بەرز و بەڕێز بێت ٦٩ یەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2015-01-21
خەڵکی ڕزگاریخواز و یەکسانیخوازی کوردستان
٦٩ ساڵ لەمەوبەر لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ ی هەتاوی (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦) بە ڕابەرایەتی قازی مەحەممەد پێشەوای وردبین و بوێر و نەمری کوردستان، کۆماری کوردستان لە مەهابادی شۆڕشدا ڕاگەیەندرا و ئاڵای کوردستان خرایە شوێن ئاڵای ڕژیمی داگیرکەری ئێران.
کۆماری کوردستان هەرچەندە لە سەردەمی دەرەبەگایەتیی و لە ناوچەیەکی بچووکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دامەزراو دوای ١١ مانگ کاری پڕاوپڕ و بەسوود، لەگەڵ کۆماری دێموکراتیکی ئازربایجانی دراوسێ شەڵاڵی خوێن کرا و تەمەنە کورت و پڕ لە شانازییەکەی بە تراژیدیا کۆتایی پێ هات، بەڵام تا ئەمڕۆش چرایەکی ئومێدە و سەرتاسەری کوردستان ڕۆشن دەکاتەوە.
هەرچەندە کۆمار بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکیی نەیتووانی بەردەوام بێت، بەڵام لە ماوەی ١١ مانگدا تووانی بۆ وەچەکانی داهاتوو ڕێشاندەر و ڕچەشکێن بێت و گەلێک کاری بەنرخی مێژوویی بکات کە تا ئەمڕۆش دەتووانن ڕوگەنمای شۆڕش و بەرخۆدانی کوردستانیان بن بەرەو ئاسۆی سەربەخۆیی و ئازادیی و یەکسانیی.
ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی ڕژیمی پاشایەتیی ڕوخا و گەلی کورد بواری ئەوەی بۆ ڕەخسا کە کۆماری کوردستان ببووژێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە، ٣٣ ساڵ دوای ڕوخانی کۆمار، زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی ئەوسای کوردستان بەجێی درێژەدانی ڕێبازی سەربەخۆییخوازانەی کۆمار، دروشمی خودموختاریخوازییان بەرزکردەوە و ناسنامەی ئێرانییان خستە شوێن ناسنامەی کوردستانیی و لە سەردەمێکی شۆڕشگێڕانەی لەباردا، خەبات بۆ سەربەخۆییان خستە پشت گوێ.
ئێستاش لە کاتێکدا کە جێگەوڕێگەی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بەهێز بووە و گڵۆڵەی هەندێک لە داگیرکەران کەوتۆتە لێژیی، زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە نین داوای سەربەخۆیی کوردستان بکەن. یەکێک فدراڵیزمی دەوێت، ئەوی تر خۆسەریی دێموکراتیک و یەکێکی تریش مافی چارەی خۆنووسین، بەڵام ئەمڕۆ دەنگ بە سەربەخۆیی نادات!
کوردستانیانی هێژا
ئەمڕۆ ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو بوارێکەوە زۆر دژوارە. لەلایەکەوە پارسەنگی هێز بە قازانجی ڕژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامییە و لە لایەکی تریشەوە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان نە سەربەخۆییان لە بەرنامەدایە و نە خاوەن ڕێکخراوێکی تۆکمە و چالاکن و نە بە کردەوەش هەوڵی پێکهێنانی کۆنگرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدەن.
لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشدا زەبروزەنگی سیستماتیک و لەمێژساڵەی کۆماری ئیسلامیی کاری خۆی کردووە و پرژوبڵاوی لایەنە کوردستانیەکانیش ئەوەندەی تر ئاریشەکانی زیاد کردووە.
بۆ کۆتاییهێنان بەم ڕەوشە نالەبارە، کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆنگرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێت. کۆنگرەیەک کە بتووانێ بۆ ئەمڕۆ و سبەینێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرنامەڕێژیی بکات و لە ئاستی هەموو کوردستان و ناودەوڵەتیشدا نوێنەرایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات. کاتی ئەوە هاتووە هەموولایەک بە کردەوە بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاو بنێین.
ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازی کوردستان
سەرەڕای هەموو کەمووکووڕیەکان، سەرەڕای کزی ئاگری شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای نەبوونی خەونی سەربەخۆییخوازیی ڕابەرایەتیی زۆربەی لایەنەکانی کوردستان، جێی خۆشحاڵییە کە لە ناو خەڵک و ئەندامان و پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤاناندا، ئومێدی سەربەخۆیی کوردستان هێشتا هەر زیندووە و لە گرشە نەکەوتووە.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە شانازییەوە مەشخەڵی سەربەخۆییخوازیی کۆماری کوردستان بەرز ڕادەگرێت و بۆ دامەزراندنی کۆماری یەکسانیی کوردستان تێدەکۆشێت.
بژی یەکێتیی و یەکڕیزیی یەکهەڵوێستیی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دژی داگیرکەران
دابمەزرێ کۆماری یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢ی ڕێبەندانی ٢٧١٤
22/01/2015ی زایینی