بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ڕاوێژى نه‌ته‌وه‌یى بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2014-04-20

 

بە ئامانجی وتووێژ لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتگیرییکردن لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٩ و ٢٠/٠٤/٢٠١٤ کۆنفرانسێک بۆ حیزب و ڕیکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە شاری ڤێسترۆسی سوید ڕێک خرا.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە  نوێنه‌رانى ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسیه‌کانى کوردستان و هەروەها ژمارەیەک که‌سایەتیی سه‌ربه‌خۆ به‌شدارییان کردبوو، له‌ سه‌ر بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان و چۆنییەتی دامەزراندنی بەرە یان مێکانیزمێکی هاوشیوە لە لایەن پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات باس و شرۆڤە کرا.

لەم کۆبوونەوەیەدا دوای وەستانی خولەکێکی ئامادەبووان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی نەمرانی کوردستان و خوێندنەوەی سروودی "ئەی ڕەقیب"، ڕاپۆرتی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەکە لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرا. پاشان بەڕێز "زوبێر ئایدار" بە نوێنەرایەتی بەڕیوەبەریی کەنەکە قسەی کرد و ئاماژەی بە بانگهێشتکرانی هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵات کرد و باسی لەوە کرد کە بەشێک لە لایەنەکان چەند ڕۆژ بەر لە کۆبوونەوەکە لە بەشدارییکردنیان پاشگەز بوونەتەوە. پاشان بەڕیزان هاوسه‌رۆکى کەنەکە "تاهیر که‌مالیزاده‌"، هاوسه‌رۆکى کۆنگره‌ى گه‌ل "ڕه‌مزى کارتال" و سەرۆکی پارلمانتارانی کوردستان "نێعمەت عەبدوڵڵا" قسەیان کرد و جەختیان لە گرینگیی خەباتی هاوبەش و هاوکاریی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە و پشتگیریی خۆیان بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە دەربڕی. لە درێژەی بەرنامەی ڕۆژی یەکەمی کۆنفانسدا پەیامی لایەنە بەشداربووەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەس کرا کە بریتیی بوون لە پارتی ئازادیی کوردستان ، کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، بزووتنه‌وه‌ى دیموکراتیکى یارسان، پارتى سه‌ربه‌ستى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، پلاتفۆرمى زاگرۆس، کۆمه‌ڵه‌ى مافى مرۆڤى کوردستان، ڕێکخراوی کوردۆساید واچ، کۆمه‌ڵه‌ى ئاشتى و پێشکه‌وتنى کوردستان، ڕێکخراوی خه‌ڵکى کرمانجى خوراسان، پلاتفۆرمى ژنانى کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ى دایکانى کورد له‌ سوید و چەندین کەسایەتیی ڕۆژهەڵات وتەیان پێشکەش کرد، لەوانەش بەڕێزان د. خەلیقی، تاهیر عەلیار، ئیقباڵ سەفەریی، عەبدوڵڵا حیجاب، د. ئەمەگ ڕامان، کوێستان داودی، سەعید ساعدی، مەعسوومە ئەمینی، شیرین حوسەینی، شەهلا حەفید، شکووفە ئەفراسیابی و هتد.

 لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا په‌یامى لایەن و کەسایەتییە بەشداربووەکانی به‌شه‌کانى تری کوردستان پێشکەش کرا کە بریتی بوون لە پارتى یه‌کێتى دیموکراتیک، یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، حیزبى زه‌حمه‌تکێشانى کوردستان، یه‌کێتى پارله‌مانتارانى کوردستان، حیزبى شوعیی کوردستان و چه‌ندین ڕێکخراوى تر. لە ڕۆژی دووهەمدا وێڕای پەیام و وتەی چەندی کەسایتەیی تر، وتەکانی بەڕێز جەمیل باییک، سەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان کە پێشتر بە ڤیدیۆ ئامادە کرابوون، لەبابەت ڕەوشی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها گرینگیی ئەم کۆبوونەوە و هاوکاریی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرا .

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا وێڕای ڕاوێژ و سەرنجی دووبارەی لایەنەکانی بەشداربوو و وەرگرتنی پێشنیار و تێبینییەکانیان، بەیانییەی کۆتایی ئامادە کرا و پاش شرۆڤەکردنی خاڵ بەخاڵ لە کۆبوونەوەکەدا پەسند کرا و دوای هەڵبژاردنی لێژنەیەکی ٥ کەسی لە کەسانی سەربەخۆ، بڕیار درا کە ئەم لێژنەیە بە هاوکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بۆ کۆنفرانسێکی گەورەتر و بەمەبەستی لێک نزیککردنەوەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێنانەدیی ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە بەردەوام بێت.

تێبینیی: بەیانییەی کۆتایی ئەم کۆنفرانسە بەزوویی بڵاو دەکرێتەوە.

 

پەیامی یەکسانیی بۆ "کۆبوونەوەی راوێژی نەتەوەیی، ھەڵوێست و پشتگیریی خەڵکی رۆژھەڵاتی كوردستان"

ئامادەبووانی هێژا!

بەڕێزانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان!

ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ڕابردوودا ببووە هیوای ڕزگاریی هەموو کوردستان و گوڕوتینی بە شۆڕش لە بەشەکانی تری کوردستان دەبەخشی، مخابن ساڵانێکە بەهۆی پرژوبڵاوی و کەرتبوونی هێزە سیاسیەکان و ڕەچاوکردنی سیاسەتی گۆشەگیریی و چاوەڕوانیی و زەبروزەنگی ڕژیمێکی دیکتاتۆری داگیرکەر، ئەمڕۆ لە بەرخۆدانی ڕۆهەژڵاتدا پارسەنگی هێز بە قازانجی دوژمنە. هەر بۆیەش ڕاوێژ و کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ چارەسەریی ئەم بارودۆخە و بەمەبەستی دامەزراندنی بەرەی کوردستانی یان هەر مێکانیزمێکی گونجاو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی جەماوەریی ناوەوەی کوردستان، بە کارێکی پێویست و ئەرکێکی هەنووکەیی دەزانین. ئێستا کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر کاتێک زیاتر یەکیەتی و هاوخەباتی لایەنە سیاسیەکان بە پێویستییەکی مێژوویی و هەنووکەیی دەزانن و پێویستە لایەنە سیاسیەکان هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن ولە ئاست چاوەروانی و ویست و داخوازە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان دابن.

پێویستە هەموومان ئەم ڕاستییە بزانین کە لە ئێستادا هیچ لایەنێک نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستان نییە، هەر لایەنێک تەنیا نوێنەری ئەو بەشە لە خەڵکی کوردستانە کە بەرنامە و ستراتیجیی ئەو لایەنەیان پەسندە و هیچ لایەنێکیش بە تەنیا ناتوانێ کۆماری ئیسلامی بڕوخێنێت و  شۆڕشی کوردستان بە سەرکەوتن بگەیەنێ.  هەر بۆیە بۆ ئازادکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێردەستەیی ڕژیمێکی داگیرکەر و بۆ ئازادیی ئێران لە دەستی ڕژیمێکی ئیسلامیی و دیکتاتۆر پێویستە هاوکاریی و هاوخەباتی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی لەگەڵ بزووتنەوە پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازەکانی ئێران گرنگییەکی تایبەتیی پێ بدرێت. بەرەی کوردستانی کە ئومێد دەکەین بەم زوانە پێک بێت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە خۆیدا کۆبکاتەوە، دەتووانێت لە ئاستی کوردستان و ناوچەکە و لە ئاستی جیهانییشدا نوێنەرایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات.

لێرەدا بە بۆچوونی ئێمە بۆ لێکتێگەیشتنی لایەنەکان دەکرێت لە یەکێک لەم دوو ڕێگایە کەڵک وەرگرین:

١- هەرکام لە لایەنەکان پرۆژەی خۆی پێشکەش بکات و لە کۆی پرۆژەکان، بە بەشداری نوێنەری هەموو لایەنەکان پرۆژەیەکی هاوبەش و تۆکمە ئامادە بکرێت.

٢- نوێنەری هەموو لایەنەکان بە یەکەوە دانیشن و ڕەشنوسی پرۆژەیەکی هاوبەش ئامادە بکەن، کە لە پراتیکدا جێبەجێ بکرێت. دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە چەند لیژنەیەکی تایبەت پێک بهێندرێن و ئامادەکاریی بۆ وەڕێخستنی پرۆسەکە بکرێت.

لە هەر دوو حاڵەتدا پێویستە تێبینی و پێشنیاری کەسانی شارەزا و پسپۆری سەربەخۆ لە بوارە جۆراوجۆرەکان لەبەرچاو بگیرێت. لە کۆتایی هەرکام لەم دوو حاڵەتەدا پێویستە گەڵاڵەیەکی هاوبەش لە سەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوان لایەنەکان داڕیژرێت و دیالۆگیش لەسەر خاڵە ناکۆکەکان بەردەوام بێت. ئەمەش بەوە دەکرێت کە وێڕای پەسندکردنی فەرهەنگی دێموکراتیکی سیاسی و فرەلایەنیی، شەڕی ناوخۆیی بە خەیانەت دابنرێت و لە هیچ کەس و لایەنێک قبووڵ نەکرێت کە ئەزموونە تاڵەکانی خۆسەپاندن و بەفیڕۆدانی خەباتی خەڵکی کوردستان دووپات بکاتەوە.  هەروەها بۆ پاراستنی یەکگرتوویی لە بەرامبەر لایەنی داگیرکەردا پێویستە هەموو لایەنەکان خۆیان لە پێوەندیی و وتووێژی یەکلایەنە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەر بپارێزن. کاری هاوبەشی لایەنەکان لەمەڕ چۆنییەتی وەگەڕخستنی کۆمه‌ڵگەیەکی مه‌ده‌نیی بە هێز و هەروەها خستەبەرباس و وتووێژی ڕه‌هه‌نده‌کانی خه‌بات له‌ قۆناخی ئێستادا، پێشنیارێکی تری ئێمەیە بۆ چالاکترکردنی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ ئەمەش پێویستە ڕێکخراوە شارستانییەکان، چالاکوانەکان و میتۆدە تازەکانى خەبات لە ڕۆژهەڵات بە باشیی هەڵسەنگێندرێن و وەگەڕ بخرێن.

ئێمە هەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک.ن.ک) بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە کارێکی بەجێ دەزانین و بەم بۆنەوە دەستخۆشییان لێ دەکەین. لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیى بە ستراتیژییەکى سیاسیى هاوبەش هەیە بۆ وەدەرنانی کۆماری ئیسلامی و بۆ دابینکردنی مافی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان بە هەموو کەمایەتییەکانیەوە.

 هیوادارین لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەم پرژوبڵاوییە بنێنە لاوە و بەدەر لە جیاوازیی ڕوانگەی سیاسی ـ چینایەتییان بتووانن لە دژی ڕژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران و بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان یەکگرتوو بن و چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ هاوکاریی و هاوخەباتیی بدۆزینەوە.

سەرکەوێ خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ و کۆمەڵگەیەکی یەکسان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧١٤ی کوردی

١٩ی ئاپریلی ٢٠١٤ی زایینی