ڕاپۆرتێک لەسەر ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
10-5-2015

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ١٤ی گوڵانی ٢٧١٥ (٥ی مەی ٢٠١٥) دوای ئەوەی کچە کوردێکی مەهابادی بە ناوی فەرییناز خوسرەوانی کە کارمەندی هۆتێل تارای ئەم شارە بوو، لە لایەن یەکێک لە بەرپرسە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم لە شاری مەهاباد و لەم هۆتێلەدا هەوڵ دەدرێ دەسدرێژیی بکرێتە سەر، ئەویش بەرگریی لە خۆی دەکات و لە کۆتاییدا بۆ خۆپاراستن لەم دەسدرێژییە خۆی لە نهۆمی چوارەمی ئەم هۆتێلەوە دەخاتە خوارەوە و هەر بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست دەدات.

ئەم کارەساتە بە ماوەیەکی کورت لە شاری مەهاباد دەنگی دایەوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بۆوە و کاردانەوەیەکی گەورەی لەسەر هەست و هزری خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان هەبوو. هەر بەم هۆیەوە ڕۆژی١٧ی گوڵان خەڵکی مەهاباد لە بەردەم هۆتێل تارای ئەم شارە کۆبوونەوە و وێڕای بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ڕژیم لە مەهاباد، هۆتێلەکەشیان ئاگر تێبەردا. لەم خۆپێشاندانەدا چەندیین کەس لە خەڵک لە لایەن هێزەکانی "یگان ویژە" بریندار کران کە خەڵکیش بە بەرد وڵامیان دانەوە و چەند کەسێکیان لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم بریندار کرد و هەروەها ژمارەیەکیش خەڵک لە لایەن هێزی پەلاماردەری ڕژیمەوە دەسبەسەر کران.

ئەم سەرهەڵدانەی شاری مەهاباد پشتگریی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی بە دوای خۆیدا هێنا و بەم هۆیەوە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە داوای یەکگرتوویی و سەرهەڵدانی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ناوەوە و لە دەرەوەی کوردستان کرا. هەر بۆیەش چالاکوانانی ڕۆژهەڵات بڕیاریان دا لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵاتیش لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی گوڵان خۆپێشاندانی ناڕەزایەتیی بەڕێوە ببەن. دوای ئەمە ڕژیم هەم لە ڕاگەیاندنەکانی و هەم لە ڕێی کەسانی نزییک لە خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەک هەوڵی چەواشەکردنی ڕووداوەکەی دا و لە لایەکی تریش هەڕەشەی سەرکوتکردنی خەڵکی کرد و لە ڕێی تاوانبارکردنی خۆپێشاندەران بە "نانەوەی نائەمنی بە پیلانی گرووپەکانی زیددی ئینقلاب" هەوڵی ترساندنی خەڵک و پێشگرتن لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی دا.

بۆ ڕۆژی خۆپێشاندان و سەرهەڵدانەکە واتە بۆ ڕۆژی ١٩ی گوڵان، ڕژیم هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی تەنیی و دەستی کرد بە هەڕەشەکردن و گرتنی چالاکوانانی مەدەنی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. سەرەڕای ئەوەش خەڵکی ناوخۆی ڕۆژهەڵات لە چەندین شار بە شێوازی جیاواز ناڕەزایەتیی و هاوپشتیی خۆیان بۆ سەرهەڵدانی خەڵکی مەهاباد و هاوپشتیی فەریناز خوسرەوانیی ڕاگەیاند.

ئەو هەواڵانەی تا ئێستا لەسەر ناڕەزایەتیەکانی شارەکانی کوردستان بە دەستی ئێمە گەیشتوون بە کورتی بریتیین لە:

یەکەم: خۆپێشاندانی بەریینی خەڵکی سەردەشت و بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک درووشم لە ڕێپێوانێکی مەدەنییدا کە دەکرێ ئاماژە بکرێ بە دوو درووشمی " هەموومان فەریینازین" و "مەهاباد تەنیا نییە!". هەواڵەکان تا ئەو کاتە ئاماژە بە دەسبەسەرکرانی چەندین کەس دەکەن.

دووهەم: بەردەوامیی ناڕەزایەتیی خەڵکی مەهاباد و داخستنی دووکان و بازاڕی ئەم شارە لە ڕۆژی ١٩ی گوڵاندا.

سێهەم: بەڕێوەچوونی مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕی شاری مەریوان لەکاتێکدا کە هەر لە دوای سەرهەڵدانەکەی مەهاباد لە مەریوان هێزە تایبەتییەکانی ڕژیم بە لیباس شەخسییەکانییشەوە بە شەو و ڕۆژ حکومەت نیزامیان لەم شارە بەڕێوە بردوە.

هەروەها هەواڵی نائاساییبوون و گەمارۆدانی شەقامەکانی شارەکانی سنە، سەقز، بۆکان، کامیاران، شنۆ و پیرانشار و دەسبەسەرکرانی چەندین کەس بەتایبەت لە سنە بە ئێمە گیشتوون و تا ئێستا ئەم بارە نائاساییە بەردەوامە و لەم بابەتەوە بە هۆی ئەمنیەتییبوونی شارەکان و داخرانی هێڵەکانی پێوەندییکردن، چەند و چۆنیی بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان ناڕوونن.

 شایانی ئاماژە پێکردنە کە ڕژیم لە ڕێی دەست و پێوەندییەکانی خۆیەوە وێڕای هەوڵی ترساندنی خەڵک بۆ بێدەنگردنی ئەم ناڕەزایەتییە و پێشگرتن بە فراوانبوونی، دەستیشی کردوە بە چەواشەکردنی کارەساتی خۆکوشتنی فەریناز و تۆمەتبارکردنی بە شێوازی جیاواز بۆ تیرۆری کەسایەتیی ئەو و ئەوانەی بەم هۆیەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. هەروەها تا ئێستا چەندیین کەس دەسبەسەر کراون و چەندین کەسیش لە خۆپێشاندانەکاندا بریندار بوونە کە ژمارەیان ناڕوونە.

هاوکات پشتگیریی کردنی کوردستانیان لە هەر سێ بەشی تری کوردستان و لە دەرەوەش بەردەوام بووە. لە هەر سێ بەشەکەی تری کوردستان تا ئێستا هەواڵی خۆپێشاندانی شارەکانی ئامەد، کۆبانی، هەولێر، سلێمانی، کەلار و ... گەیشتووە و خەڵکی ئەم شارانە بە شێوازی جیاواز پشتگیریی خۆیان بۆ سەرهەڵدانی خەڵکی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاندوە.

لە دەرەوەی کوردستانیش تا ئێستا لە چەندین شاری ئاڵمان، سوید، فەنلاند، و ... خۆپێشاندانی کوردستانیان بەڕێوە چووە و کوردستانییان وێڕای مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامیی و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ئەم ڕژیمە، پشتگیریی خۆیان بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەروەها بۆ بەردەوامیی و پەرەپێدانی سەرهەڵدانەکە ڕاگەیاندوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٠ی گوڵانی ٢٧١٥

١٠ی مەی ٢٠١٥