پشتیوانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە داواکانی مانگرتووانی باکووری کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2012-11-02
بەمەبەستی ئازادکرانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان و پارێزگاریی لە زمانی دایک، زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە کە نزیک بە ٧٠٠ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کورد لە گرتووخانەکانی تورکیە و باکووری کوردستان مانیان لە خواردن گرتووە و ئێستا سڵامەتییان لە مەترسیدایە. لەکاتێکدا کە بارودۆخی مانگرتووان لە گرتووخانەکاندا بەرەو خراپی ڕۆیشتوە، مانگرتنەکە لە هەموو شارەکانی باکووری کوردستان و تەنانەت لە دەرەوەی کوردستانیش پەرەی ستاندوە و چالاکوانانی سیاسی و جەماوەریی خەڵکی کوردستانیشی گرتۆتەوە، کەچی تا ئێستاش دەوڵەتی تورک بێجگەلە داوای کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە، هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ داواکارییە ڕەواکانی مانگرتووان نەناوە و بە خەمساردییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.
ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، وێڕای پشتگیریی لە داواکانی مانگرتووان لە گرتووخانەکانی تورکیە و باکووری کوردستان، ئەم داویانە بە مافێکی سەرەتایی و ڕەوا دەزانین و لە دەوڵەتی تورکیە و وەزارەتی دادی ئەم وڵاتە داواکارین کە لەڕێی پەسندکردنی داوای مانگرتووان، بەرەو کۆتایی پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان هەنگاو بنێ و لەم ڕێیەوە بێجگەلە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ، پێش بە کارەساتی گیان لەدەستدانی بەکۆمەڵی مانگرتووان بگرێ.
سڵاو لە تێکۆشان و ئیرادەی خۆڕاگریی چالاکوانانی مانگرتووی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٢/٠٨/١٣٩١ی هەتاوی
٠٢/١١/٢٠١٢ی زایینی