بڕیارنامەی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
25-11-2014

بڕیارنامەی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان

ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستان

لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەمدا هێشتا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی تەنانەت لە دێموکراتیکترین وڵاتانیش دوورە لە یەکسانیی و دادپەروەرییەکی ڕاستەقینە و هێشتا مافەکانی مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕەگەز و چین و نەتەوە و ڕەنگی پێست و ... سنووردار و پێشێل دەکرێن.

ژنان ئەو بەشە زۆرەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین کە تا ئێستاش بە بیانوی ژنبوونیانەوە و بەپێی یاسا و دابونەریتە کۆن و تازەکانەوە چەندسەرە دەچەوسێنەوە. ژنان لە قوربانیانی سەرەکیی کۆمەڵگەی پیاوسالارانەن و بێمافیەکانی ئەوان لە نانبڕین و بێکارکردن و بێمافی تر تێپەڕیوە و تەنانەت لە دێموکراتیکترین وڵاتانیش بەشێوەی جۆراوجۆر دەبنە قوربانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزیی سەرمایەداریی.

ئەمڕۆکە توندوتیژیی فیزیکی و دەروونیی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی جیهانییە و شێوەی هەرە زەق و قێزەونی چەوساندنەوەی ژنانە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەری وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژیە ڕاگەیاندووە کە ڕۆژانە دژ بە ژنان دەکرێت. پێویستە یەکسانییخوازانی ژن و پیاو لە ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەردا بە شێوەی جۆراوجۆر چالاکیی و بەرخۆدانی خۆیان چڕتر بکەنەوە لە دژی ژنئازاریی و توندوتیژیی دەنگ هەڵبڕن. بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی و هەموو ئەو تاوانکاریانەی ڕۆژانە دژی ژنان دەکرێن، پەروەردەی یەکسانییخوازانە و مرۆڤدۆستانە و کاری ڕێکخراو و بەردەوام گرنگیەکی تایبەتیین هەیە.

ئاشکرایە کە بەشێک لە چەوسانەوەی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ فەرهەنگی پیاوسالارانە کە ڕیشەی لە فەرهەنگێکی کۆن و داڕزیودایە و ئەمڕۆکە لەلایەن قەڵەمبەدەستان و مامۆستایانی ڕەوتە کۆنەپەرستە دەستەڕاستیەکانەوە تیۆریزەدەکرێت و پەرەی پێ دەدرێت. دەردی ژنبوون گشگیرترین شێوەی چەوسانەوەی ژنانە و پاساوێکی کۆنەپەرستانە و نامرۆڤانەیە بۆ بە ئاسایی نیشاندانی چەوساندنەوەی ژنان. نەزانیی و دواکەوتوویی فەرهەنگیی و نەبوونی پەروەردە و سیستەمێکی یەکسانییخوازانە کارێکی وای کردووە، کە ژیانی ژنان و شکۆ و کەسایەتی و ناسنامەی ژنان هەر لە هەڕەتی منداڵییەوە تێکبشکێندرێت. لە خانەوادە و ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە و لە ڕێگەی مێدیاشەوە کچ وا فێردەکرێت، کە خۆی لە کوڕ بە کەمتر بزانێت تا بەمجۆرە لای پیاو و ژنیش فەرهەنگێک جێ بکەوێت، کە چەوساندنەوە و بە کەمگرتنی ژن و پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی بە ئاسایی بزانرێت.

لە وڵاتانی ئیسلامیی مافی هاوسەرگیریی ئازادانە، مافی سەرپەرشتیی مناڵ و مافی جیابوونەوە و مافی یەکسان لە وەرگرتنی میرات و مافی شاهیدی و دەیان مافی سەرەتایی تر لە مرۆڤی ژن زەوتکراوە و تەنانەت بە ئاشکراش پیاوان هاندەدرێن لە دژی ژن و مێینەکانی تری خانەوادە توندوتیژی فیزیکیش بەکار بێنن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی تری ئیسلامی بە کردەوە و بە یاسا ئاینیەکانیان ژیانیان لە ژنان تاڵ کردووە و بوونەتە هۆی پێشلکاریی مافی مرۆڤی ژن و تراژیدیایەکی مرۆیی گەورەیان لە وڵاتەکانیان هێناوەتە ئاراوە. ڕێکخراوە ئیسلامیی ـ ترۆریستیەکانی وەک تاڵەبان و بۆکۆ حەرام و ئەلشەباب و قاعیدە و داعش و ... لە داسەپاندنی ژیانێکی کۆیلەئاسا بە سەر ژناندا هیچیان تێدا نەهێشتۆتەوە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ئاستی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیشدا خۆی بە هاوسەنگەری هەموو یەکسانییخوازان و ژنانی ستەمدیدە دەزانێت و بۆ ڕزگاری ژنان لە کۆتوبەندە کولتووریی و یاسایی و ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکان تێدەکۆشێت و داوا لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخوازی کوردستان دەکات لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا بەرخۆدانی هاوبەشی خۆیان لە دژی نایەکسانیی و بۆ بنبڕکردنی توندوتیژیی و بۆ ڕزگاری هومانیستیی و یەکسانییخوازانەی ژنان چڕتر بکەنەوە.

