با بە خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتیی پشتگیریی زیندانیانی مانگرتووی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بکەین
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2014-12-03
با بە خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتیی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیریی بەرخۆدانی زیندانیانی مانگرتووی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بکەین
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاریی مافی مرۆڤ
ماوەی دوو هەفتەیە ٢٩ کەس لە زیندانیانی کوردی بەندی ١٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ (زیندانی دەریا) بە ناڕەزایەتی بە هەڵوەشاندنەوەی بەندی تایبەت بە زیندانیانی سیاسیی و بەرزبوونەوەی ئاستی بێڕێزیی و ڕەفتارنزمیی کاربەدەستانی زیندان و پەرەپێدانی گوشار و سیاسەتی هەڵاواردن، دەستیان داوەتە مانگرتنی خواردن و ڕەوشی تەندروستی ژمارەیەک لەو مانگرتوانە لە دۆخێکی هەستیاردایە.
سەرەڕای گوشار و هەڕەشەی کاربەدەستانی زیندان، مانگرتنی زیندانیانی سیاسی بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ ئەوا دوو هەفتەیە بە ورەیەکی بەرزەوە بەردەوامە و بەردەوامیش لەگەڵ پشگیریی و هاوپشتیی زیندانیانی سیاسیی کورد و ئێرانی ڕوبەڕوو دەبێت. تا ئێستا زیندانیانی سیاسی ژنی زیندانی ورمێ، زیندانیانی سیاسی بەندیخانەکانی سنە و ڕەجایی شاری کەرەج و زاهیدان و تەواوی زیندانیانی سیاسیی دورخراوەی کورد لە زیندانەکانی باشووری ئێران، بە فەرمی پشتگیریی خۆیان بۆ مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی بەندیخانەی ورمێ ڕاگەیاندووە.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کاربەدەستانی زیندانی ورمێ نەک تا ئێستا وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی زیندانیانیان نەداوەتەوە، بەڵکو هێزی چەکداری تایبەتیان هێناوەتە سەریان و هەڕەشەی لەسێدارەدانی ئەو ١٠ زیندانیە سیاسیە کوردەیان کردووە کە لە زیندانی ورمێ ماوەیەکە بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.
زیندانیانی مانگرتووی بەندیخانەی ورمێ چاوەڕێ هەڵمەتی دەستبەجێ و قارەمانانەی خەڵکی کوردستانی شۆڕش و بەرخۆدانن. هەموو زیندانیانی سیاسیی کوردستانیی چاوەڕێی هەڵمەتی هاوپشتیی ئێوەیی تێکۆشەرن، ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە سەدا ٤٠ ی زیندانیانی سیاسی ئێران کوردن.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان داوا لە کۆمەڵەنی خەڵکی کوردستان دەکات بە کردەوە هاوپشتیی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو بکەن و بە مانگرتنێکی سەرتاسەریی کوردستانیی نیشانی دوژمنی بدەن کە زیندانیانی سیاسیی تەنیا نین و خەڵکی کوردستان قەدری خەبات و تێکۆشانی ئەوانیان لەسەر چاوە و خۆیان بە هاوسەنگەری ڕۆڵە زیندانیەکانیان دەزانن.
هاوکات داوا لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین کە لە ئاستی جیهانییدا تەوژم بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی سێدارە بۆ ڕاگرتنی ئەو ماشێنی کوشت و بڕو زیندان و شکنجەیەی لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا چالاکتری کردۆتەوە.
سڵاو لە بەرخۆدان و خۆراگریی زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو
بژی هاوخەباتیی خەڵکی کوردستان و ئێران بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامیی سێدارە
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
۱۲ی خەرمانانی ۱۳۹۳
۳ دیسامبری ۲۰۱۴