لاوکی کوردی، مامۆستا ڕەشید حوسەینی
مامۆستا ڕەشید حوسەینی
4-2-2016
ئەم هۆنراوەیەی مامۆستا سەید ڕەشید بەپێی ناوەرۆکەکەی دەبێ دوای هاتنەسەکاری کۆماری ئیسلامی و بڕیاری هێرش بۆ سەر کوردستان هۆنرابێتەوە. وێنەی کەسانی ڕاوەستاو لەڕاستەوە بریتین لە: یەکەم مامۆستا سەید ڕەشید حوسەینی، دووهەم مامۆستا هەژار، سێهەم مامۆستا هێدی، چوارەم کاک ئەمیری قازی...وێنەی کەسانی ڕاوەستاو یەکەم کەس لەڕاستەوە: مامۆستا سەید ڕەشید حوسەینی، دووهەم مامۆستا هەژار، سێهەم مامۆستا هێدی، چوارەم کەس کاک ئەمیری قازی
لاوکی کوردی
مامۆستا سەید ڕەشید حوسەینی
( شه يدای كوردستان )
وا لە دڵما...
پڕ بە دەمم ئەنرکێنم
هەستی لاوان ئەورووژێنم
پڕ بە دەمم هاوار ئەکەم
خەڵکی وڵات ئەشڵەژێنم
با گشت جیهان گوێیان لێبێ
دەردەدارم ، ئەناڵێنم
خوێنی جۆشاو، کوڵاو، ڕژاو
گەش و سووری خاوەن خوێنم
خوێن و فرمێسکم ناوەستێ
لەچاو، لەدڵ ئەبارێنم
خۆبەکوشتدان لە لام سووکە
کۆشکی بێداد ئەبزوێنم
ڕۆڵە کوژراو، برا مردووم
عەرشی خوا ئەلەرزێنم
کوردم، مافی کوردم ئەوێ
ڕازی دڵم ئەدرکێنم
وا لە دڵما...
تاکەی تاکەی وا هەژار بم
ڕووت و برسی و لێو بەبار بم
بێکەسکوژم کەن دوژمنان
لارە مل و بێپەسار بم
سامانم بڕوات بە تاڵان
خۆم ڕەنجەڕۆ، ڕەنجخەسار بم
وەک بێ وڵاتی بێپەسیو
لە قوندەرکان پەست و خوار بم
باوکم بڕواتە ناو زیندان
منیش بێدەنگ و هاوار بم
وا دەنگی خۆم دەرئەبڕم
چش با بەندیی و گرفتار بم
کوردم مافی کورد ئەستێنم
کۆشکی زۆردار ئەڕووخێنم
وا لە دڵما.....
بۆ چی بێبەش لە ژیان بم
بەش خوارو و بەستەزمان بم
تا کەی لە زیندانی زۆردار
هەراسان و هەراسان بم
زوانی هاوارم موو گرێ
هەژار و دەستە وە دامان بم
وڵاتم بەهەشتی خوا بێ
چاولەدەستی نامەردان بم
دەروونم پڕبێ لە هەڵبەست
کەڕو لاڵ و بێ دیوان بم
زوانی خۆم وەک تاڤگەی قەڵبەز
ڕەوان بێت و لێی نەبان بم
زوانی زگ ماکییم کوردییە
نەنگە خۆم کوردیینەزان بم
کوردێکی ئازادیخوازم
ئازادیخواز ئەلاوێنم
وا لە دڵما...
بۆتان ئەڵێم لاوکی سوور
شیوەن بۆ ئەودیوی سنوور
سنووری دەسکردی ئیستعمار
بەبێ یاسا و بەبێ دەستوور
بەتاڵان چوو، کاول کرا
شلێر، شارباژێڕ، شارەزوور
بەهەشتی جوانی ڕووی زەوی
دوژمن سووتاندی خواروژوور
بۆچەکی جەرگی هەڵقرچاو
ڕۆڵەی لە باوک و دایک دوور
بڵێی بگاتە بارەگای خوا
خوای خاوەنهەست و شعوور
خوای ڕۆژی تۆڵە خوڵقێن
خوای سنوورشکێن بە نوور
نووری ڕووناکی ئازادی
ئازادیی باشوور و باکوور
خێوی کۆنترین فەرهەنگم
بۆ فەرهەنگی خۆم نەخوێنم؟
وا لە دڵما...
ئازادیخوازان، ئازادی!
