پەیامی پشتگیریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-07-30

گەلی خۆڕاگری کوردستان

خەڵکی کوردستان بە درێژایی سەدان ساڵ لە ژێر هەڕەشەی کوشتار، ئەنفال و تاڵانی داگیرکەران دا بووە و داگیرکەرانی کوردستان، ئەوانەی چاویان بڕیووەتە خاک و سامانی وڵاتی ئێمە، بۆ گەیشتن بە مەرامە نامرۆڤایەتییەکانیان، لە هیچ بێ ویژدانی و لە هیچ هەنگاو و کردەوەیەکی نائینسانی بەرامبەر بە گەلی کورد سڵیان نەکردۆتەوە.

لەم ماوەیەدا کە شۆڕشی ڕۆژئاوای وڵاتەکەمان خەریکە بە ئامانج دەگات و یەکێک لە ڕژیمە خوێنڕێژ و داگیرکەرەکان لە لایەن شۆڕشگێرانی ڕۆژئاوای کوردستان لە نیشتیمانەکەمان وەدەر دەنرێت، ڕژیمە داگیرکەرەکان و بەتایبەت دەوڵەتی تورکییە کەوتوونە پیلانگێڕای لە دژی ئەم بەشەی کوردستان و بە هاوکاریی چەتەکانی نوسرەی سەر وە قاعیدەی ترۆریست و چەندین گرووپی توندئاژۆ و ئەنفالچیی تر، لە مزگەوتەکان بانگەوازی جیهاد و حەڵاڵکردنی خوێن و ماڵی کوردان دەکەن و ڕفاندن و تاڵانی ژن و مناڵ و کوردەکان بە ڕەوا دەزانن.

ئەم بانگەوازەی گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ ئێمەی کورد وەبیرهێنەرەوەی فەتوای خومەینی لە دژی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٩٧٩ی زایینی وشاڵاوی ئەنفالی سەدام حوسەین لە ١٩٨٨ لە دژی کوردانی باشووری کوردستان و کوشتاری بەکۆمەڵی بە سەدان هەزار کورد و خنکاندنی هەزارانی تریش بە گازە کیمیاییەکان و خاپوورکردنی بە هەزارن گوندی کوردستانە.

ئەوەی ئەوڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، بە پشتیوانیی ماڵیی و لۆجیستیکی وڵاتانی داگیرکەر و چەندین لایەن و گرووپی ناحەزی کورد بەڕڕێوە دەچێت. ئاشکرایە کە داگیرکەران بۆ لەباربردن و لەناوبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە بەکارهێنانی گرووپە چەتەکان، بەتایبەت لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕۆژ بەڕۆژ هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان چڕتر کردۆتەوە و لەمناوەدا وێرای سەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستانی ڕۆژئاوادا، کوردانی ئەم بەشەی وڵاتەکەمان کەوتوونەتە بەر گەمارۆیەکی ئابووری و سیاسیی بێبەزەییانە کە تێکشکاندنی ئەم پیلانانە و سەرخستنی ئەم شۆڕشە مەزن و پیرۆزە، پێویستیی بە پشتگیریی و هاوکاریی یەکگرتووانەی هەموو نیشتمانپەروەرانی کوردستان هەیە. پشتگیریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و دۆزینەوەی ڕێکار و مێکانیزمەکانی پشتگیریی کورت خایەن و درێژخایەنی ئەم شۆڕشە ئەرکی هەموو لایەنەکان و بەتایبەت ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە ئەوڕۆ هەموو ئیمکاناتێکی ماددی و مەعنەوی لەبەر دەست دایە و هاوسنووری ڕۆژئاوای کوردستانە و پێویستە ئەم گەمارۆیانە نەهێڵێت کە خراونەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

هەر لەسە ئەم بنەمایە ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ویڕای پشتگیریی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها پشتگیریی دامەزراندنی حکوومەتی خۆسەریی دێموکراتیی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم دەسکەوتانە لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین و داواکارین گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە هانای ئەم شۆڕشەوە بچن و بۆ سەرخستنی لە هیچ هەوڵێک درێخی نەکەن.

سەرکەوێ شۆڕشی ڕەوای گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٣٠ی جوولای٢٠١٣ی زایینی

٨ی گەلاوێژی ٢٧١٣ی کوردی