لێرەشەوە سڵاوی شۆڕش و یەکسانییمان هەیە بۆ شەڕڤانانی ژن و پیاوی بەرەکانی جەنگی ڕۆژاوای وڵات بۆ ئەو بەرخۆدانەی لەپێناو پاراستنی کوردستان و یەکسانییدا دەیکەن و بۆ پەسەندکردنی یاسا یەکسانییخوازانەکەشیان.

ڕێکخراوەکانی ژنان، لایەنە یەکسانیخواز و دێموکراتیکەکانی کوردستان

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان بۆ یەکسانی ڕاستەقینەی مافەکانی ژن و پیاو تێدەکۆشین و لەم پێناوەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە بە لانیکەمی مافە سەرەتاییەکانی ژنان دەزانین و بوونی جاڕنامەیەکی تایبەت بە پرسی ژن لە ئاستی کوردستاندا بە پێویستیەکی هەنووکەیی دەزانین. جاڕنامەیەکی هاوبەش و هەمەلایەنە کە سەرەکییترین ماف و داخوازییەکانی ژنان بگرێتە خۆی:

ـ مافی خۆشەویستیی بە سەربەستیی و مافی هەڵبژاردنی ئازادانەی هاوسەر

ـ هەڵوەشاندنەوەی یاسای چەندهاوسەریی و قەدەغەکردنی فرەژنیی

ـ قەدەغەکردنی شیربایی و تالۆق و هەموو جۆرە مامەڵەیەک کە بە ژنانەوە بکرێت

ـ مافی بڕیاردان لەسەر جیابوونەوە و سەرپەرشتی منداڵ و مافی دامەزراندنەوەی ژیانێکی نوێ

ـ قەدەغەکردنی دەرکردنی کرێکاران و کارمەندانی دووگیان بە بیانووی دووگیانییەوە

ـ قەدەغەکردنی کاری قورس و ترسناک بۆ ژنانی دووگیان

ـ مافی بەهرەمەندبوون لە پشووی دایکانە (٢ مانگ پێش منداڵبوون) بەبێ کەمبوونەوەی موچە

ـ دابینکردنی یارمەتیی ئابووریی بۆ ئەو دایکانەی لە ماڵەوە منداڵەکانیان بەخێو دەکەن

ـ مافی بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سەردەمی دووگیانیی، کاتی منداڵبوون و چاوەدێریی پزیشکیی دوای منداڵبوون

ـ مافی خوێندن لە هەموو بوارەکانی زانست و لە هەموو ئاستەکانی خوێندن و پەروەردەدا

ـ مافی ئازادانەی هەڵبژاردنی پیشە

ـ بەهرەمەند بوون لە موچەی یەکسان لە بەرامبەر کاری هاوشێوە

ـ بەهرەمەندبوون لە مافی سەربەخۆیی ئابووریی

ـ بەهرەمەندبوون لە مافی خاوەندارێتیی و میراتی یەکسان

ـ دابینکردنی بیمەی بێکاریی بۆ ژنانی بێکار

ـ مافی گەشتکردنی سەربەخۆ و دیاریکردنی شوێنی ژیانی خۆ

ـ مافی ماڵدانان و بەتەنهایی ژیان

ـ مافی خاوەن بڕیار بوون لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی خانەوادە

ـ مافی پۆششی ئازادانە و قەدەغەکردنی هەموو جۆرە پۆششێکی زۆرەملیی

ـ مافی بەشدارییکردن لە هەموو بوارەکانی وەرزش

ـ مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ هەموو بەرپرسیاریەتیەکانی کۆمەڵگا

ـ قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی بۆ گەنجانی ژێر ١٨ ساڵ

ـ قەدەغەکردنی چەوتبێژیی و ژنئازاریی بە بیانووی بانگەشە بۆ ئایین.

ــ قەدەغەکردنی پەرەپێدانی بیری نایەکسانیی و فەرهەنگی پیاوسالارانە لە پەڕتووکەکانی خوێندن و لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەدا

ــ قەدەغەکردنی هەموو جۆرە هەڵاواردن و جیاکردنەوەیەکی ژنان و پیاوان لە شوێنی کار و خوێندگەکان

ــ قەدەغەکردنی خەتەنەی ژنان و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی و دەروونییان

ـ بەهرەمەندبوونی ژنان و دایکانی پەناخواز و کۆچکردوو لە هەموو ئەو مافانەی بە ژنان و پیاوان ڕەوا دەبینرێن

ــ مافی ڕێکخراوبوون لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەی تردا

نا بۆ نایەکسانیی و توندوتیژیی و توندوتیژیی دژ بە ژنان

شەکاوە بێت ئاڵای خەبات بۆ یەکسانیی مافی ژن و پیاو!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