ئازادی یانی ئازادی
نەک ئەو ئازاد و من دیل بم
ژێرچەپۆکەی ئیستبدادی
ئازادی بۆ میللەتانە
بۆ کوردی پاشماوەی مادی
ئازادی یانی هەق وتن
یانی لە خۆ نەبوون بادی
یانی دەربڕینی شعوور
یانی ڕووخانی بێدادی
یانی ژیان بە سەربەستی
لێو بە بزە، بە دڵشادی
کوردم، ئازادیی کوردستان
ئەڵێم، ئەنووسم بە خوێنم
وا لە دڵما...
وا لە دڵما هەزار داستان
دەربارەی کورد و کوردستان
سووتان، ڕووخان، کاول کران
بە بۆمبای ڕەگەزپەرستان
کوشتن، بڕین، بەند و زیندان
لەسەر بۆ ئازادی هەستان
لەڕێی ئازادیی کوردستان
بە نێزەی بیر و ڕا پەستان
شانبەشانی ئازادیخواز
هەم لە گەرمێن، هەم لە کوێستان
جیاوازییم ناوێ لە خەڵکان
کوردم، ئەژیم وەک سەربەستان
وا لە دڵما ...
چەند جار پشتیان گرتین هەستین
پشتیان بەرداین و نەوەستان
لە جێی ئەستەم پشتیان بەرداین
بۆ پشتشکاندنمان وەستان
بە لاوکی سوور بۆ کوردستان
ئازادیخواز ئەلاوێنم
وا لە دڵما...
وا لە دڵما براکانم
لە خەباتا لەگەڵتانم
لە ڕێی ئازادیی کوردستان
لەگەڵتانا هاوپەیمانم
لە ڕێبازی ئازادیا
دامناوە سەر و سامانم
کەچی سیستەمی ئێستاش
بە گوللە ئەبڕێ ئێسقانم
لە داخی سیستمی تازە
داغان داغانە ویژدانم
سەرەڕای گشت دەرد و ئازار
ستەمگەر ئەگرن تاوانم
ستەمی میللیم لێ ئەکەن
لە ژێر جەورا ئەناڵێنم
وا لە دڵما..
دەردم سەرباری دەردانە
زامی کۆن و نوێم لە ژانە
پۆشاکی میللیم یاساخە
لایان بێ قەدرم بێگانە
سووتێنەری ڕانکوچۆخەم
کۆلکەکوێخای نیشتمانە
قانوون خراوەتە ژێرپێ
یاسای جەنگەڵ لەسەرمانە
زمانبڕاو، کتێبسووتاو
شەتەکدڕاو لە تەنگانە
کوردی بەکارهێنان سووکە
مەسەلەی زمان ئامانە
فەرهەنگ و فولکلۆری کورد
بە تاڵان ئەبەن ئەوانە
دیوانی هەڵبەستی تازەم
لە پاش سووتان لە کوێ بێنم
وا لە دڵما...
ویستیان بە زوڵم و زۆرداری
بە ناڕەوا، بە بێگاری
دەرێنن لە ڕەگ و ڕیشە
خوو و ڕەوشتی کوردەواری
نەتەوە و خانەدانی کورد
دەرکەن لە هۆبە و هەواری
برای ئیسلامیی خەباتکار
حەز ئەکەم بۆم بکەی زاری
براکانی ستەملێکراو
برای هەمیشە و یەکجاری
دەستم دامانی غیرەتت
نەگری شوێنپێی ئیستعماری
مافی کوردت لە بیر نەچێ
یادت بێ وەک یادگاری
نەکەی برات فەرامۆش کەی
لە بیری کەی هاریکاری
رۆژی ڕزگاریی نزیکە
هەڵدێ لە ئاسۆگی ژینم
وا لە دڵما...
وا لە دڵما بەڵام نایڵێم
نەوەک سەرتاپا بسووتێم
ئەی نیشتمانی ئازیزم
بە قوربانت بێ سەرتاپێم
ببمە قەقنەس لە پێناوت
ببی بە هەوارگەی ژینم
ئەترسم کوردستانی جوان
مەرگ لە ناکاو بێتە ڕێم
زەمان مۆڵەتم پێ نەدات
لاوکت بە کوردی بۆ بڵێم
وا لە دڵما ئەی کوردستان
لاوەکانت بخرۆشێنم
وا لە دڵما ئەی کوردستان
لاوەکانت بخرۆشێنم