

مامۆستا سالاری شاعیر لە هۆنراوەیەکدا بۆ شەهیدبوونی مامۆستا ڕەشید حوسێینی دەڵێ:

... به‌ڵام هه‌یداخی داخانم

هه‌واڵی هه‌رد و شاخانم

ڕابه‌ری دێنشینانمان

زانای ڕازی پێشینانمان

یه‌کسانیخوازی ئه‌م ده‌وره‌

شەیدای کوردستانی گه‌وره‌

کاکه‌ مه‌لا سه‌ید ڕه‌شید بوو

له‌گه‌ڵ کاک یەحیا شه‌هید بوو

له‌ناو دڵی گه‌لا خه‌وتن

بوونه‌ هانده‌ری سه‌رکه‌وتن

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ڕێبەری شەهید، هاوڕێی هۆزان، ڕووناکبیری ماندوویینەناس و پێشەنگی بەرگریی لە هەژاران و چەوساوەکانی کوردستان، مامۆستا سەید ڕەشیدی حوسێنی ناسراو بە شەیدای کوردستان.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان